بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

ڕۆژی 13ی شوبات


-    دوای ئەوەی سوپای مەغۆلەكان بە سەركرایەتیی (هۆلاكۆ خان) دەستیان بەسەر شاری بەغدادا گرت ‌و كۆتاییان بە خەلافەتی عەباسی هێنا، ڕۆژی 13ی شوباتی ساڵی 1258ی زایینی، سەرجەم ئەو ناوچانەی كەوتبوونە سنوری فەرمانڕەوایی عەباسییەكانەوە خۆیان ڕادەستی مەغۆلەكان كرد.
-    ڕۆژی 13ی شوباتی ساڵی 1332ی زایینی، (ئەندرۆنیكۆسی دووەم بالیۆلۆج)ی ئیمپراتۆری ئیمپراتۆرییەتی بێزەنتی كۆچی دوایی كردووە كە فەرمانڕەوایەكی بەتوانا بوە.
-    ڕۆژی 13ی شوباتی ساڵی 1599، (ئەسكەندەری حەوتەم)ی پاپای كلێسای ڕۆمانیی كاسۆلیكی لە دایك بووە كە هەوڵی زۆری داوە بۆ چاكسازیی ئایینی و بەهێزكردنی پێگەی كلێسا.
-    دوای دەیان ساڵا شەڕ و كوشتار لە نێوان ئیسپانیی ‌و پورتوگالییەكاندا، سەرئەنجام ڕۆژی 13ی شوباتی ساڵی 1668 شانشینی ئیسپانیا دانی بە سەربەخۆیی پورتوگالدا نا و بوە وڵاتێكی خاوەن سەروەریی.
-    ڕۆژی 13ی شوباتی ساڵی 1795، یەكەم زانكۆ لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا كرایەوە كە ئەویش زانكۆی كارۆلینای باكور بووە ‌و بوەتە ناوەندێكی ئەكادیمیی بەهێز.
-    ڕۆژی 13ی شوباتی ساڵی 1833، موزیسیان ‌و هونەرمەندی بەناوبانگی ئەڵمانیا ‌و جیهان (ڕیچارد ڤاگنەر) كۆچی دوایی كردووە كە چەندین ئاوازی ناوازەی لە پاش خۆی بەجێشتووە ‌و بە شاكاری جیهانی دادەنرێن.
-    ڕۆژی 13ی شوباتی ساڵی 1866، چەتەی بەناوبانگ (جیسی جێمیس) ‌و ژمارەیەك لە هاوكارەكانی توانییان بۆ یەكەمجار لە جیهاندا بانكێكی گەورە لە مەكسیك ببڕن ‌و ئەوەش حكومەتی ئەو وڵاتەی ناچار كرد بۆ پارێزگاریكرن لە بانكەكان گۆڕانكاریی بەسەر شێوازی پاسەوانیكردنیاندا بهێنێت.
-    بە هۆی ئەو بێلایەنییەی كە بە درێژایی مێژوو هەیبووە، ڕۆژی 13ی شوباتی ساڵی 1920 ڕێكخراوی عوسبەتولئومەم دانی بەوەدا نا كە سویسرا وڵاتێكی بێلایەنە ‌و پشتگیریی لە هیچ وڵاتێكی جیهان ناكات.
-    لە میانی جەنگی دووەمی جیهانیدا كە ئەڵمانیای نازی پیلانی بۆ ئەوە داڕشتبوو هەموو وڵاتانی ئەوروپا داگیر بكات، ڕۆژی 13ی شوباتی ساڵی 1942 هێتلەری سەركردەی نازییەكان لەو بۆچوونەی پەشیمان بووەوە كە دەبێت بەریتانیا داگیر بكات ‌و بە پلانی (شێری دەریا) ناسرابوو.
-    ڕۆژی 13ی شوباتی ساڵی 1946، كۆمەڵەی گشتیی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان شاری نییویۆركی ئەمریكای وەكو ئۆفیسی سەرەكیی ڕێكخراوەكە دەستنیشان كرد.
-    ڕۆژی 13ی شوباتی ساڵی 1948، ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیانی باشوری كوردستان گەیشتنە شاری بەغدادی پایتەختی عێراق بە مەبەستی خۆپیشاندان ‌و ناڕەزایەتیی دەربڕین لە بەرامبەر پەیمانی پۆرتسمۆس كە دانی بە مافەكانی گەلی كورددا نەدەنا.
-    ڕۆژی 13ی شوباتی ساڵی 1960، فەرەنسا یەكەم تاقیكردنەوەی ئەتۆمیی ئەنجامدا، تاقیكردنەوەكەش لە بیابانەكانی خاكی جەزائیردا ئەنجامدرا كە ئەو كاتە لە ژێر دەستی فەرەنسادا بووە بەو مەبەستەی خەڵكی فەرەنسا لە زیانەكانی بەدوور بگرن.
-    بە هۆی ئەوەی نوسەر ‌و ئەدیبی ڕوسیایی (ئەلكسەندەر سۆلجنیتسین) ڕەخنەی لە سیاسەتەكانی یەكێتیی سۆڤێت دەگرت، ڕۆژی 13ی شوباتی ساڵی 1974 حكومەتی مۆسكۆ ئەو ئەدیبەی دەركرد ‌و ڕەگەزنامەی سۆڤێتیشی لێسەندەوە.
