پارێزگای سلێمانی لە پێناو خزمەتی گشتی و بە مەبەستی چارەسەركردنی كەم و كورتییەكان، هەشت پرۆژە بە بەهای زیاتر لە 220 ملیۆن دینار دەخاتە بواری جێبەجێكردنەوە.
بە فەرمانی بەڕێز د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و بە پشتبەستن بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەسەر بودجەی (نەوت / 1) و بە پێی یاسا و رێنماییەكان، بڕی 220 ملیۆن و 592 هەزار و 750 دیناری عێراقیی بۆ هەشت پرۆژە تەرخان كراوە لە سێكتەرە جیاوازەكاندا، كە گوژمەی پرۆژە و رێژەی چاودێرییان لەخۆ گرتوە، پرۆژەكانیش بەشێوەی راستەوخۆ خراونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەم شێوەیەی لای خوارەوە:
یەكەم: بە فەرمانی ژمارە (9592) لە 5/8/2019دا، بڕی 29 ملیۆن و 457 هەزار دینار تەرخان كراوە بۆ پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆی لوولەیی پۆلی ئەسیلینی بۆ كۆڵانێك لە گەڕەكی فەرمانبەران لە شارەوانیی دوكان، كە لەلایەن لیژنەیەكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی / سەرۆكایەتیی شارەوانیی دوكانەوە لە ماوەی 75 رۆژدا جێبەجێ دەكرێت.
دوەم: بە فەرمانی ژمارە (9593) لە 5/8/2019دا، بڕی 15 ملیۆن و 465 هەزار دینار تەرخان كراوە بۆ پرۆژەی دانانی تانكیی 10م3 لەگەڵ راكێشانی بۆریی 105 ئینج بۆ ماڵەكانی گوندی بانی بۆڵان لە قەزای دەربەندیخان، كە لەلایەن لیژنەیەكی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری سلێمانییەوە لە ماوەی 45 رۆژدا جێبەجێ دەكرێت.
سێیەم: بە فەرمانی ژمارە (9594) لە 5/8/2019دا، بڕی 20 ملیۆن و 349 هەزار دینار تەرخان كراوە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی كۆنكرێتكردنی كۆڵانێكی گوندی كانی وەتمان لە ناحیەی خەلەكان لە دوكان، كە لەلایەن لیژنەیەكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی / سەرۆكایەتیی شارەوانیی خەلەكانەوە لە ماوەی 50 رۆژدا جێبەجێ دەكرێت.
چوارەم: بە فەرمانی ژمارە (9595) لە 5/8/2019دا، بڕی 7 ملیۆن و 221 هەزار دینار تەرخان كراوە بۆ پرۆژەی دانانی تانكی 10م3 گەڵڤەنایز + راكێشانی بۆری لە تانكییەوە بۆ گەڕەكێك لە گوندی كانی شوك لە ناحیەی سورداش لە قەزای دوكان، كە لەلایەن لیژنەیەكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی دەوروبەری سلێمانییەوە لە ماوەی 60 رۆژدا جێبەجێ دەكرێت.
پێنجەم: بە فەرمانی ژمارە (9596) لە 5/8/2019دا، بڕی 81 ملیۆن و 742 هەزار دینار تەرخان كراوە بەمەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی كۆنكرێتكردن و دروستكردنی شۆستە و چەند شەقامێك لە دوكان، كە لەلایەن لیژنەیەكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی / سەرۆكایەتیی شارەوانیی دوكانەوە لە ماوەی 60 رۆژدا جێبەجێ دەكرێت.
شەشەم: بە فەرمانی ژمارە (9597) لە 5/8/2019دا، نبڕی 12 ملیۆن و 961 هەزار و 750 دینار تەرخان كراوە بەمەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی دانانی ئینارەی كارەبا بۆ رێگای گەشتیاریی كانی میۆیڵە و رێگای سەرەكیی خەلەكان لە ناحیەی خەلەكان، كە لەلایەن لیژنەیەكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانییەوە لە ماوەی 10 رۆژ كاركردندا جێبەجێ كراوە.
حەوتەم: بە فەرمانی ژمارە (9657) لە 5/8/2019دا، بڕی 19 ملیۆن و 768 هەزار دینار تەرخان كراوە بۆ پرۆژەی بە دوولاینكردنی فیدەری 13ی دۆڵی جافایەتی / جوبلاخ لە ناحیەی سورداش لە قەزای دوكان، كە لەلایەن لیژنەیەكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانییەوە لە ماوەی 30 رۆژدا جێبەجێ دەكرێت.
هەشتەم: بە فەرمانی ژمارە (9658) لە 5/8/2019دا، بڕی 33 ملیۆن و 629 هەزار دینار تەرخان كراوە بۆ پرۆژەی دروستكردنی شەقامی 15م لە بەردەم كتێبخانەی پیرەمەگرون لە ناحیەی پیرەمەگرون لە قەزای دوكان، كە لەلایەن لیژنەیەكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی / سەرۆكایەتیی شارەوانیی پیرەمەگرونەوە لە ماوەی 90 رۆژدا جێبەجێ دەكرێت.
بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن و نوێترین هەواڵ و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:
https://twitter.com/SlemaniGov
https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscriber