بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

پیشەسازیی لە كۆندا، بەشی دووەم


یانزەهەم: بەرگدووریی

لە هەمان كاتی پیشە و كارگەكانی سلێمانی، پیشەی بەرگدووریی یەكێكی تر بووە  لە پیشەكانی هەندێك لە پیاوان و ژنانی سلێمانی، مێژووی دۆزینەوەی ئەو پیشەیەش بەشێوەیەكی سەرەتایی دەگەڕێتەوە بۆ چوار ملیۆن ساڵ پێش ئێستا، چونكە قۆناغ دوای قۆناغ مرۆڤ زیاتر پێویستی بە جلوبەرگ بووە بۆ خۆپاراستن و خۆداپۆشین، لە كوردستانیش بەهۆی هێنانی هەندێك لە قوماش لە وڵاتانی دراوسێوە لەلایەن بازرگانەكانەوە بۆ سلێمانی، كۆمەڵێك جلوبەرگ دروستكراون، بەڵام ئەو بازرگانیكردنە كەم بووە، بۆیە زیاتر پشتیان بە بەرهەمی ناوخۆیی لە خوری و  كەتان ‌و موو بەستووە، ئەویش خۆی بینیوەتەوە لە دروستكردنی جلی كوردیی پیاوان و ژنان وەك شاڵ و جۆخە و پشتێن و مشكی و جامانە و كڵاو بۆ پیاوان، كراسی كوردی و كڵاو و سەڵتە و كەوا بۆ ژنان دروستكراون.

هونەر و پیشەی بەرگدووریی كەسانی شارەزا و بە سەلیقە پێی هەستاون و ئەوان كاریان دوورین و پینەكردن و چاككردنەوەی جلوبەرگ بووە بۆ كڕیارەكانیان كە سەرەتا لە ناو ماڵەكانەوە دەستیان پێكردووە تا وای لێهاتووە لە سەرجەم كوچە و كۆڵانەكان و ناوبازاڕەكان دوكانی بەرگدووریی كراونەتەوە.

پیشەی بەرگدوورین بە پیشەیەكی گرنگ دادەنرێ و هەندێكجار پشتاو پشت لەناو خێزانەكاندا گواستراوەتەوە، هەر ئەوەش وایكردووە كۆمەڵێك لە ئەندامانی خێزانەكان بە بەرگدوور یان خەیات ناو دەربكەن، ئەوان بە دەستڕەنگینیی خۆیان و بیرۆكەی هونەری، بە كارەكەیان گۆڕانكارییان لە شێوازەكانی جلوبەرگ دووریندا كردووە.

دواتر ئەو پیشەیە گرنگیی زیاتری  پێدراوە و تا گەیشتووەتە ئەوەی كارگەیەك بەناوی كارگەی جلوبەرگی سلێمانی (ئەلبیسەكە) دابمەزرێ، بۆ زیاتر بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی بەرهەمەكانی بۆ ناوەوە و دەرەوەی وڵات، بەتایبەت بۆ وڵاتانی دراوسێ، بەكردنەوەی ئەو كارگەیەش هەلی كاری زیاتر لە سلێمانی ڕەخساوە.

 

دوانزدەهەم: تەنەكەچییەتی

مێژووی دۆزینەوە و كار بە پلێت و تەنەكە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی سیانزدەهەمی زایین، چونكە مادەی خاوی تەنەكە هەمان مادەی ئاسن و مسە، بەڵام بەشێوەی تەنكتر دەخرێتە بازاڕەوە بۆ ئەوەی بۆ كاركردن ئاسانتربێ و لە بازاڕیش نرخی هەرزانتربێ، سەبارەت بە بەكارهێنانی تەنەكە لە هەرێمی كوردستان ‌و بەتایبەت لە شاری سلێمانی، لەگەڵ ئاوەدانكردنەوە و بنیاتنانی شارەكەدا، پیشەی تەنەكەچییەتیش سەریهەڵداوە و بووە بە پیشەی هەندێك لە پیاوانی بابانییەكان و دواتریش گواستراوەتەوە بۆ نەوەكانیان.

تەنەكەچییەكان لە سەرەتادا مادەی خاویان دەست كەوتووە یاخود هاوردەیان كردوە، دواتر لە ڕێگای گەرمكردن و پاككردنەوەی لە مادە زیانبەخشەكان و زبرەكان مادەكە دەست كەوتووە، دواتریش لە قاڵب گیراوە و تەبەقەی تەنەكەی لێ دروستكراوە، بە بیرە هونەریی و پیشەییەكانی وەستاكان، چەندین پێداویستییان لێ بەرهەمهێناوە وەكو (كەندووی ئارد، تەنكیی ئاو، سەتڵ، مەسینە، كۆلی ئاوخواردنەوەی ئاژەڵ، تەشت، سۆپای دار، هەواكێش، مقەڵی، مقاش، ئاگردان ‌و چەندین شتی دیكە).

پیشەی تەنەكەچییەتی پشتاو پشت هاتووە و گرنگیی خۆی لە دەست نەداوە، بەڵام بەهۆی هێنانی بەرهەمی دەرەكی، فرۆشی كەم بووە، ئەوەش وای لە وەستا  ‌و شارەزایانی ئەو بوارە كردووە گۆڕانكاریی لە جۆری بەرهەم و كوالێتییەكەیدا بكەن.