لیژنەی سەلامەتی، سەر بەلیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانیە و ئامانج لە پێکھێنانی چارەسەری کەموکورتی باڵەخانەو شوێنە گشتییەکانیدا کە رۆژانە سەردانیان دەکات و لەحاڵەتی ھەبوونی کەموکورتی لە باڵەخانەکەدا خاوەنەکەی لێ ئاگادار دەکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی، بە پێچەوانەوە پسوڵەی سەرپێچی بۆ دەکرێت و رووبەرووی یاسا دەکرێتەوە.
لەوبارەیەوە ئاوات علی سەرۆکی لیژنەی سەلامەتی باڵەخانە رایگەیاند: کاری لیژنەکە بەدواداچوون و دەستنیشانکردنی کەموکورتیەکانە لە تەلارو باڵەخانەکاندا و ئاگادارکردنەوەی خاوەنەکەی کە پێویستە لە ماوەیەکی دیاریکراودا چارەسەری کەموکورتیەکان بکات، تا رێگری یان کەمکردنەوەی حاڵەتە نەخوازراوەکان بکرێت، کە ساڵانی رابردوو چەندین رووداوی ناخۆش روویداوە، ھۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پابەند نەبوون بە مەرج و رێنماییەکانی سەلامەتی.
ئاوات علی ووتی: رۆژانە لیژنەکەمان سەردانی تەلار و باڵەخانەکان دەکات، لە مانگی ئەیلودا سەردانی (٥٣) باڵەخانەمان کردووە و کەموکورتی باڵەخانەکان بۆ خاوەنەکانیان دیاریکراوە، بەڵام چەند خاوەن باڵەخانەیەک پابەند نەبوون بە چاککردنەوەەی کەموکورتیەکانیان بۆیە (٨) پسوڵەی سەرپێچی تۆمارکراوە.
سەرۆکی لیژنەی سەلامەتی ووتیشی: لیژنەکەمان لە کەسانی پسپۆر و شارەزای بوارەکەن و پێکھاتوون لە نوێنەرانی قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی، بەرگری شارستانی، ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی، کەموکورتییەکان بەشێوەری راپۆرت لیژنەی باڵای قائیمقامیەتی لێ ئاگادار دەکەینەوە تا رێکارە یاساییەکان بەرامبەر سەرپێچی کاران بگیرێتەبەر.
سەبارەت بە جۆری سزای سەرپێچیکاران سەرۆکی لیژنەکە ئاماژەی بەوە کرد: سزای بەپێی جۆری سەرپێچیەکەی دیاریدەکرێت کە پابەند نەبوونیەتی بە مەرج و رێنمایەکانی سەلامەتی باڵەخانەکان، بە غەرامە دەست پێدەکات و بە داخستنی شوێنەکە کۆتایی دێت پاش ئەوەی لە دادگا بڕیاری لەسەردەدرێت