له‌كۆبونه‌وه‌ی وه‌رزی كه‌رتی كشتوكاڵ كه سێ مانگ جارێك ئه‌نجامده‌درێت به مه‌به‌ستی هه‌ڵسه‌نگاندنی كه‌رتی كشتوكاڵ و به‌روبومی ناوخۆ‌و پێداویستیه‌كانی هاوڵاتیان له سنوری پارێزگای سلێمانی هه‌روه‌ها ڕێك خستنی نرخی كه‌لوپه‌له‌كان به‌جۆرێك له‌به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیاندا بێت، ڕاگرتنی هاوسه‌نگی له نێوان به‌رهه‌می ناوخۆ‌و هاورده و پشتیوانیكردنی جوتیاران و هاندانیان.
ڕۆژی 20 ئه‌م مانگه به‌سه‌ر په‌رشتی (سه‌ردار قادر) پارێزگاری سلێمانی به‌وه‌كاله‌ت كۆبونه‌وه‌ی وه‌رزی كه‌رتی كشتوكاڵ به‌ڕێوه‌چو به به‌شداری لیژنه‌ی كشتوكاڵ له‌په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆپاراستنی ته‌ندروستی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڤێته‌رنه‌ری سلێمانی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ و په‌روێزخان كه‌ره‌نتینه‌كانی ڤێته‌رنه‌ری پارێزگای سلێمانی و ئاسایشی ئابوری و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاودێری بازرگانی و قائیمقامیه‌تی قه‌زای مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی و یه‌كێتی جوتیاران و سه‌ندیكای عه‌لوه‌ی سلێمانی و یه‌كێتی هاورده‌و نارده‌كارانی كوردستان و ژوری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كشتوكاڵی پاریزگای سلێمانی له‌ڕاپۆرتێكیدا تیشكی خسته سه‌ر پێداویستیه‌كان و توانای به‌رهه‌می ناو خۆیی له سنوری پارێزگاكه‌دا به‌جۆرێك كه پێداویستی سلێمانی ڕۆژانه به 600 تۆن سه‌وزه‌و 300 تۆن میوه هه‌یه توانراوه ڕێژه‌یه‌كی باش له‌و پێداویسته له ناوخۆدا به‌ر هه‌م بهێنرێت هاوكات باس له گرفته‌كانی كه‌رتی كشت‌وكال كرا له‌سنوره‌كه‌دا له‌ڕوی دابین كردنی مه‌وادی كیمیایی و ده‌رمانی دژی نه‌خۆشی و هه‌روه‌ها بازاڕكردنی به‌رهه‌مه‌كان.
هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا ئاماژه به هێنانی شه‌ش تۆن ڤاكسینی جۆری (ڤۆستۆكسین) كرا كه له‌حكومه‌تی عێراقیه‌وه ڕه‌وانه‌ی هه‌رێم كراوه ئاماژه به‌وه‌درا ئه‌و جۆره ده‌رمانه بۆ پاراستنی دانه‌وێله ده‌كرێته سایلۆكانه‌وه گونجاو نیه‌و زیانی ته‌ندروستی لێده‌كه‌وێته‌وه هه‌ر بۆیه پارێزگاری سلێمانی به‌هاوكاری وه‌زیری كشتوكاڵ بڕیاریدا ڕێگه نه‌درێت به هێنانه‌ناوه‌وه‌ی ئه‌و جۆره ڤاكسینه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش زاڵگه‌ی بانی مه‌قان ئاگادرار كرایه‌وه .