بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

ڕۆژی 14ی شوبات


-    ڕۆژی 14ی شوباتی ساڵی 1405ی زایینی، (تەیموری لەنگ) كۆچی دوایی كردووە كە یەكێك بووە لە سەركردە بەناوبانگەكانی ئیمپراتۆرییەتی مەغۆل ‌و لەسەر دەستی ئەو چەندین وڵاتی جیهان داگیركراون.
-    ڕۆژی 14ی شوباتی ساڵی 1804، سربەكان بە ڕابەرایەتیی (قرە جۆردی) یەكەم ڕاپەڕینیان لە دژی دەوڵەتی عوسمانی دەستپێكرد بە مەبەستی دەركردنی سوپای عوسمانی لە ناوچەكانی یۆگۆسلافیادا.
-    ڕۆژی 14ی شوباتی ساڵی 1859، ناوچەی ئۆریگۆن چووە پاڵا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەوەش بووە 33هەمین ویلایەتی ئەمریكا.
-    ڕۆژی 14ی شوباتی ساڵی 1876، داهێنەر ‌و زانای بەناوبانگ (ئەلكساندەر گراهام بێڵا) یەكەم ئامێری تەلەفۆنی لە جیهاندا داهێناوە.
-    ڕۆژی 14ی شوباتی ساڵی 1878، سوڵتان (عەبدولحەمیدی دووەم)ی سوڵتانی دەوڵەتی عوسمانی پەرلەمانی ئەو دەوڵەتەی هەڵوەشاندەوە ‌و تا كودەتاكەی ساڵی 1908 توركیا بەبێ‌ پەرلەمان مایەوە.
-    دوای ئەوەی سوپای چیك شاری (ئەتۆ فاغستا)ی پۆلیڤیایان داگیركرد، ڕۆژی 14ی شوباتی ساڵی 1879 جەنگی باسیفیك لە نێوان پۆلیڤیا ‌و چیكدا بەرپابوو.
-    ڕۆژی 14ی شوباتی ساڵی 1899، كۆنگرێسی ئەمریكا ڕەزامەندیی پیشاندا كە لە میانی هەڵبژاردنەكاندا ڕۆژنامەنوسان وێنەی پرۆسەكە بگرن ‌و رووماڵی بكەن.
-    ڕۆژی 14ی شوباتی ساڵی 1908، پارتی نیشتمانیی میسری (محەمەد فەرید)ی وەكو سەركردەی ئەو پارتە هەڵبژارد ‌و شوێنی (مستەفا كامل)ی گرتەوە.
-    ڕۆژی 14ی شوباتی ساڵی 1912، ناوچەی ئەریزۆنا چووە پاڵا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ‌و بووە 48هەمین ویلایەتی ئەمریكا.
-    لە میانی شۆڕشی (شێخ سەعیدی پیران)دا لە دژی دەوڵەتی توركیا، ڕۆژی 14ی شوباتی ساڵی 1925 شاری (داراهین)ی باكوری كوردستان لە ژێر دەستی هێزەكانی توركیا ڕزگاركرا ‌و شێخ سەعیدیش كردییە پایتەختی كاتیی كوردستان.
-    دوای تێكشكانی سوپای ئەڵمانیا لە ڕوسیا ‌و شكستهێنانی لە داگیركردنی شارە گەورەكانی یەكێتیی سۆڤێت، ڕۆژی 14ی شوباتی ساڵی 1943 سوپای ڕوسیا شاری ڕۆستۆفی لە دەستی سوپای نازییەكان ڕزگاركرد.
-    ڕۆژی 14ی شوباتی ساڵی 1949، دەسەڵاتدارانی عێراق دەستەیەك لە دامەزرێنەرانی حزبی شیوعیی عێراقیان لە سێدارە دا كە لە نێوانیاندا (یوسف سەلمان یوسف)ی سەركردەی شیوعییەكان هەبوو.
-    ڕۆژی 14ی شوباتی ساڵی 1961، خاتوونی شۆخ ‌و شەنگ ‌و گۆرانیبێژی تونسی (لەتیفە) لە دایك بووە كە چەندین بەرهەمی هونەریی بڵاوكردووەتەوە ‌و خاوەنی چەند ئەلبومێكی گۆرانییە.
-    دوای سەركەوتنی كودەتای بەعسییەكان لە عێراق بەسەر دەسەڵاتەكەی عەبدولكەریم قاسمدا، ڕۆژی 14ی شوباتی ساڵی 1963، (عەبدولسەلام عارف) وەكو سەرۆك كۆماری عێراق كورسیی دەسەڵاتی گرتە دەست.
