ڕۆژی یەكشەممە 23/5/2021، د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، بە ئامادەبوون و سەرپەرشتیی بەڕێزان سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەكان و گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی پارێزگای سلێمانی، بەشدارییكرد لە مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی سایلۆ و پرۆژەی بەبازاڕكردنی گەنمی جوتیاران لە پارێزگای سلێمانی.
سەرەتای مەراسیمەكە بە ڕێزلێنان لە شەهیدانی خەباتی نیشتمانیی كوردستان دەستی پێكرد، دواتر پارێزگاری سلێمانی وتاری پارێزگای سلێمانی و بەڕێز شێخ فاخر شێخ تەیب وتاری گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان و بەڕێز بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و بەڕێز مەسرور بارزانی وتاری حكومەتی هەرێمی كوردستانیان پێشكەش كرد.
پاشان بەردی بناغەی پرۆژەكە لەلایەن بەڕێزان سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و پارێزگاری سلێمانی و گروپی كۆمپانیاكانی قەیوانەوە دانرا.
پارێزگاری سلێمانی لە میانی مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی بەبازاڕكردنی گەنمی جوتیاراندا، كە لە ناوچەی پیرەمەگروون بەڕێوەچوو ئاماژەی بەوە كرد، پرۆژەی بەبازاڕكردنی گەنمی جوتیاران هەرێمی كوردستان لە بەكاربەرەوە دەگۆڕێت بۆ بەرهەمهێنەر و هەناردەكار، دەستخۆشیشی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و كەرتی تایبەت كرد بۆ جێبەجێكردنی ئەو پرۆژە گرنگە ستراتیژیی و نیشتمانییە، ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەكەی بەڕێز پارێزگاری سلێمانییە:
بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان
بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
بەڕێز جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
وەزیرە بەڕێزەكان
بەڕێزان ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان
بەڕێزان سەرۆكی دەستەكان
بەڕێزان یاریدەدەرەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
جوتیارە نمونەییە بەڕێزەكان
ئامادەبووانی بەڕێز..
بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە؛ بەخێرهاتنتان دەكەین بۆ شاری سلێمانی، بۆ ئەو شارو شارستانێتییەی كە لەچاخی بەردینی كۆنی خوارەوە، لە زیاتر لە شەست و پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستاوە، تا ئەمڕۆ، وەك قەندیل، وەك پیرەمەگرون، وەك سارا، وەك بەرانان، جوامێرانە بە پێوە وەستاوەو دایكی شارستانێتیی میزۆپۆتامیای تێدا هاتۆتە دنیاوە، بەخێربێن بۆ دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی نیشتمانیی بەبازاڕكردنی گەنمی جوتیاران، كە وەك پڕۆژەیەكی هاوبەشی نێوان كەرتی گشتیی و كەرتی تایبەت بە گوژمەی سەدو بیست و یەك ملیۆن و شەست و پێنج هەزار دۆلار؛ لەلایەن گروپی كۆمپانیاكانی قەیوانەوە جێبەجێدەكرێت.
جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە لەم كات و شوێن و دۆخەدا، لەم ناوچەیەدا كە لانكەی كۆنترین گوندی كشتوكاڵیی و نیشتەجێبوونی پێش نۆ هەزار ساڵ لە ئێستا، لە گوندی چەرموودا بنیاتناوەو بۆ یەكەمجار لەسەر ئاستی دنیا گەنمی وەك دەغڵ لە لایەن مرۆڤەوە تێدا چێنراوە، لە پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستاوە لە كونارەی نزیك بەكرەجۆی ئەمڕۆدا، عەمباری دانەوێڵەكۆكردنەوەی بۆ دروستكراوە، لە سێ هەزارو سێسەدساڵ و پتر ساڵ لە ئێستاوە: مۆزەی بوخورددانی لە گردی باسمۆسیانی دەریاچەی دوكاندا؛ وەك بونیاتی تەلارسازیی دنیابینیی فەلسەفەی ژیان و شارستانێتیی بۆ بەجێهێشتووین و پێماندەڵێت: (كشتوكاڵ و ئاژەڵداریی بناغەی شارو شارستانێتین)؛ بڕیارێكی دروست و پڕۆژەیەكی پێویستی بەردەوامكردنی ئەو ڕەسەنایەتیی و قوڵاییە مێژووییە شارستانێتییە شایستەیەیە كە بونیاتی ئاوەدانی وڵاتی ئێمەی لەسەر بنیاتنراوە.
لێرەوە پیرۆزبایی ڕەنگڕێژكردن و بناغەدانان و جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە؛ لە خەڵكی كوردستان و بەتایبەتیی پارێزگای سلێمانی دەكەین.
ستراتیژی كاركردنی ئێمە لە حكومەتی خۆجێی سلێمانی و حكومەتی هەرێمی كوردستانیشدا؛ تێپەڕاندنی ئابوریی لەوەڕگایین، ئەو ئابورییەی كە تەنها پشت بە نەوت و نەختینەی موفت و مشەخۆریی و پیسخۆریی و گەنەخۆریی ئابووریی و سواڵ و ساقەو سەرانەو پشك و بەشی وەهمیی بێدەستمایەو بێسەرمایە؛ ببەستێت، بەڵكو لەگەڵ بوژانەوەو پەرەپێدانی بوارە كشتوكاڵیی و كەلتوریی و گەشتیاریی و پیشەسازیی و بازرگانییەكانداین، كە سوپاس بۆ خوداو بۆ پشتیوانیی هاووڵاتیان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و كەرتی تایبەتی نیشتمانیی و دۆستەكانمان لە سەرتاسەری دنیادا؛ ئێستا پارێزگای سلێمانی لە هەموو ئەم بوارانەدا، لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی كوردستاندا؛ یەكەمە.
