- لە كاتێكدا (سەڵاحەدینی ئەیوبی) سەركردەی سوپای موسڵمانەكان سەرقاڵی جەنگ بوو لەگەڵا سوپای مەسیحییەكاندا، ڕۆژی 21ی شوباتی ساڵی 1193ی زایینی سەڵاحەدین تووشی نەخۆشییەكی قورس بوو كە لە ئەنجامدا بووە هۆی پەكخستنی و دواتریش گیانی لە دەست دا.
- ڕۆژی 21ی شوباتی ساڵی 1437ی زایینی، (جیمسی یەكەم)ی پاشای سكۆتلەندا كۆچی دوایی كردووە كە هەوڵی زۆری داوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوچەكانی وێڵز و سكۆتلەندا.
- ڕۆژی 21ی شوباتی ساڵی 1677، بیرمەند و فەیلەسوفی هۆڵەندی (باروخ سپینۆزا) لە دایك بووە كە چەندین بەرهەمی گرنگی لە دوای خۆی بەجێهێشتوە.
- ڕۆژی 21ی شوباتی ساڵی 1848، (كارڵا ماركس و فریدریك ئەنگلز) بەرنامەی ماركسییەتیان بڵاوكردەوە.
- ڕۆژی 21ی شوباتی ساڵی 1920، (سەید عەبدولقادری شەمزینی) سەركردەی شۆڕشگێڕانی كورد لە شاری ئیستانبوڵی توركیا لەگەڵا نوێنەری بەریتانییەكان كۆبووەوە و لە بارەی داواكارییەكانی كوردەوە گفتوگۆیان كرد، لە كۆبوونەوەكەدا سەیدعەبدولقادر شەمزینی داخوازییەكانی كوردی بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ خستە بەردەم نوێنەری شانشینی بەریتانیا.
- ڕۆژی 21ی شوباتی ساڵی 1921، (ڕەزا پەهلەوی) سەرۆكایەتیی كودەتایەكی كرد لە دژی حوكمی قاجارییەكان لە ئێراندا و سەركەوتنی بە دەست هێنا.
- دوای 8 ساڵا سەپاندنی چاودێریی زۆرەملێ بە سەر میسردا، سەرئەنجام ڕۆژی 21ی شوباتی ساڵی 1922 شانیشنی یەكگرتووی بەریتانیا كۆتایی بە چاودێرییەكە هێنا.
- ڕۆژی 21ی شوباتی ساڵی 1924، (ڕۆبەرت مۆگابی) سەرۆكی زیمبابۆی لە دایك بووە كە بۆ ماوەی دەیان ساڵ حوكمی ئەو وڵاتەی كردوە و ساڵی 2017 بە زۆر لە سەر كورسیی دەسەڵاتی زیمبابۆی دوورخراوەتەوە و ساڵی 2019 كۆچی دوای كردوە.
- ڕۆژی 21ی شوباتی ساڵی 1946، یەكەم ژمارەی گۆڤاری هەڵاڵە لە شاری بۆكانی خۆرهەڵاتی كوردستان بڵاوكرایەوە كە گۆڤارێكی رووناكبیریی و كەلتووری بوە.
- ڕۆژی 21ی شوباتی ساڵی 1952، خوێندكارانی بەنگلادش ڕژانە سەر شەقامەكان بە مەبەستی ناڕەزایەتیی دەربڕین لە دژی بڕیارێكی حكومەت كە لە جیاتی زمانی بەنگالی زمانی ئەردیی وەكو زمانی ڕەسمیی وڵات ناساندبوو، بەو هۆیەشەوە توندوتیژیی كەوتەوە و سەدان كوژراو و برینداری لێكەوتەوە.
- ڕۆژی 21ی شوباتی ساڵی 1965، لە میانی بەشداریكردنی لە كۆنگرەیەكدا لە شاری نییویۆرك (مالكۆلم ئێكس)ی ڕابەری ڕەشپێستە موسڵمانەكانی ئەمریكا و وتەبێژی ڕێكخراوی ئوممەی ئیسلام لە پیلانێكی تەمومژاویدا تیرۆركرا ئەوەش ناڕەزایەتییەكی زۆری لێكەوتەوە.
- ڕۆژی 21ی شوباتی ساڵی 1965، (فیدڵا كاسترۆ)ی سەرۆكی كوبا سەرجەم كاروباری دامودەزگاكانی وڵاتی خۆماڵی كرد و بڕیاریدا كۆمپانیاكانی ئەمریكا لەو وڵاتە بچنە دەرەوە.
- ڕۆژی 21ی شوباتی ساڵی 1972، (ڕیچارد نیكسۆن)ی سەرۆكی ئەمریكا بە سەردانێكی ڕەسمیی گەیشتە كۆماری چین كە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی بۆ یەكەمجار بوو سەرۆكێكی ئەمریكی سەردانی چین بكات.
- ڕۆژی 21ی شوباتی ساڵی 1972، دەسەڵاتدارانی بەعس ژمارەیەك لە ئەفسەرە باڵاكانی سوپای عێراقیان بە تۆمەتی پیلانگێڕی لەناوبرد كە لە سیاسەتەكانی بەعس ناڕازی بوون.