-    ڕۆژی 14ی شوباتی ساڵی 1977، (مەلا مستەفای بارزان) نامەیەكی ناڕەزایەتیی دایە كۆنگرێسی ئەمریكا سەبارەت بە بارودۆخی باشوری كوردستان كە تێیدا گلەیی لە (جیمی كارتەر)ی سەرۆكی ئەمریكا كردبوو بە هۆی ئەوەی وەڵامی نامەكەی بارزانیی نەدابووەوە.
-    ڕۆژی 14ی شوباتی ساڵی 1987، سوپای بەعس هێرشێكی بەرفراوانی بۆ سەر ناوچەی قەڵاتۆكان ئەنجامدا بەڵام هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە توندی بەرپەرچی هێرشەكەیان دایەوە ‌و تێكیانشكاند.
-    ڕۆژی 14ی شوباتی ساڵی 1989، ئیمام خومەینی ڕابەری كۆماری ئیسلامیی ئێران لە فتوایەكدا ڕشتنی خوێنی (سەلمان ڕوشدی)ی نوسەری حەڵاڵا كرد بە هۆی بڵاوكردنەوەی ڕۆمانی (ئایاتی شەیتانی).
-    ڕۆژی 14ی شوباتی ساڵی 1992، یەكەم كۆنگرەی گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆتاییهات كە تێیدا (جەلال تاڵەبانی) وەكو سكرتێری گشتیی هەڵبژێردرایەوە.
-    ڕۆژی 14ی شوباتی ساڵی 1999، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ‌و سەرۆك كۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری تاران كۆبوونەوە بە مەبەستی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم ‌و ئێران.
-    ڕۆژی 14ی شوباتی ساڵی 2003، (محەمەد بەرادعی) بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دوایین ڕاپۆرتی ئاژانسەكەی لە بارەی چەكی كۆكوژی عێراق خستە بەردەم ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان، كە ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش دژی وەشاندنی گورزی سەربازی بوون لە عێراق، لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژەی بەوەدابوو هیچ بەڵگەنامەیەك نەدۆزراوەتەوە بیسەلمێنێت حكومەتی عێراق خاوەنی چەكی كۆكوژە.
-    ڕۆژی 14ی شوباتی ساڵی 2005، لە پیلانێكدا (ڕەفیق حەریری) سەرۆك وەزیرانی لوبنان لە شاری بەیروت تیرۆر كرا كە لە ڕێگەی بۆمبڕێژكردنی ئۆتۆمبێلەكەیەوە ئەنجامدرا.
-    ڕۆژی 14ی شوباتی ساڵی 2006، پاسەوانەكانی مزگەوتی (ئەقسا)ی شاری قودس هەوڵێكی چوار توندڕەوی جولەكەیان پووچەڵكردەوە كە بەنیازبوون لە ڕێگەی لێدانی تونێلێكەوە بگەنە ژێر گۆڕستانی (ڕەحمە) بە مەبەستی هەڵدانەوەی گۆڕەكان.
-    ڕۆژی 14ی شوباتی ساڵی 2009، میرنشینە یەكگرتووەكانی عەرەب پێدانی ڤیزای بە (شاهار بیر)ی یاریزانی تۆپی سەرمێزی ئیسرائیلی ڕەتكردەوە بۆ بەشداریكردن لە پاڵەوانێتیی (سۆنی ئیریكسۆن) كە لە میرنشینی دوبەی سازكرابوو.
-    لە میانی ڕاپەڕینی گەلانی عەرەب لە دژی دەسەڵاتداران، ڕۆژی 14ی شوباتی ساڵی 2011 گەلی بەحرەین دەستیان بە ڕاپەڕین كرد ‌و خۆپیشاندانێكی فراوانیان لە ژێر ناوی (ڕۆژی توڕەبوون)دا ئەنجامدا.
-    ئەمڕۆ لە لوبنان بە ڕۆژی یادكردنەوەی تیرۆركردنی حەریری لە قەڵەم دەدرێت، لە مەكسیكیش بە ڕۆژی ماتەمی نیشتمانی لە قەڵەم دەدرێت، هەر ئەمڕۆش لە جیهاندا بە ڕۆژی عاشقان واتە (ڤالانتاین) ئەژمار دەكرێت كە تێیدا خۆشەویستان ‌و عاشقان دیاریی تایبەت پێشكەش بە ئەویندارانیان دەكەن.


هه‌واڵی زیاتر