شەوی یەڵدا كە درێژترین شەو و كورترین رۆژی ساڵە، لە ڕووە زانستییەكەیەوە كاتێك ڕوودەدات كە خۆر دەكەوێتە گەورەترین خاڵی سەر هێڵی ناوەڕاستی زەوی، میللەتانیش هەر یەكە و بەشێوەیەك ئەو شەوە بەڕێدەكەن، خواردن و چالاكیی و فێستیڤاڵ و كۆبوونەوەی كەسوكار و هاوڕێیان لە تایبەتمەندییەكانی ئەو شەوەن.
یەڵدا بە مانای لەدایكبوون:
بەپێی رۆژژمێری زایینی شەوی یەڵدا هەڵگەڕانەوەی زستانە لە نیوەی باكوری گۆی زەوی، لە نێوان 20 بۆ 23ی كانونی یەكەمی هەموو ساڵیك، لە نیوەكەی باشوریش لە نێوان 20 بۆ 23ی حوزەیران روودەدات.
شەوی یەڵدا وشەیەكی سریانییە بەمانای لەدایكبوون دێت، كە مەبەستیش لێی لەدایكبوونی خۆرە، دوو چلە هەیە لە وەرزەكانی ساڵدا، یەكێكیان چلەی هاوین كە لە مانگی پوشپەڕەوە دەستپێدەكات، ئەویتریشیان لە یەكەم رۆژی زستان لە سەرەتای مانگی بەفرانبارەوە دەبێت.
لە ناو نەتەوەكانی وەكو ئارییەكان و هیندییەكان و ئەوروپییەكان و ئێرانی كۆندا، یەكەم شەوی زستان كە بەشەوی یەڵدا ناسراوە، بەمانای سەركەوتنی ئاهورمەزدا بەسەر ئەهەریمەندا دێت، واتە سەركەوتنی رووناكی بەسەر تاریكیدا.
خواردنەكانی شەوی یەڵدا:
لە شەوی یەڵدادا هەر ناوچەیەك و هەر پێكهاتەیەك شێوازی خواردنیان جیاوازە، لەوانە: جولەكەكان لەو شەوەدا جەژنێكیان هەیە كە بەجەژنی درەخت ناسراوە، مۆم دادەگیرسێنن و دەست بە نزا و پاڕانەوە دەكەن، لەلای كوردیش ئەو شەوە بەجیاوازتر ناو دەبرێت، لە ناو كورددا بەشەوی یەڵدا دەوترێت (شەوی شەو یاخود چلەی شەو) كە كەسوكار و خزم و هاوڕێ كۆدەبنەوە و كاتێكی خۆش بەسەردەبەن، ئەو شەوە لە ناوچەی موكریان كەسوكار لە دەوری یەكتری كۆدەبنەوە و بۆڵەترێ كە لە مانگی كۆتایی هاویندا بەپەت هەڵدەگیرێت وشك دەكرێتەوە، بۆ ئەوەی لەو شەوەدا بخورێت، هەروەها هەر لەو شەوەدا كاسە و دراوسێیەتی دەكرێت لە نێوان خۆیاندا، كە دراوسێیەكان خواردن بۆ یەكتری دەنێرن، لە ناوچەی سنەش لە كۆتایی هاویندا كاڵەكێك هەڵدەگیرێت كە پێی دەوترێت (كاڵەكە ترشە)، دەخرێتە ناو سركەوە و لەو شەوەدا لەگەڵ یاپراخی باینجان و بینەری سوور دەخورێ، هەر لە شەوی یەڵدادا زیاتر شوتی و هەنار و هەرمێ دەخورێت، خواردنی شوتیش بەو مانایەیە، كە ماڵئاواییكردنە لە وەرزی گەرما و پێشوازیكردنشە لە وەرزی سەرما.
شەوی یەڵدا كۆتا شەوی پاییزە، لەگەڵ یەكەم ڕۆژی زستان یەكدەگرن، شەوی یەڵدا یاخود (شەوی چلە) مێژوویەكی كۆن و چەند هەزار ساڵەی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ (ئیزەدی میهر) سەردەمی میتراپەرستی، كە بەر لە زەردەشت بووە و یەكێكە لە كۆنترین جەژنەكانی كوردان و میللەتانی دیكە و تا ئێستاش ئەو جەژنە بەڕێوەدەچێت، شەوی یەڵدا بە چلەی گەورەش ناودەبرێت، واتە دوایین ڕۆژی پاییز كە دەكاتە (30) سەرماوەز، بەدرێژترین شەوی ساڵ دادەنرێت و ناونراوە شەوی یەڵدا و میلـلەتانیش هەر یەكە و بەشێوەیەك ئەو شەوە بەڕێدەكەن، خواردن و چالاكی و فێستیڤاڵ و كۆبوونەوەی كەسوكار و هاوڕێیان، لە تایبەتمەندییەكانی ئەو شەوەن، لە كوردستانیش بەهەمان شێوە شەوەكە بەرز ڕادەگیرێت و چەند چالاكییەك ئەنجامدەدرێن.
مەراسیمی شەوی یەڵدا
شەوی یەڵدا لە نێو گەلانی جیهاندا تایبەتمەندیی خۆی هەیە و هەر وڵاتێك لەو شەوەدا بەپێی دابونەریتەكان ئاهەنگ و فێستیڤاڵ رێكدەخەن.
لە ژاپۆن لە سەدەی حەوتەمی زایینیدا بەدەركەوتنی خواوەندی خۆر (تامیتراسۆ) لە ئەشكەوتێكدا یادی ئەو شەوە كراوەتەوە، لە هەندێك شوێنی دیكەی ژاپۆنیش بە لێنانی خواردن ئەو شەوە بەڕێدەكرێت.
چین یەكێكی دیكەیە لەو وڵاتانەی كە لەو شەوەدا خێزانە چینییەكان ژەمە خۆراكی تانگیوان دەخۆن كە لە پێكهاتەكەی برنجە، بەمانای یەكگرتوویی خێزانەكان دێت، ئەمە وێڕای ئەنجامدانی ئاهەنگ و چەندین فێستیڤاڵی جۆراوجۆر.
درێژترین شەوی یەڵدا لە كوێیە؟
درێژترین شەوی ساڵ لە وڵاتی فیلەندایە، كە ماوەكەی 18 سەعات و 22 خولەكە، دوای ئەویش نەرویژ دێت كە 18 سەعات و 9 خولەكە، سویدش لە پلەی سێیەمدا دێت كە 17 سەعات و 54 خولەكە، هەروەها درێژترین شەو لە هەرێمی كوردستاندا 17 سەعات و 14 خولەك دەبێ.
یەكێكی دیكە لە تایبەتمەندییەكانی شەوی یەڵدا ئەوەیە، كە بووەتە جێگەی سەرنج و ئیلهامی شاعیر و هۆنەران و ئەدیب و نوسەر و هونەرمەندان و بە چەندین شێوازی جۆراوجۆر گوزارشتیان لەو شەوە كردووە، بەشێوەیەك كە شاعیری گەورەی كورد نالی لەبارەیەوە دەڵێت:
شەوی یەڵدایە یا دەیجوورە ئەمشەو
كە دیدەم دوور لەتۆ بێ نوورە ئەمشەو
بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن و نوێترین هەواڵ و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:
https://twitter.com/SlemaniGov
https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/
https://www.facebook.com/slemanigov/