ئەم پڕۆژەیە، وەك پڕۆژەیەكی خۆماڵیی نیشتمانیی ستراتیژیی؛ كە بەرەو دەستگەیشتن و سودلێوەرگرتنی (ئاڵتونی سەوزمان) دەبات، لەگەڵیدا پابەندیی و وابەستەیی و بەرپرسیارێتیی پاراستنی خاكیشمان بۆ دەژێنێتەوە كە لە ئەمڕۆ و لە ئایندەی نزیكداو لە ناو كایەی ئابوریی گەردونیدا؛ شتێك بەهاكەی بەهای زێڕی تێپەڕاندبێت؛ تەنها (خاكە)؛ پڕۆژەیەكی بەهادارو گرنگە،
سەرچاوەی ئابوریی و داهاتی نوێ لە كوردستاندا فەراهەمدەكات و، بەیەكەوە بوارە كشتوكاڵیی و ژینگەیی و پیشەسازیی و بازرگانییەكان؛ پەرەپێدەدات.
دڵنیایی به خاوەنزەوی و خاكیارو كێڵكارو جوتیارو ئاودێرو كشتیارو كرێكارو خاوەنكارو بازرگان و بازاڕ دەدات ، ئاسایشی خۆراك زامندەكات ، متمانەی هاووڵاتیان بە خۆی و بە بەرهەمە خۆماڵییەكان و بە حكومەت و بە كەرتی تایبەت زیاددەكات.
كەرتی كشتوكاڵیی دەبوژێنێتەوەو دەبێتە هۆی بوژانەوەو ئاوەدانكردنەوەی گوندو لادێی و ناوچە دوورو سنورییەكان و لەگەڵ بوژانەوەی سامانی دانەوێڵەو دەغڵ و داندا؛ مەرەزەو ڕەزو باخ و بێستان و دارستان و شینایی و مەڕوماڵات و ئاژەڵداریی و سپیایی و پەلەوەرو سامانی ماسی و، كانی و كارێزو ئاوبارو ئەستێڵ و جۆگەو گۆل و گۆمەكان؛ دەژێنەوە.
كۆچی پێچەوانە لە شارەوە بۆ لادێ دەستپێدەكات و فشارو لێشاوی نیشتەجێبوون و نەبونی دەرفەتی كار لە شارەكاندا كەمدەكاتەوەو دەرفەتی كاركردن بۆ هەزاران كەس دەرەخسێنێت و، ئارامیی و ئاسایش و سەقامگیریی دەهێنێتەكایەوە.
كەلتوری پشتبەخۆبەستن و پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی لە ڕوی چۆنێتیی و چەندێتیی و كێبڕكێیی ئابوریی و بازاڕگەریی ڕەوایانە دەهێنێتەكایەوەو، ڕێ لە چونەدەرەوەی نەختینەو سەرمایەی خۆماڵیی دەگرێت و جوڵەی سەرمایەی خۆماڵیی ڕێكدەخاتەوەو پەرە بە سیستمی بانك و بیمە دەدات و كوردستان بە بازاڕە نێودەوڵەتییەكانەوە دەبەستێتەوەو سەقامگیریی خۆراكیی و ئابوریی و دارایی دروستدەكات.
هەنگاو دەبێت بەرەو خۆماڵیكردنی بنەتۆوێكی تاقیكراوەی زامنكراو كە تیایدا گەرەنتی بەرهەم و داهاتی جوتیاران كرابێت، هەموو ئەمانەیش دەمانبەن بەرەو پیشەسازیی خۆراكیی خۆماڵیی كە تیایدا ڕەچاوی تەواوی تەندروستیی بەكارهێنەران كرابێت و توانای پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی هەبێت، نەك وەك ئێستا ساڵانە زیاتر لە یەك ملیۆن و پێنج سەد هەزار تەن ئاردی بێ كەپەك و بێ ڕەگەزە خۆراكییەكان لە ڕێی هەرێمی كوردستانەوە دێتە عیراقەوەو بۆتە سەرچاوەیەكی مەترسیی بۆ سەر تەندروستیی گشتیی و ئاسایشی تەندروستیی.
ئەم پڕۆژانە وڵاتەكەمان لە ئابوریی زەڕنەقوتەو هاوردەكەرەوە بۆ خۆژێن و هەناردەكەر دەگۆڕن و، هاووڵاتیانیش لە بەكاربەرەوە بۆ بەرهەمهێن؛ دەگۆڕن.
سوپاس بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارە حكومییەكان و كەرتی تایبەت، بۆ ئەم كارە ستراتیژییە هاوبەشەیان، سوپاس بۆ گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان كە وەك كۆمپانیایەكی نیشتمانیی ئامادەیە لەم دۆخە قەیراناویەدا سەرگەرمی جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژانە بێت.
خودای گەورە پشت و پەنای هەمووان بێت
د.هەڤاڵ ئەبوبەكر
پارێزگاری سلێمانی
٢٣/ ٥/ ٢٠٢
بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن و نوێترین هەواڵ و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:
https://twitter.com/SlemaniGov
https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/
https://www.facebook.com/slemanigov/
https://www.instagram.com/slemani_governorate/
https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscribe