بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

رێنمایی رێكخستنی پێدانی مۆڵەتی هەڵگرتن و هەبوونی چەك



رێنمایی رێكخستنی پێدانی مۆڵەتی هەڵگرتن و هەبوونی چەك بەپێی ماددەی (3) برِگەی یەكەم لەیاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (6) ساڵی 2009و یاسای چەك ژمارە (16) ساڵی 1993:
ماددەی یەكەم:
مەبەست لەم پێناسانەی خوارەوە ئەو مانایانەی كە لەبەرامبەریان دیاریكراوە.
1. وەزیری: وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
2. پارێزگار: پارێزگاكانی هەرێم و سەرپەرشتیاری ئیدارەكان.
3. دەسەلآتی پێدان: وەزیر، پارێزگار، سەرپەرشتیاری ئیدارەكان.
4. مۆڵەت: رێگەپێدانێك كە لەلایەن دەسەلآتى پێدان دەدرێت بەهاوولآتی بەپێی مەرجەكان بەمەبەستی هەڵگرتن و هەبوونی چەك.
ماددەی دووەم: 
مەبەست لەدەركردنی ئەم رێنماییانە رێكخستن و سنوورداركردن و بەسیستەم كردنی مۆڵەتی پێدان و نوێكردنەوەی چەكە لەهەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی یاسای چەك ژمارە (16)ی ساڵی 1993.
ماددەی سێیەم:
مۆڵەتی هەڵگرتن و هەبوون و نوێكردنەوەی چەك دەدرێت بەم مەرجانەی خوارەوە.
1. پێشكەشكردنی داواكارییەك بەدەسەلآتی پێدان.
2. تەمەنی داواكار لە(18) ساڵی كەمتر نەبێت.
3. حوكم نەدرابێت بەتاوانێك یان كەتنێكی ئابرِوبەر (مخلە بالشرف) بەپشتگیری بەرِێوەبەرایەتی بەڵگەكانی تاوان.
4. كەمئەندام نەبێت یان نەخۆشی دەروونیی نەبێت یان كێشەی لەچاوەكانی نەبێت بەشێوەیەك كە نەتوانێت چەك بەكاربهێنێت بەپشتگیری راپۆرتی لیژنەی پزیشكی.
5. بەشێوەیەكی رەوا (مشروع) چەكی دەست كەوتبێت.
6. پرِكردنەوەی فۆرِمێكی تایبەت بەزانیاری داواكاری چەك.
ماددەی چوارەم:
1. پێدانی مۆڵەتی هەڵگرتن و هەبوونی چەك سنووردار دەبێت و لەحاڵەتی زۆر پێویست دەبێت وە لەلایەن دەسەلآتی پێدان داواكارییەكانی پێدانی مۆڵەت هەڵدەسەنگێنرێت پاشان رەزامەندی لەسەر دەدرێت دوای جێبەجێكردنی هەموو مەرجەكان.
2. مۆڵەتی چەك بۆ یەك ساڵ دەدرێت.
ماددەی پێنجەم:
1. دوای جێبەجێكردنی هەموو مەرجەكان وە رەزامەندی دەسەلآتی پێدان دۆسێی تایبەت بەداواكار رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ/ بەشی پێناسەی چەك دەكرێت بەپۆستی فەرمی بەمەبەستی دەركردنی ناسنامەی مۆڵەتی چەك ئەگەر پارێزگا یان ئیدارە پێداویستی چاپكردنی ئەم ناسنامەی نەبێت، بەلآم ئەگەر توانای چاپكردنی هەبێت بەپێی ئەو سیستەمەی كە لەلایەن وەزارەت دیاریكراوە ئەوا تەنها ناسنامەكانیان بۆ رەوانە دەكرێت و لای خۆیان چاپ دەكرێت.
2. پێدانی مۆڵەتی هەڵگرتن و هەبوونی چەكی ئۆتۆماتیكی یان نیو ئۆتۆماتیكی وەكو (كلآشینكۆف) تەنها لەدەسەلآتی وەزیرە.
ماددەی شەشەم:
1. دەبێت پارێزگا یان ئیدارەكان مانگانە بە(CD) دۆسیەكان و ئاماری پێدانی چەك لەگەڵ فۆرِمی زانیاری تایبەت رەوانەی وەزارەت بكات.
2. پێویستە لەسەر وەزارەتی ناوخۆ داتابەیسێك دروست بكات بەمەبەستی رێكخستنی ئامارو زانیاری تەواو لەسەر هەموو مۆڵەتەكانی چەك و سالآنە ئاماری تایبەت ئامادەبكات و رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی بكات.
ماددەی حەوتەم:
1. ئەو چەكانەی كە لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆو هێزەكانی وەزارەتی پێشمەرگەو ئاسایش بەكاردەهێنرێت بەدەردەكرێن لەمۆڵەتی پێدانی چەك.
2. پێویستە لەسەر وەزارەتی ناوخۆو وەزارەتی پێشمەرگەو ئاسایش بەكارهێنانی چەك لەدوای ئەركی فەرمی سنووردار بكەن.
ماددەی هەشتەم:
1. برِی (50.000) پەنجا هەزار دینار وەردەگیرێت لەبەرامبەر پێدانی مۆڵەتی هەڵگرتن و هەبوونی چەك بۆ یەكەمجار.
2. برِی (30.000) سی هەزار دینار وەردەگیرێت بەمەبەستی نوێكردنەوەی مۆڵەتی هەڵگرتن و هەبوونی چەك.
3. حسابێكی تایبەت لەیەكێك لەبانكەكانی هەرێم دەكرێتەوە بۆ دانانی ئەو برِە پارەیە كە لەبرِگەكانی (1 و 2) دیاریكراوە وەردەگیرێت بەمەبەستی بەكارهێنانی بۆ كرِینی كارتی مۆڵەت و ئامێرو پێداویستییەكانی چاپ كردن.
ماددەی نۆیەم:
ئەم رێنماییانە لەرِۆژی بلآوبوونەوەی لەرِۆژنامەی وەقائیعی كوردستان كاری پێدەكرێت.

تێبینی: بەپێى رێنماى ژمارە 2 : دەبێت خاوەن مۆڵەت لەماوەی 90 رۆژدا لەرِۆژی تەواوبوونی ماوەی مۆڵەت واتا 1 ساڵەكە داخوازییەك بۆ نوێكردنەوەی مۆڵەتەكەی بدات بەدەسەلآتی مۆڵەتدان بەپێچەوانەوە لەدوای ئەو ماوەیە مۆڵەتەكە بەپووچەڵ دادەنرێت و كاری پێناكرێت و ئەگەر لەو ماوەیەدا چەكەكە هەڵبگرێت ئەگەر مۆڵەتەكە بۆ هەڵگرتنی چەكی ئاگرین بووە وە بەبێ مۆڵەت ئەژماردەكرێت و بەبرِی (75.000) حەفتاو پێنج هەزار دینار كەمتر نەبێت و لە(150.000) سەدو پەنجا هەزار دینار زیاتر نەبێت سزادەدرێت كە پارێزگاكان دەسەلآتی دادوەری (كەتن)یان هەیە بۆ سەپاندنی ئەم غەرامەیە.

 


 


 


هه‌واڵی زیاتر