بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

پارێزگار پەیامێك بۆ دیداری لۆزان دەنێرێت


د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، بە بۆنەی دیداری لۆزان كە لە خۆرئاوای كوردستان بەڕێوەدەچێت، پەیامێك ئاراستەی رێكخەران و بەشداربوانی دیدارەكە دەكات، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەیە:

بەڕێزان سەرپەرشت و ڕێكخەرو ئامادەكارو بەشداربووانی دیداری لۆزان؛ (ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوو دۆزەكانی سەقامگیریی و ئاسایشی هەرێمایەتیی)
حەسەكە ٦-٧ی تەمموزی ٢٠٢٣
سەد ساڵ بەسەر پەیماننامەی لۆزاندا تێدەپەڕێت، پەیماننامەیەك كە نەتەوەی كوردی ڕاست و ڕەسەنی لەسەر خاكی خۆی پارچەپارچەو پەرتەوازەكردو، ناڕەوایانە كەرت و بەشیكردو كردیە تاكە نەتەوەی بێنیشتمانی دوای جەنگی جیهانیی یەكەم.
دوای سەد ساڵ، كورد نەك لە ناونەبراو، نەك خاكە بەشكراوەكانی لەدەستنەدا، بەڵكو ئەم پیلان و هەڕەشەو ئالنگارییە نێودەوڵەتییانەی گۆڕی بۆ پلان و هەستانەوەو دەرفەتی سەركەوتن، دوای ئەو مێژووە كە براوەكانی جەنگ خۆیان ئامادەییان لەسەر خاكی كوردستان و، هەژمونی تەواویان بەسەر وڵاتانی ناوچەكەو ناوچەكەوە هەبوو، بە هیممەت و خەبات و تێكۆشان و تێگەیشتنی ژیرانە؛ (لەگەڵ هەموو هەڵەو پەڵەو پەرتیی و دوبەرەكیی و ناكۆكیی و جەمسەرگیریی و پاكتاوو داگیركاریی و كۆمەڵكوژیی و شكست و كەوتنەكان و ناپابەندیی دۆستەكان و گۆڕینەوەی كورد بە نەوت و كەرەستەی خاوو بازاڕو بەرهەم و دەستی كارو بەسەنگكردنی بۆ پارسەنگی ئاینیی و مەزهەبیی و نەتەوەیی و جیوسیاسیی و جیوئابوریی و جیوئارامیی و زاڵكردنی هەژمونی دەوڵەتانی ناوچەكە)، بەڵام ئێستا كورد بەشدارێكی كاراو فاكتەرێكی سەرەكیی ئابوریی و ئاسایش و ئازادیی و شكێنەری پەیك و  پەیام و پەیكەرو پێكهاتەو تەلیسمی تۆقێنەری تیرۆریشە لەناوچەكەو جیهانیشدا، لەگەڵ هەموو تێبینیی و سەرنج و ڕەخنەكانیشماندا؛ لە باشور خاوەنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لە خۆرئاوا خاوەنی بەڕێوەبردنی خۆسەرو لە باكوردا بەشدارێكی كارای بەڕێوەبردن و ئابورییەو لە خۆرهەڵاتیشدا ڕابەری گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتیی و فەرهەنگییەكانەو ئامادەیی و كاریگەریی خۆی بەسەر بەشی زۆری كایەكانەوە بەجێهێشتووە، كوردانی تاراوگەو ڕەوەندی كوردیی بەسەر هەموو پانتایی جوگرافیای جیهاندا بڵاوبونەتەوەو ڕۆڵ و كاریگەریی شایستەیان بەتەواوی نەخشیگرتووە.
سەردەمی لۆزان سەردەمی هاوكێشەی جیهان بەبێ كورد بوو، ڕەسەنایەتیی كوردو قوڵایی مێژویی و شارستانییەتی كوردستان و ئامادەیی و بەشداریی و مرۆڤویستیی و خەباتی ڕەوای سەد ساڵی ڕابردو؛ ئەم هاوكێشەی گۆڕی بە كورد لە هەموو جیهاندا، بە دنیای ناوەوەو دەرەوەی سەلماند؛ كە جیهانێك بێ كورد نییە.
ڕوداوو ئەزمونەكانی ڕابردو ئەو ڕاستییەی بە هەموو ناوچەكەو جیهان سەلماندووە كە هیچ دەوڵەتێك ناتوانێت بە چەك، بە زۆر، بەهێز؛ كورد لە ناوبەرێت، گرنگە ئێمەش گەیشتبێتینە ئەو ڕاستییەی كە ناتوانین هەموو مافەكانمان تەنها بەچەك بەدەستبێنین.
جیهان بەرەو سەد ساڵی نوێ هەنگاو دەنێت، كە ئەمجارە جیا لە لۆزان، وڵاتانی ناوچەكە نەخش و تانوپۆی نەخشەی ناوچەكە دادەڕێژنەوە، ئەركی هەموو لایەن و لایەكە، بەم دیدارو كۆنگرانەشەوە؛ ڕەسەنانەو وریایانەو ئاگایانەو هۆشیارانەو لۆژیكیانەو واقیعبینانە، لەسەر بنەمای دیالۆگ و تێگەیشتن، سودوەرگرتوو لە كارت و خاڵە بەهێزەكان، كاربۆ چەسپاندنی هەموو مافە ڕەواكانی كوردو كوردستان بكەن، سەد ساڵی ڕابردو لە نێوان هەوڵەكانمان بۆ ئاسایش و ئازادییدا، ئابورییان تاڵانكردین و دابەشیانكردین، لە ئێستادا هاوكێشەی ئاسایش و ئابوریی بەبێ ئازادیی، بووەتە تێزی تەرزی زاڵی گۆڕانكارییەكان، زەمینەیەكی لە باری ناوخۆیی و ناوچەیشی لە ئاكامی بەریەككەوتن و شەڕو یەكترقبوڵنەكردن و خراپ سودوەرگرتن لە ئازادییەوە؛ بۆ خوڵقاوە.
كوردستان؛ پێگەیەكی هەستارو بەهادارو لەباری بۆ ئاسایش و ئابوریی ناوچەكەو جیهان هەیە، پێویستی بە پلانی ژیرانەو دیدی هۆشیارانەو پەیامی ڕوون و پەیكی شارەزاو پەیوەندیی شایستانەی دبلۆماسیی و یەكبونی ئیرادەو ئامانجی كۆمەڵایەتییانەو ئابورییانەو ئارامییانەو سەربازییانەو زانیارییانەو سیاسییانە هەیە.
تاكە هەڕەشەی زاڵی ئەم قۆناغە؛ دەردەكوردە درێژخایەنە كوشندەكەی؛ دووبەرەكیی و ناكۆكییە، كە جگە لە خواستی كەسیی و هەژمونی پاوانخوازیی و پەرێزپارێزیی و خۆپەرستیی و بەرژەوەندیخوازیی، هیچ ئامانج و بەرژەوەندییەكی گشتیی لە پشتەوە نییە.
دەخوازم ئەم دیدارە، وێستگەیەكی نوێی خۆسازدانەوەیەكی نیشتمانیی بێت؛ بۆ بەهێزكردنی گیانی قبوڵكردنی یەكترو ئەوانی ترو بەرنامەو كاری هاوبەش و دانانی سترایژێكی ئابورییانەو ئاسایشیانە بۆ سەقامگیریی و ئارامیی و پێشهاتەو هاوسەنگیی و هاوكێشە نوێكانی ناوچەكەو جیهانیش، كورد لە بەرگی بەسەرداسەپێنراوی ناڕەوای سەرچاوەی كێشەكانەوە، بۆ دەستپێشخەری ڕاستەقینەی چارەسەری كێشەكان؛ دور لە دووبەرەكیی و پەڕگیریی و توندڕەویی و خۆپەسەندیی و خۆسەپێنیی؛ بگۆڕینەوە.
درود بۆ گیانی پیرۆزی شەهیدان.
بژی كورد، بژی كوردستان..
د. هەڤاڵ ئەبوبەكر
پارێزگاری سلێمانی
٧ی تەمموزی ٢٠٢٣

