كارەكانی نۆژەنكردنەوەی تونێلی دەربەندیخان بەرەو كۆتایی دەچن و بەرپرسێكی رێگاوبانی سلێمانیش دەڵێت: هەفتەی داهاتوو تونێلەكە بەڕووی شۆفێر و بارهەڵگرەكاندا دەكرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگاوبان و ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی سلێمانی بڵاویكردەوە، هەنگاوەكانی نۆژەنكردنەوەی تونێلی دەربەندیخان لە كۆتایی نزیكبووەتەوە و لە ئایندەیەكی نزیكدا دەكرێتەوە .
بەهۆی كاری نۆژەنكردنەوەوە ماوەی دوو مانگە تونێلی دەربەندیخان داخراوە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی (187) ملیۆن و (828) هەزار دیناری بۆ تەرخان كردووە و رۆژی 2/10/2022 كاركردن لە پرۆژەكەدا دەستی پێكرد و ماوەی زیاتر لە دوو مانگە كاری بەردەوامی تێدا دەكرێت.
فوئاد حەمەباقی بەڕێوەبەری راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگاوبان و ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی سلێمانی بە وێبسایتی پارێزگای راگەیاند: بڕیاربوو كۆتایی ئەم هەفتەیە تونێلی دەربەندیخان بەڕووی شۆفێران و هاووڵاتیاندا بكرێتەوە، بەڵام پرۆسەكە بۆ هەفتەی داهاتوو دواكەوتووە.
وتیشی: كارەكان بەكۆتا هاتوون و تونێلەكە بە شێوەیەكی مۆدێرن نۆژەنكراوەتەوە، كە رەچاوی سەلامەتیی هاتووچۆ و روناككەرەوەی تێدا كراوە.
بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن و نوێترین هەواڵ و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:
https://twitter.com/SlemaniGov
https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/
https://www.facebook.com/slemanigov/