بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

كتێب فرۆشەكانی جارانی سلێمانی


 


لە سەرەتای سەدەی رابردوو تا پێش راپەڕین نزیكەی 57 دوكانی كتێب فرۆشتن لە سلێمانی هەبوون، ئەمەش نیشانەو بەڵگەی ئاستی گرنگی دانی خەڵكی شارەكەیە بە بواری خوێندنەوەو رۆشنبیری هەندێك لەوانە:
كتێب فرۆشی مەلا عەلی سەحاف، كەلە سەردەمی مەلا براهیمی باپیریانەوە دەستی بە پیشەی نوسینەوەو فرۆشتنی كتێب كردووە ،كتێب فرۆشی كەشتی نوح:لە شەقامی سابونكەران لەلایەن نەجمەدینی مەلاوە دامەزراوە.كتێب فرۆشی عومەر قەزاز لەساڵی 1927 لە لایەن عومەر قەزاز دامەزراوە.
كتێب فرۆشی مەلا ساڵحی عەبابەیلێ‌ زیاتر كتێبی ئاینی فرۆشتووەو مەلا عەلی لە ساڵی 1965 كۆچی دوای كردووە.
كتێب فرۆشی ئازادی: لە ساڵی 1942 لەلایەن مامۆستا مەحمود ئەحمەدەوە دامەزراوە.
كتێب فر‌وشی قادر ئاغای عەتتار: قادر ئاغا لە ساڵی 1947 لە شەقامی سابونكەران دایمەزراندووە.
كتێب فرۆشی روناكی: لەلایەن شاعیر كامەران موكری لەساڵی 1948 دامەزراوە.بەڵام دوای خوێندنەوەی شعرێك لەسەر گۆڕی شاعیر بێكەس دەستگیركراو كتێبخانەكەشی داخرا.
كتێبخانەی یەكێتی: ساڵی 1949 لەلایەن شێخ محەمەدی شێخ مارف و مەدهۆشی شاعیر بەرێوەدەبرا و هەر لەو ساڵەشدا داخرا.
كتێب فرۆشی بیری نوێ‌: ساڵی 1948 كرایەوە لەلایەن غەفوری میرزا كەریم و ئەحمەد سەید حەسەن و بەڵام زوو داخرا.
كتێب فرۆشی سەركەوتن: لەلایەن هەردوو برا جەمال عەبدوڵا و لەتیف عەبدوڵاوە دەبرا بەرێوەو ئەم كتێب فرۆشییە بەشێوەی خواستنیش كتێبی دەدا بە خوێنەران.
كتێب فرۆشی گەلاوێژ: لەساڵی 1950 لەلایەن رەوف مارف فەتاحەوە دامەزرا.گەورەترین كتێب فرۆشی بوو، لە شەقامی مەولەوی بوو.
كتێب فرۆشی زێوەر: لە ساڵی 1956 لە شەقامی مەولەوی لەلایەن محەمەد عارفەوە دامەزرا.
كتێب فرۆشی ئازادی: لە ساڵی 1958 لەلایەن مامۆستا هاواری شاعیرەوە كرایەوە، تا ساڵی 1960 بەردەوام بوو.
كتێب فرۆشی خەبات: لەدوای 1958 لە شەقامی مەولەوی لەلایەن د.فارس رەحیم دامەزرا، بەڵام لە ئەیلولی 1961 دەستی بەسەردا گیراو داخرا.
كتێب فرۆشی بیری نوێ‌: ساڵی 1958 لەلایەن ئەحمەد عەباس لەشەقامی كاوە كرایەوە و لە 1960 داخرا.
كتێب فرۆشی بێكەس: ساڵی 1959 لەلایەن شێخ مستەفای شێخ محەمەدی گوڵانییەوە لەسەر شەقامی بێكەس كرایەوە.ساڵی 1962 بە فەرمانێكی سەربازی داخرا.
كتێب فرۆشی ئیمامی غەزالی: ساڵی 1960 لەلایەن حاجی حەسەن فەتاحەوە لە شەقامی كاك ئەحمەدی شێخ كرایەوە و تا ساڵی 1977 بەردەوام بوو.
كتێب فرۆشی خاكی: ساڵی 1966 لەسەر شەقامی مەولەوی لەلایەن مەحمود خاكییەوە كرایەوە.
كتێب فرۆشی پیرە مێرد: ساڵی 1967 كاكەی فەلاح لە شەقامی كاوە دایمەزراند.

