بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

ڕۆژی 11ی شوبات


-    ڕۆژی 11ی شوباتی ساڵی 641ی زایینی، ئیمپراتۆر (هێرقل) بە ناوبانگترین سەركردەكانی ئیمپراتۆرییەتی بێزەنتی كۆچی دوایی كردووە كە بە یەكێك لە فەرمانڕەوا بەهێزەكانی ئەو سەردەمە لە قەڵەم دەدرێت.
-    ڕۆژی 11ی شوباتی ساڵی 1198ی زایینی، زانا ‌و فەیلەسوفی بەناوبانگی جیهانی ئیسلامی (ئیبن ڕوشد) كۆچی دوایی كردووە كە چەندین كتێبی لە بوارەكانی فەلسەفە ‌و پزیشكی ‌و فیزیا ‌و بیركاریدا نوسیوە.
-    ڕۆژی 11ی شوباتی ساڵی 1650، فەیلەسوفی ناوداری فەرەنسا ‌و جیهان (ڕینییە دیكارت) كۆچی دوایی كردووە كە خزمەتێكی زۆری بە هزری ئەوروپا كردوە.
-    ڕۆژی 11ی شوباتی ساڵی 1752، یەكەم نەخۆشخانەی گشتیی جیهان بە ناوی نەخۆشخانەی پەنسلڤانیا لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كرایەوە بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان.
-    ڕۆژی 11ی شوباتی ساڵی 1809، ئەندازیار ‌و داهێنەری بەناوبانگ (ڕۆبەرت فلتۆن) یەكەم كەشتیی دروستكرد كە بە وزەی هەڵم كاری دەكرد ‌و ئەو هەنگاوەش بوە هۆی بەهێزبوونی گواستنەوەی ئاویی.
-    ڕۆژی 11ی شوباتی ساڵی 1814، نەرویج بووە وڵاتێكی خاوەن سەروەریی ‌و سیستمی پاشایەتیی تێدا ڕاگەیەنرا ‌و لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە دانی پێدا نرا.
-    ڕۆژی 11ی شوباتی ساڵی 1889، یەكەم دەستووری هەمیشەیی لە ژاپۆن ڕاگەیەندرا كە بە دەستووری میجی ناسراوە ‌و تێیدا پایەكانی حوكمڕانیی ئەو وڵاتەی تێدا جێگیر كرابوو.
-    ڕۆژی 11ی شوباتی ساڵی 1902، هاووڵاتیانی بەلجیكا خۆپیشاندانێكی فراوانیان ئەنجام دا ‌و ڕژانە سەر شەقامەكانی برۆكسلی پایتەخەت كە تێیدا داوایان كرد ماف بدرێتە ژنان ‌و كەمینەكان هەتا بەشداریی لە پرۆسەی دەنگداندا بكەن بەڵام پۆلیسی ئەو وڵاتە پەلاماری خۆپیشاندەرانی دا ‌و كپیكردەوە.
-    ڕۆژی 11ی شوباتی ساڵی 1925، شۆڕشگێڕەكانی (شێخ سەعیدی پیران) پەلاماری سوپای توركیایان دا ‌و لە ئەنجامدا شاری گەنج لە باكوری كوردستان لە دەستی توركەكان ڕزگار كرا.
-    ڕۆژی 11ی شوباتی ساڵی 1945، هەرسێ‌ سەرۆكی ئەمریكا ‌و بەریتانیا ‌و یەكێتیی سۆڤێت ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەكو دەسەڵاتداری یەكەم لە ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكاندا.
-    پاش ڕاگەیاندنی كۆماری مهاباد، ڕۆژی 11ی شوباتی ساڵی 1946 ناوی سەرۆك وەزیران ‌و وەزیرەكانی كابینەی حكومەتی كۆماری كوردستان ئاشكرا كران ‌و لە ڕۆژنامەی كوردستاندا بڵاوكرایەوە كە لە یانزدە وەزارەت پێكهاتبوو.
-    بە هۆی ئەوەی مەترسیی بۆ بەرژەوەندییەكانی دروست دەبوو لەگەڵا وڵاتانی عەرەبیدا، ڕۆژی 11ی شوباتی ساڵی 1953 یەكێتیی سۆڤێت هەموو جۆرە پەیوەندییەكی دبلۆماتیی لەگەڵا دەوڵەتی ئیسرائیلدا پچڕاند.