-    ڕۆژی 13ی شوباتی ساڵی 1984، پارتی كۆمۆنیستی سۆڤێتی (قوستەنتین تشیرنیكۆ)ی وەكو سكرتێری گشتیی پارتی فەرمانڕەوا هەڵبژارد.
-    ڕۆژی 13ی شوباتی ساڵی 1986، هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ناوچەی شارباژێڕ ‌و لەسەر ڕێگای نێوان چوارتا ‌و كەناروێ‌ پەلاماری سوپای عێراقیان دا ‌و بە هۆیەوە زیانێكی زۆریان بەو سوپایە گەیاند.
-    ڕۆژی 13ی شوباتی ساڵی 1990، دەسەڵاتدارانی بەعس ژمارەیەك هاووڵاتیی كوردیان لە شاری هەولێر ‌و لە ناو مەلعەبەكەی ئەو شارەدا بە بەرچاوی خەڵكەوە گولەباران كرد بە تۆمەتی دژایەتیكردنی حكومەت.
-    لە میانی جەنگی دووەمی كەنداودا كە هێزەكانی هاوپەیمانان كردیانە سەر عێراق، ڕۆژی 13ی شوباتی ساڵی 1991 فڕۆكەكانی هاوپەیمانان بە هەڵە هێرشێكیان كردە سەر پەناگەی (عامرییە) لە شاری بەغداد كە بە هۆیەوە زیاتر لە 400 هاووڵاتی مەدەنی كوژران.
-    ڕۆژی 13ی شوباتی ساڵی 1995، كۆنگرەی نەتەوەیی كورد كۆبوونەوەیەكی گەورەی لە ئەمریكا ساز كرد بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی ڕەوشی كورد ‌و كۆتاییهێنان بە شەڕی براكوژی لە باشوری كوردستان.
-    ڕۆژی 13ی شوباتی ساڵی 1997، پەرلەمانی بەریتانیا كۆبوونەوەیەكی تایبەتی بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی كورد لە باشوری كوردستان ‌و ئەو تاوانانە ساز كرد كە دەوڵەتی عێراق لە دژی گەلی كورد ئەنجامیان دەدات.
-    ڕۆژی 13ی شوباتی ساڵی 1999، ڕژێمی بەعس لە درێژەی سیاسەتی تەعریب ‌و راگواستنی كورددا 25 خێزانی كوردی لە شارۆچكەی خانەقین بەرەو ناوچەكانی ناوەڕاست ‌و باشوری عێراق دوورخستەوە.
-    ڕۆژی 13ی شوباتی ساڵی 2005، ئەنجامی هەڵبژاردنە گشتییەكانی عێراق ئاشكرا كرا كە شیعەكان 48%ی دەنگەكان ‌و كورد 25% ‌و سوننەكانیش (14%)یان بەدەست هێنابوو بەڵام سوننەكان بە ئەنجامەكان ڕازی نەبوون ‌و بڕیاری بایكۆتی بەشداریكردنیان دا لە حكومەتدا.
-    ڕۆژی 13ی شوباتی ساڵی 2010، سیاسەتمەدار ‌و ئەفسەری باڵای سوپای ئوردن فەریق ڕوكن (عامر پاشا بەسیم خماش) لە تەمەنی 86 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە كە یەكێك بووە لە سەركردە سەربازییە بەتواناكانی ئوردن ‌و ڕۆڵی هەبووە لە پێشخستنی سوپای ئوردندا.
-    دوای ئەوەی (حوسنی موبارەك) دەستبەرداری كورسیی حوكمڕانی بوو لە میسر ‌و دەسەڵاتی ئەو وڵاتە كەوتە دەست ئەنجومەنی باڵای سەربازیی میسر، ڕۆژی 13ی شوباتی ساڵی 2011 ئەنجومەنەكە پەرلەمان ‌و ئەنجومەنی شورای هەڵوەشاندەوە ‌و كاركردن بە دەستووریشی ڕاگرت تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی لە میسردا.
-    ڕۆژی 13ی شوباتی ساڵی 2012، سەركردەی سەربازیی ‌و سیاسەتمەداری جەزائیری فەریق (محەمەد عەماری) لە تەمەنی 73 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە كە فەرماندەی ئەركانی سوپای نیشتمانیی گەلی جەزائیر بووە ‌و ڕۆڵی زۆری هەبووە لە دوورخستنەوەی (شازلی بنجدید)ی سەرۆكی ئەو وڵاتە لەسەر كورسیی دەسەڵات.
-    ئەمڕۆ لە ئەمریكا بە ڕۆژی بڕینی بانكەكان لە قەڵەم دەدرێت بە بۆنەی یادی هێرشكردن ‌و بڕینی بانكێكی حكومی لەلایەن (جێسی جەیمس)ەوە كە بە یەكێك لە چەتە بەناوبانگەكانی جیهان ئەژمار دەكرێت.


هه‌واڵی زیاتر