بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

پارێزگار پەیامێكی گرنگ بڵاودەكاتەوە


پارێزگاری سلێمانی بە بۆنەی هاتنی وەرزی بەهار و نەورۆزەوە، پەیامێك بڵاودەكاتەوە و داوای یەكخستنی ئیرادەی نیشتمانی دەكات و دەڵێت: ئەگەر پێش ئاگری نەورۆز، ئاگر لە ناكۆكییەكانتان بەرنەدەن، ئەوا ناكۆكیی ناڕەوا ئاگر لە هەموو ڕەوایەتییەك بەردەدات.
ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەی د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانییە:

پەیامێك بۆ یەكخستنی ئیرادەی نیشتمانیی
     بۆ هەموو كوردو كوردستاننشینان، لە هەر كوێیەكی دنیا هەن..
     هۆكاری سەرەكیی بێسەریی و بێئیرادەیی و بێدەوڵەتیی و تەواوی نەهامەتیی و كەوتن و شكست و پاشەكشەو لەتبونمان؛ ناكۆكییە ناڕەواكانمانن، قبوڵكردنی هەموو ئەوای ترە بە دوژمنەكانیشمانەوە؛ جگە لە خۆمان، لە دوای تۆفانەوە بۆ لە دەستدانی نێوان دەریای قەزوین و دەریای ڕەش، بۆ مادو بۆ چاڵدێران و بۆ ناوبەرداشی ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان و شەڕی میرەكان و شەڕی براكان و بۆ ئەمڕۆ، بۆ شەڕی نێوان هەست و نەستمان، چ لە سەر ئاستی خود، چ لەسەر ئاستی تاك، چ لەسەر ئاستی كۆمەڵگاو دامەزراوە كۆمەڵایەتیی و سیاسیی و حیزبیی حكومیی و ئابوریی و ئارامیی و زانیاریی و دادوەریی و دبلۆماسییەكان؛ پەرت و كەرت و كەم و كورت و كووڕ بوین و؛ چاومان یەكتر نابینێت.
مێژومان ئەزموننەكردووەو هەزار گلان نەیكردوین بەسوار، نە سودمان لە شكستەكانمان بینیوە، نە توانیومانە سەركەوتنەكان بپارێزین.بەردەوام هەندێكمان دەبینە كلكی تەورو ئەوی ترمان دەبڕینەوە، شایی لایەكمان شینی ئەویترمان و كۆستی لایەكمان شادیی ئەویترمانە، خۆمان بێئەرزش و دوژمنانمان سەردار كردووە.
((ئەوانەی لە مێژووی ڕابردووی خۆیان بێئاگا دەمێننەوە، مەحكومن بەوەی؛ كە دووپاتی بكەنەوە))؛ ئێستا ئیتر، كاتی ئەوە درەنگبووە كە دەبێت بەئاگابێینەوە، دەسەڵات و داهات و فەخفەخەو فەنتازیاو لەزەت و شیرینیی و چەوریی دەسەڵاتدارێتیی؛ لەمەزیاتر فریومان نەدەن.
مانەوەو چارەنوسی كوردو كوردستان بە تەمەن و مانەوەو ژیانی كەسمانەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵام بەیەكەوە دەتوانین ئەمڕۆو ئایندەیەكی باشترو سەروەریی زیاتر بۆ خەڵك و خاك و نیشتمانەكەمان و خۆمان؛ زامنبكەین، تاوان و كارەسات و هەڵەو چەوت و چەوێڵییەكانی پێشوومان؛ ڕاستبكەینەوە، باری لاری سەرشانمان ڕێكبكەینەوە.
بە ناكۆكیشمان تەنها قەدەری ژیانێكی شایستەتر؛ دوردەخەینەوە.
بۆیە؛ ئەمڕۆ، بەر لە سبەی داوا لە هەموو تاك و دەستەو لایەنێكی ئەم كوردو كوردستانە، لە ناوەوەو دەرەوەی كوردستان، دەكەم: بەر لە نەورۆزی ئەمساڵ، بەگیانێكی لەخۆبوردووانەوە، بڕیاری قبوڵكردنی یەكتر بدەن، گرنگ نییە چی لە یەكتر قبوڵدەكەن، یاخود نایكەن، گرنگ ئەوەیە یەكتر قبوڵبكەن، یەكتر ئاشتبكەنەوەو ئیرادەی نیشتمانیمان بەهێزبكەنەوە، لە كەلەڕەقیی و سەركەشیی و سەرەڕۆیی و پەرتەوازەیی و جەمسەرگیریی؛ دور بكەونەوە.
خۆتان دەستی ئاشتەوایی بۆ یەكتر درێژبكەن، بۆ ئاشتیی پرس بە كەس مەكەن، تێبگەن لەوەی كەستان ناتوانن ئەویترتان خاپور بكەن.
ئیرادە و شكۆو مێژوو ڕەسەنایەتیی و قوربانیی و دەسكەوتەكانی كوردو كوردستانیان؛ لەمە وردوخاشتر مەكەن.
ئازابن، بەرپرسیارو جوامێر و دەستپێشخەرو لێبوردەو  بوێربن؛
پێش ئاگری نەورۆز، ئاگر لە ناكۆكییەكانتان بەردەن.
ئەگەرنا؛
ناكۆكییە ناڕەواكانتان؛ ئاگر لە هەموو ڕەوایەتییەك بەردەدات.
د. هەڤاڵ ئەبوبەكر
پارێزگاری سلێمانی