-    ڕۆژی 11ی شوباتی ساڵی 1970، پێكدادانێكی قورس لە نێوان پەنابەرە فەڵەستینییەكان ‌و هێزە ئەمنییەكانی ئوردندا لە شاری عەممانی پایتەختی ئوردن ڕوویدا كە بە هۆیەوە زیاتر لە 300 كەس كوژران ‌و سەدانی تریش بریندار بوون بەو هۆیەشەوە پاشای ئوردن وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتەی لە پۆستەكەی دوورخستەوە.
-    ڕۆژی 11ی شوباتی ساڵی 1969، ئەكتەری شۆخ ‌و شەنگی هۆڵیوود (جێنیفەر ئەنیستۆن) لە ئەمریكا لە دایك بووە كە بەشداریی لە چەندین فیلمی سینەماییدا كردوە ‌و چەند خەڵاتێكی گەورەشی بەدەست هێناوە.
-    ڕۆژی 11ی شوباتی ساڵی 1970، حكومەتی ژاپۆن سەركەوتنی بەدەست هێنا لە هەڵدانی یەكەم مانگی دەستكرد بۆ بۆشایی ئاسمان ‌و چووە ریزی وڵاتانی خاوەن مانگی دەستكرد.
-    ڕۆژی 11ی شوباتی ساڵی 1979، ئێزگە ‌و تەلەفزیۆنی ئێرانی ڕایگەیاند كە شۆڕشی گەلانی ئێران لە دژی ڕژێمی پاشایەتیی لەو وڵاتەدا سەركەوتنی تەواوی بەدەست هێناوە، زۆربەی ناوچە كوردییەكانی خۆرهەڵاتی كوردستانیش كەوتە ژێر دەسەڵاتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ‌و لایەنە كوردییەكانی دیكە.
-    ڕۆژی 11ی شوباتی ساڵی 1983، یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی هۆڵەندا (ڕافاییل ڤان دەر ڤارت) لە دایك بووە كە بەشداریی لە دەیان یاریی نێودەوڵەتیدا كردوە ‌و یارییشی بۆ چەندین یانەی ناوداری جیهان كردوە.
-    لە میانی جەنگی نێوان ئێران ‌و عێراقدا كە بە جەنگی یەكەمی كەنداو ناسراوە، ڕۆژی 11ی شوباتی ساڵی 1986، سوپای ئێران هێرشێكی گەورەی بۆ شارۆچكەی فاوی سەر بە پارێزگای بەسرە ئەنجامدا ‌و بە هۆیەوە بەندەری فاوی داگیر كرد كە گرنگترین  ‌و تاكە پێگەی دەریایی عێراق بوو.
-    ڕۆژی 11ی شوباتی ساڵی 1987، مەفرەزەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان هێرشێكی گەورەیان بۆ سەر هێزەكانی سوپای عێراق لە ناوچەی دۆڵی ئاكۆییان ئەنجامدا ‌و زیانێكی زۆریان لە هێزەكانی عێراق دا ‌و سەدانیان لێ‌ بە دیل گرتن.
-    ڕۆژی 11ی شوباتی ساڵی 1988، ئەمریكا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لە بارەی مافەكانی مرۆڤەوە ئەوەی ئاشكرا كرد كە دەوڵەتی توركیا مافی گەلی كورد لە باكوری كوردستان پێشێل دەكات.
-    لە پاش بەسەربردنی 27 ساڵا زیندان لە گرتووخانەكانی باشوری ئەفریقادا سەرئەنجام ڕۆژی 11ی شوباتی ساڵی 1990 (نیڵسۆن ماندێلا) سەركردەی كرنگرەی نیشتمانیی ئەفریقا ئازاد كرا.
-    دوای ڕزگاركردنی كوەیت لە دەستی سوپای عێراق لەلایەن سوپای هاوپەیمانەكانەوە، ڕۆژی 11ی شوباتی ساڵی 1992، هەردوو حكومەتی كوەیت ‌و بەریتانیا ڕێككەوتننامەیەكیان مۆر كرد بە مەبەستی بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی كوەیت ‌و هاوكاریكردنی سەربازیی لە نێوان كوەیت ‌و لەندەندا.