كتێب فرۆشی پرشنگ: ساڵی 1968 مامۆستا شاكر فەتاح و عومەر عەبدوڵا لەسەر شەقامی سالم و تەنیشتی ئوتێل ئاشتی كردیانەوە.تا ساڵی 1972 بەردەوام بوو.
كتێب فرۆشی مەولەوی: ساڵی 1968 لەلایەن جەمال محەمەد ئەمینەوە دامەزرا لە نزیك سەرا تا ساڵی 1978 بەردەوام بوو.
كتێب فرۆشی خانزاد: ساڵی 1968 لەلایەن ئەخۆلی شاعیرەوە دامەزرا. لە شەقامی مەولەوی تا ساڵی 1971 بەردەوام بوو.
كتێب فر‌وشی هونەر ساڵی 1969 نوری وەشتی لە شەقامی گۆران كردیەوە. تا ساڵی 1971 بەردەوام بوو.
كتێب فرۆشی نالی:ساڵی 1969 لەسەر شەقامی كاوە لەلایەن عەبدوڵا جەوهەرەوە كراوەتەوە.
كتێب فرۆشی سلێمانی: لەسەر شەقامی كاوە لەلایەن عومەر عەبدول رەحمان ساڵی 1970 دامەزرا.
كتێب فرۆشی شانۆ: ساڵی 1971 دامەزرا.
نوسراوخانەی پرۆژەی خوێندەواری كورد: لەلایەن مامۆستا شاكر فەتاحەوە لە ماڵی خۆیدا دامەزرا سەرەرای فرۆشتنی كتێب و گۆڤار و رۆژنامە پێشانگایەكی كتێبەكانی خۆشی تێدا بوو.
كتێب فرۆشی بێكەس: ساڵی 1971 لە شەقامی مەولەوی دامەزرا. ئەم كتێب فرۆشییە چەند ژمارەیەكی گۆڤاری ئەستێرەی منداڵانیشی دەركرد.
كتێب فرۆشی رۆشنبیری: ساڵی 1973 لەلایەن ئازاد عومەر محێدین لەسەر شەقامی پیرەمێرد دامەزرا تا ساڵی 1974 داخرا.
كتێب فرۆشی زانستی: ساڵی 1972 لەلایەن عومەر حەسەنی دەوڵەتەوە دامەزرا.لەشەقامی پیرەمێرد.
كتێب فرۆشی دار وتەنییە: سەر بە دەزگای دار وەتەنییە بوو، كە دامەزراوەیەكی حكومی بوو، ساڵی 1976 لەسەر شەقامی پیرەمێرد دامەزرا، بەڵام ساڵی 1984 گوازرایەوە بۆ شەقامی مەولەوی.
كتێب فرۆشی بابان: ساڵی 1976 لەسەر شەقامی گۆران لەلایەن جەلال سدیق كرایەوە.
كتێب فرۆشی راستی: ساڵی 1976 لە شەقامی سابونكەران لەلایەن مامۆستا محەمەد ئیبراهیم وە كرایەوە تا ساڵی 1979 بەردەوام بوو.
كتێب فرۆشی پەیام: ساڵی 1976 لەسەر شەقامی مەولەوی لەلایەن مامۆستا ئەنوەرەوە كرایەوە.
كتێب فرۆشی قەرەداغ: ساڵی 1976 كرایەوە لەلایەن مەلا جەلالی قەرەداغییەوە. تا ساڵی 1979 بەردەوام بوو.
كتێب فرۆشی هاوسەر: لە ساڵی 1976 دامەزراوە لەسەر شەقامی حەمدی, لەلایەن هۆشیار قەفتانەوە،خاوەنی چاپخانەی كامەرانی.
كتێب فرۆشی هدی: ساڵی 1977 لەسەر شەقامی كاك ئەحمەدی شێخ لەلایەن ئەحمەد مەحمودەوە دامەزراو زیاتر كتێبی ئاینی دەفرۆشت.
كتێب فرۆشی قانع: ساڵی 1977 لەسەر شەقامی حەمدی لەلایەن مامۆستا عوسمان ناوێكەوە تا ساڵی 1988 بەردەوام بوو.
كتێب فرۆشی سەڵاحەدین: ساڵی 1978 لەسەر شەقامی سابونكەران لەلایەن سەعید فەتحوڵڵاییەوە دامەزرا.