 


هه‌واڵی زیاتر

هه‌واڵه‌كان

ئه‌مڕۆ 240 ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندن ودروستبوونی شاری سلێمانیدا تێده‌په‌ڕێت
2024-11-14
پارێزگاری سلێمانی به‌شداری دیداری خوێندكارانی دێرینی زانكۆی سلێمانی كرد
2024-11-07
كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك وئه‌ندامانی لیژنه‌ی باڵای سه‌رژمێری سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو
2024-11-07
ماڵپەڕی فەرمیی ئەلیكترۆنی، بۆ بەشداربوون لەپرۆسەی سەرژمێریی گشتی كارا دەكرێت و دەتوانن لەسبەینێوە فۆڕم پڕبكەنەوە
2024-11-05
بەسەرپەرشتی پارێزگاری سلێمانی سیمینارێكی تایبەتی بەپرۆژەی كەلەپوور بەنەخشە ئەنجامدرا
2024-09-03
بەبەشداری پارێزگاری سلێمانی سیمپۆزیۆمێك تایبەت بەگرنگیی و رۆڵی پسپۆڕی رێنمایی پەروەردەیی بەڕێوەچوو
2024-09-03
سلێمانی” ئاماده‌كاری بۆ سه‌رژمێری گشتی دانیشتوان ده‌ستیپێكرد
2024-08-06
سەرۆکی حکومەت لەگەڵ به‌رپرسانی حكومی پارێزگای سلێمانی کۆبوویه‌وه‌
2024-07-01
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كانی پارێزگای سلێمانی خولی راهێنان بۆ ئەو هاووڵاتیانەی لەدەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە دەکاتەوە
2024-05-29
پارێزگاری سلێمانی بەشداریکرد لە مەراسیمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبی شێوازەکانی فێربوون
2024-05-06
پارێزگاری سلێمانی، پڕۆژەی وەبەرهێنانی مێگا هۆم ستۆری براندی بەناوبانگیی ئەمریکیی ئاشلی كرده‌وه‌
2024-05-06
126 ساڵ به‌سه‌ر ده‌رچوونی یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی كوردی تێده‌په‌ڕێت
2024-04-22
پارێزگاری سلێمانی پشتیوانیی بۆ هه‌ڵمه‌تی نیشتمانیی کوتان دژی سورێژە دووپاتده‌كاته‌وه‌
2024-04-16
پارێزگاری سلێمانی: هەموومان هاوکاربین لەوەی تاوان و هەڵەکان دووبارە نەبنەوە
2024-03-17