-    ڕۆژی 11ی شوباتی ساڵی 1996، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئامادەیی پیشاندا بۆ لەخۆگرتنی پەنابەرانی كوردی توركیا لە ئۆردوگای ئۆتریش.
-    ڕۆژی 11ی شوباتی ساڵی 2003، گەورەترین كەرنەڤاڵی میوزیك لە جیهاندا بەڕێوەچوو كە لەلایەن هونەرمەندی بەناوبانگ (یانی)یەوە سەرپەرشتیی دەكرا ‌و ناوی (ئیسنیستی) بوو تێیدا زۆربەی ئامێرەكانی میوزیك ‌و ئاوازی جیاجیای میلیی جیهانی بەكارهێنرا ‌و لە دوانزدە پارچە میوزیكدا لە كۆنسێرتێكدا پێشكەش كران ‌و دەیان هەزار كەس ئامادەی كەرنەڤاڵەكە بوون.
-    ڕۆژی 11ی شوباتی ساڵی 2004، لە میانی سەردانێكیدا بۆ توركیا (حوسنی موبارەك)ی سەرۆكی میسر دژایەتیی خۆیی بۆ پێدانی فیدراڵی بە گەلی كورد لە عێراقدا دەربڕی.
-    ڕۆژی 11ی شوباتی ساڵی 2008، نوسەر ‌و ئەدیبی عێراقی (فوئاد تەكەرلی) كۆچی دوایی كردووە كە لە ماوەی ژیانیدا خزمەتێكی زۆری بە ئەدەب كردوە.
-    پاش ئەوەی بە هۆی ڕاپەڕینی گەلانی میسرەوە دەسەڵاتی وڵاتەكەیی ڕادەستی (عومەر سلێمان)ی جێگری كرد، ڕۆژی 11ی شوباتی ساڵی 2011 (حوسنی موبارەك)ی سەرۆكی میسر بە یەكجاریی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكایەتیی كۆمار بوو.
-    ڕۆژی 11ی شوباتی ساڵی 2011، ئەدیب ‌و نوسەر ‌و شاعیری ناوداری فینلەندی (پۆ كاربیلان) لە تەمەنی 85 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە كە خاوەنی چەندین دیوانە شیعر بووە ‌و ڕۆڵێكی زۆری بینیوە لە پێشخستنی ئەدەبی فینلەندیدا.
-    ڕۆژی 11ی شوباتی ساڵی 2011، ڕاپەڕینی گەلی یەمەن لە دژی دەسەڵاتەكەی (عەلی عەبدوڵڵا ساڵح) دەستی پێكرد ‌و هاووڵاتیانی یەمەن هاوشێوەی وڵاتانی میسر ‌و لیبیا ‌و تونس داوای رووخانی دەسەڵاتەكەی سەرۆكی وڵات ‌و حكومەتی سەنعایان كرد.
-    ڕۆژی 11ی شوباتی ساڵی 2012، هونەرمەند ‌و گۆرانیبێژی پۆپی ئەمریكی (ویتنی ئیلیزابێس هیۆستن) لە تەمەنی 49 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە كە لە ماوەی ژیانیدا بە هۆی بەرهەمە هونەریەكانییەوە نزیكەی سی خەڵاتی گەورەی بەدەست هێناوە.
-    ئەمڕۆ لە ژاپۆن بە ڕۆژی دامەزراندنی نیشتمانی ئەژمار دەكرێت، لە كامیرۆنیش بە ڕۆژی نیشتمانیی گەنجان لە قەڵەم دەدرێت، لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش وەكو ڕێزلێنان لەو كەسانەی كە داهێنایان كردووە ئەمڕۆ بە ڕۆژی داهێنەران لە قەڵەم دراوە ‌و تێیدا خەڵاتی ڕێزلێنان دەبەخشرێتە ئەو كەسانەی كە هەوڵا بۆ پێشخستنی زانست ‌و وڵاتەكەیان دەدەن، لە كۆماری ئێرانیش ئەمڕۆ یادی سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی دەكرێتەوە كە بە هۆیەوە سیستمی پاشایەتیی كۆتایی پێهات ‌و لە شوێنی ئەو دەسەڵاتێكی ئایینی شیعەمەزهەب دامەزرا.


هه‌واڵی زیاتر