پارێزگای سلێمانی بەگوژمەی زیاتر لە 211 ملیۆن دیناری عێراقی، حەوت پرۆژە دەخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، چەند پرۆژەیەكیان تەواو بوون و ئەوانی دیكەش كاركردن تێیاندا بەردەوامە.
بە فەرمانی بەڕێز د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و لەسەر بودجەی (نەوت / 1) بەپێی یاسا و رێنماییەكان، حەوت پرۆژە لە چەند ناوچەیەكی سەر بە پارێزگا خراونەتە بواری جێبەجێكردنەوە و بڕی 211 ملیۆن و 569 هەزار دیناریان بۆ تەرخان كراوە، كە گوژمەی پرۆژە و رێژەی چاودێریی لەخۆ دەگرن و بەشێوەی راستەوخۆ جێبەجێ دەكرێن، بەم شێوەیەی لای خوارەوە:
یەكەم: بە فەرمانی ژمارە (7377) لە 27/6/2019، بڕی 4 ملیۆن و 294 هەزار دینار تەرخان كراوە بۆ پرۆژەی دروستكردنی سیاج بۆ باخچەیەك لە سنوری راپەڕین لەسەر زەوی ژمارە 1790/28، كە لەلایەن لیژنەیەكی سەرۆكایەتیی شارەوانی سلێمانی / بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی راپەڕینەوە لە ماوەی 15 رۆژدا جێبەجێ كراوە.
دوەم: بە فەرمانی ژمارە (7379) لە 27/6/2019، بڕی 26 ملیۆن و 260 هەزار و 500 دینار تەرخان كراوە بۆ گەیاندنی هێڵی كارەبا بۆ چەند ماڵێك لە گوندی پەڵكەڕەش لە قەزای چەمچەماڵ، كە لەلایەن لیژنەیەكی بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای چەمچەماڵەوە لە ماوەی 20 رۆژدا تەواو كراوە.
سێیەم: بە فەرمانی ژمارە (7381) لە 27/6/2019، بڕی 18 ملیۆن و 701 هەزار دینار تەرخان كراوە بۆ دروستكردنی سیاج بۆ پرۆژەی ئاوی بێستانسوور بە بۆری ئاسن (مورەبەع 8*8 سم و شەبەكەی B. R. C گەڵڤەنایز بەدرێژیی 40 مەتر بۆ سەرچاوەی ئاوی پرۆژەی یەكەمی بێستانسوور + دانانی بۆری مس بۆ بەردەم پەمپەكانی پرۆژەی ئاوی وارماوە لە پرۆژەی یەكەمی ئاوی بێستانسوور + دروستكردنی دەرگای ستوون بۆ بەردەم بۆریەكانی تنفیس 900 ملم لە سەرچاوەی پرۆژەی دووەم لە شوێنی قفڵەكانی دەرەوەی ئاوی بێستانسوور + دروستكردنی دوو دەرگای ئاسنی سكە بۆ دەرگای هۆڵی ئاوارەكانی دووی بێستانسوور، پرۆژەكەش لەلایەن لیژنەیەكی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری سلێمانییەوە لە ماوەی 60 رۆژدا جێبەجێ دەكرێت.
چوارەم: بە فەرمانی ژمارە (7383) لە 27/6/2019، بڕی 45 ملیۆن و 688 هەزار دینار تەرخان كراوە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی نۆژەنكردنەوەی بینای رەگەزنامە و باری شارستانیی سلێمانی، كە لەلایەن لیژنەیەكی بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پرۆژەكان لە كاروباری هونەریی سەر بە پارێزگاوە لە ماوەی 75 رۆژدا جێبەجێ دەكرێت.
پێنجەم: بە فەرمانی ژمارە (7384) لە 27/6/2019، بڕی 9 ملیۆن و 384 هەزار دینار تەرخان كراوە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆی لوولەیی لە گەڕەكی هێمن لە قەزای سەیدسادق، كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی / سەرۆكایەتی شارەوانی سەیدسادقەوە لە ماوەی 30 رۆژدا جێبەجێ كراوە.
شەشەم: بە فەرمانی ژمارە (7385) لە 27/6/2019، بڕی 7 ملیۆن و 252 هەزار دینار تەرخان كراوە بۆ هەڵكەندنی بیر بە قوڵایی 150 مەتر بۆ دەروازەی دەربەندی بازیان لە ناحیەی بازیان، كە لەلایەن لیژنەیەكی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێرزەویی سلێمانییەوە لە ماوەی 25 رۆژدا تەواو كراوە.
حەوتەم: بە فەرمانی ژمارە (7386) لە 27/6/2019، بڕی 90 ملیۆن و 989 هەزار و 500 دینار تەرخان كراوە بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی فراوانكردنی شەقامی سەرەكیی وارماوە، كە لەلایەن لیژنەیەكی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانییەوە لە ماوەی 200 رۆژی كاركردندا جێبەجێ دەكرێت.