 


هه‌واڵی زیاتر

هه‌واڵه‌كان

بەسەرپەرشتی پارێزگاری سلێمانی سیمینارێكی تایبەتی بەپرۆژەی كەلەپوور بەنەخشە ئەنجامدرا
2024-09-03
بەبەشداری پارێزگاری سلێمانی سیمپۆزیۆمێك تایبەت بەگرنگیی و رۆڵی پسپۆڕی رێنمایی پەروەردەیی بەڕێوەچوو
2024-09-03
سلێمانی” ئاماده‌كاری بۆ سه‌رژمێری گشتی دانیشتوان ده‌ستیپێكرد
2024-08-06
سەرۆکی حکومەت لەگەڵ به‌رپرسانی حكومی پارێزگای سلێمانی کۆبوویه‌وه‌
2024-07-01
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كانی پارێزگای سلێمانی خولی راهێنان بۆ ئەو هاووڵاتیانەی لەدەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە دەکاتەوە
2024-05-29
پارێزگاری سلێمانی بەشداریکرد لە مەراسیمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبی شێوازەکانی فێربوون
2024-05-06
پارێزگاری سلێمانی، پڕۆژەی وەبەرهێنانی مێگا هۆم ستۆری براندی بەناوبانگیی ئەمریکیی ئاشلی كرده‌وه‌
2024-05-06
126 ساڵ به‌سه‌ر ده‌رچوونی یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی كوردی تێده‌په‌ڕێت
2024-04-22
پارێزگاری سلێمانی پشتیوانیی بۆ هه‌ڵمه‌تی نیشتمانیی کوتان دژی سورێژە دووپاتده‌كاته‌وه‌
2024-04-16
پارێزگاری سلێمانی: هەموومان هاوکاربین لەوەی تاوان و هەڵەکان دووبارە نەبنەوە
2024-03-17
جێگری پارێزگاری سلێمانی خەڵاتی پێشەنگی ئاشتی پێبەخشرا
2024-02-08
وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری لێخۆشبوون لەسزای دواكەوتنی گواستنەوەی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل دەردەكات
2024-02-07
رێكاری پێویست بۆ پرۆژەی هەژماری من لەسنووری پارێزگای سلێمانی دیاریدەكرێت
2024-01-24
پارێزگاری سلێمانی پێشوازی لەكونسوڵی گشتیی كۆریای باشوور دەكات
2024-01-24