- ڕۆژی 21ی شوباتی ساڵی 1973، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل هێرشیان كردە سەر فڕۆكەیەكی مەدەنیی لیبیایی و لە ئاسمانی (سینا)ی میسر خستیانە خوارەوە كە بە هۆیەوە نزیكەی 110 كەس لە سەرنشینەكانی گیانیان لە دەست دا.
- ڕۆژی 21ی شوباتی ساڵی 1973، یەكەم ژمارەی گۆڤاری (بۆپێشەوە) لە شاری هەولێری باشوری كوردستان بڵاوكراوەتەوە كە لەلایەن یەكێتیی مامۆستایانی كوردستانەوە دەرچووە.
- ڕۆژی 21ی شوباتی ساڵی 1979، ئەكتەری سینەمای ئەمریكی (جینیفەر لۆف هیویت) لە دایك بووە كە بەشداریی لە چەندین بەرهەمی سینەماییدا كردوە و بە یەكێك لە ئەكتەرە دیارەكانی هۆڵیوود لە قەڵەم دەدرێت.
- ڕۆژی 21ی شوباتی ساڵی 1984، ئەدیب و نوسەری ناوداری ڕوسیا (میخائیل شۆلۆخۆف) كۆچی دوایی كردووە كە بە هۆی بەرهەمە ناوازەكانییەوە ساڵی 1965 خەڵاتی نۆبڵی بۆ بواری ئاداب پێبەخشراوە.
- ڕۆژی 21ی شوباتی ساڵی 1990، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ڕاپۆرتێكدا ڕژێمی بەعسی عێراقی بە پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و سەركوتكردنی كوردەكانی باشوری كوردستان تاوانبار كرد.
- ڕۆژی 21ی شوباتی ساڵی 1991، شاعیر و زمانزان و بلیمەتی بواری ئەدەبی كوردی و نیشتمانپەروەر و وەرگێڕی بە توانا مامۆستا عەبدولڕەحمان شەرەفكەندی ناسراو بە (هەژار موكریانی) لە خۆرهەڵاتی كوردستان كۆچی دوایی كردووە كە ساڵی 1921 لە دایك بوە خزمەتێكی زۆری ئەدەبی كوردیی كردوە و چەندین بەرهەمی بە پێزی لە دوای خۆی بەجێهێشتوە.
- ڕۆژی 21ی شوباتی ساڵی 2004، لە چەندین پایتەختی وڵاتانی جیهاندا لەلایەن ڕەوەندی كوردییەوە خۆپیشاندان ئەنجام درا و داوای ئەوە كرا كۆمەڵی نێودەوڵەتی و وڵاتانی زلهێز پشتیوانی لە گەلی كورد بكەن بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەنوس.
- ڕۆژی 21ی شوباتی ساڵی 2004، شاعیر و خۆشنوس و مێژوونوسی عێراقی (وەلید ئەعزەمی) كۆچی دوایی كردووە كە خزمەتێكی زۆری بە ئەدەب و كەلتووری عێراق كردوە.
- ڕۆژی 21ی شوباتی ساڵی 2005، 56 شارەوانیی باكوری كوردستان بە یاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە و تێیدا داوای ئەوەیان كرد بارودۆخی كوردی باكور باش بكرێت و كێشەی كورد لە توركیا بە شێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەر بكرێت.
- ڕۆژی 21ی شوباتی ساڵی 2012، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناوچەی یۆرۆ گەیشتنە ڕێككەوتنێكی هاوبەش بۆ پێدانی بڕی 130 ملیار یۆرۆ بە حكومەتی یۆنان بە مەبەستی ڕزگاركردنی ئەو وڵاتە لەو قەیرانە ئابورییەی تێیكەوتبوو.
- ڕۆژی 21ی شوباتی ساڵی 2012، هاووڵاتیانی یەمەن ڕوویانكردە سندوقەكانی دەنگدان بە مەبەستی هەڵبژاردنی (عەبد ڕەبە مەنسوری هادی) وەكو سەرۆكی نوێی یەمەن كە لە شوێنی (عەلی عەبدوڵڵا ساڵح) كاندید كرابوو بۆ سەرخستنی دەستپێشخەرییەكەی وڵاتانی كەندا و لە پێناو چارەسەركردنی كێشەی ناوخۆیی یەمەن و كۆتاییهێنان بە بارگرژییەكانی ناوخۆی ئەو وڵاتە.
- ڕۆژی 21ی شوباتی ساڵی 2012، هونەرمەند و موزیسیانی ناوداری سعودی (تارق عەبدولحەكیم) لە تەمەنی 94 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە كە ڕۆڵی زۆری هەبووە لە پێشخستنی هونەری میوزیك لە عەرەبستانی سعودییەدا.
- ئەمڕۆ بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایك ئەژمار دەكرێت كە لەلایەن ڕێكخراوی یونسكۆوە ڕاگەیەندراوە و ئامانج لێی پاراستنی زمانە جیاجیاكانی جیهانە، لە هەمان كاتیشدا هەر ئەمڕۆ بە ڕۆژی جیهانیی خوێندكار لە قەڵەم دەدرێت، لە ئەمریكاش موسڵمانەكان یادی تیرۆركردنی مالكۆلم ئێكس دەكەنەوە، لە بەنگلادشیش ئەمڕۆ بە جەژنی شەهیدانی زمان دەژمێردرێت و یادی ئەو خوێندكارانە دەكرێتەوە كە لە پێناو ناساندنی زمانی بەنگالیدا بوونە قوربانیی.