بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

چوار پرۆژەی گرنگ بۆ چوار ناوچە جێبەجێ‌ دەكرێت


پارێزگای سلێمانی بە بەهای نزیكەی 72 ملیۆن دیناری عێراقی چوار پرۆژەی گرنگ بۆ چوار ناوچەی جیاوازی سەر بە پارێزگا دەخاتە بواری جێبەجێكردنەوە ‌و تەواو دەكرێن.
بە فەرمانی پارێزگاری سلێمانی ‌و بەشێوەی راستەوخۆ، چوار پرۆژە جێبەجێ‌ كراون كە لەسەر بودجەی گەشەپێدانی هەرێمەكان بڕی 71 ملیۆن ‌و 708 هەزار ‌و 500 دیناری عێراقییان بۆ تەرخان كراوە، بۆ بەڕێوەچوونی كاروباری فەرمانگەكان ‌و خێرا راییكردنی كاروباری هاوڵاتیان ‌و خزمەتكردنیان.
پرۆژەكان بریتین لە یەكەم (تێكەڵەرێژكردنی گوندی باخ لە ناحیەی پیرەمەگرونی سەر بەقەزای دوكان)، كە بە فەرمانی ژمارە (5836) لە 21/5/2019دا، بڕی 6 ملیۆن ‌و 164 هەزار دیناری بۆ تەرخان كراوە ‌و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی كاروباری هونەریی سەر بەپارێزگاوە لە ماوەی 45 رۆژدا تەواو كراوە، پرۆژەی دوەمیش بە فەرمانی ژمارە (5865) لە 21/5/2019دا، بڕی 10 ملیۆن ‌و 490 هەزار دینار تەرخان كراوە بۆ پرۆژەی (راكێشانی كارەبا ‌و ئاو بۆ بینای نوێی دادگای چوارتا)، كە ئەویش لە ماوەی 15 رۆژدا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانییەوە جێبەجێ‌ كراوە، هەرچی پرۆژەی سێهەمیشە بریتی بوە لە (چارەسەركردنی كێشەی بێئاویی كۆڵانێك لە گەڕەكی ئاشتی لە ناحیەی بازیان)، ئەویش بە فەرمانی ژمارە (5866) لە رۆژی 21/5/2019دا بڕی 36 ملیۆن ‌و 618 هەزار دیناری بۆ تەرخان كراوە ‌و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری سلێمانی لە ماوەی 50 رۆژدا تەواوی كردوە، كۆتا پرۆژەش تایبەت بوە بە (چاككردنەوەی جۆگەكانی كانی ماران كە بەهۆی لافاو و بارانبارینەوە زیانیان پێكەوتوە لە ناحیەی چوارقوڕنە) ‌و بەفەرمانی ژمارە (5884) لە رۆژی 22/5/2019دا بڕی 18 ملیۆن ‌و 436 هەزار ‌و 500 دیناری بۆ تەرخان كراوە ‌و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی سلێمانییەوە لە ماوەی 60 رۆژدا جێبەجێ‌ كراوە.
پارێزگای سلێمانی لەسەر بودجەی گەشەپێدانی هەرێمەكان ‌و نەوت، دەیان پرۆژەی خستوەتە بواری جێبەجێ كردنەوە، بەپشتبەستن بە یاسا ‌و رێسا كارپێكراوەكان ‌و لەپێناو ئاوەدانكردنەوەی زیاتری سنوری پارێزگا ‌و بەرەوپێشبردنی ‌و خزمەتكردنی هاوڵاتیان، بەردەوامە لە تەرخانكردنی بودجەی پێویست بۆ پرۆژە گرنگەكان بۆ سەرجەم ناوچەكان بەبێ‌ جیاوازی.

بۆ زانیاریی زیاتر لەبارەی هەواڵ ‌و چالاكییەكانی پارێزگاری سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك فۆڵۆمان بكەن:

https://www.facebook.com/slemanigov/


هه‌واڵی زیاتر