كتێب فرۆشی ژیان: ساڵی 1979 لەسەر شەقامی گۆران لەلایەن سەڵاحەدین مستەفاوە كرایەوە و پاشان گواستیەوە بۆ شەقامی پیرەمێرد.
كتێب فرۆشی فەرهاد یان دێبەر: ساڵی 1979 لەسەر شەقامی پیرەمێرد كرایەوە لەلایەن فەرهاد و فەرەیدون رەوف وەیسی.
كتێب فرۆشی هێمن: ساڵی 1980 لەسەر شەقامی مەولەوی لەلایەن نەوزاد عەبدوڵا ئەحمەدەوە دامەزرا.
كتێب فرۆشی دالیا: ساڵی 1980 لەسەر شەقامی سابوونكەران لەلایەن شێخ سەعید شێخ عەلی دامەزرا.
كتێب فرۆشی قانع: ساڵی 192 لەلایەن نەجیب شەمعون لەگەڕەكی شۆرش كرایەوەو پاشان گواستیەوە بۆ شەقامی پیرەمێرد.
كتێب فرۆشی خانزاد: ساڵی 1983 لەلایەن سەلام كەریم حەمادی لەسەر شەقامی مەولەوی كرایەوە.
كتێب فرۆشی دیاری: ساڵی 1984 لەلایەن لەتیف ئەسكەندەر كرایەوە.
كتێب فرۆشی بەختیار زێوەر: ساڵی 1984 لەلایەن مەحمود زێوەری برای شاعیر بەختیار زێوەر كرایەوە لەسەر شەقامی مەولەوی.
كتێب فرۆشی رەند: ساڵی 1984 لەلایەن عوسمان عارف حەسەنەوە كرایەوە.
كتێب فرۆشی یادگار: ساڵی 1984 لەسەر شەقامی سالم كرایەوە.
كتێب فرۆشی پشكۆ: ساڵی 1984 لەسەر شەقامی مەولەوی لەلایەن سەڵاحەدین عەلی وە دامەزراوە.
كتێب فرۆشی پۆڵا: ساڵی 1984 لە گەڕەكی شۆرش لەلایەن ئەحمەد حەسەن عەزیزەوە كرایەوە.
كتێب فرۆشی فەرهاد: ساڵی 1985 لەلایەن كاك فەرهاد خاوەنی كتێبخانەی دێبەر لەسەر شەقامی پیرەمێرد كرایەوە.
كتێب فرۆشی رەوشەن: ساڵی 1987 لە لایەن حەسەن محەمەد حەمە ئەمینەوە كرایەوە.
كتێب فرۆشی سەباح: ساڵی 1989 لەسەر شەقامی گۆران لەلایەن مامۆستا مەحمود ئەحمەد محەمەدەوە كرایەوە.
كتێب فرۆشی مەریوان ساڵی 1989 لەلایەن عەبدوڵا محەمەد لەسەر شەقامی كاك ئەحمەدی شێخ كرایەوە.
كتێب فرۆشی شەمێران: لەسەر شەقامی سەرشەقام كرایەوە.
كتێب فرۆشی لەیلان: ئەمە یەكەمین كتێب فرۆشی بوو كە لەلایەن ژنانەوە بكرێتەوە لەسلێمانی، كتێب فرۆشییەكە لەلایەن شاعیر شەفیقەخانی عەلی حسێن ئاغا كرایەوە لەساڵی 1991
جگەلەم كتێب فرۆشیانەی لەسەرەوە ناویان هێنرا، هەر لەو ساڵانەدا گەلێك كتێب فرۆشی لەسەر شەقامەكان بەتایبەت لە بەردەركی سەراو شەقامی بێكەس و مەولەوی و كاوە. كە بە تێكرا ئاماژەن بۆ گرنگی پێدانی خەڵكی شارەكە بە كایەی رۆشنبیری، بێگومان ئەم كاروانە دوای راپەڕینی پیرۆزی 1991 و دامەزراندنی حكومەتی هەرێم و فراوان بوونی مەودای ئازادی چووە قۆناغێكی ترەوەو ئیدی كتێب فرۆشیەكان بە ئازادی تەواوە كاروباری خۆیان بەرێوەدەبردو ترسی هەڵكوتانە سەری دەزگا سەركوتگەرەكانی بەعس و داخستنی دوكانەكانیان و گرتنیان لەسەر نەما.
 


هه‌واڵی زیاتر