- ڕۆژی 22ی شوباتی ساڵی 1512ی زایینی، دەریاوان و دۆزەرەوەی ئیتاڵی (ئەمیریگۆ فیسبوچی) كۆچی دوایی كردووە كە ڕۆڵی هەبووە و لە دۆزینەوە و ئاشكراكردنی چەندین شوێنی گرنگی جیهاندا.
- ڕۆژی 22ی شوباتی ساڵی 1732، (جۆرج واشنتۆن) یەكەم سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە دایك بووە كە ڕۆڵی سەرەكیی هەبووە لە دروستكردنی ویلایەتە یەكگرتووەكاندا.
- ڕۆژی 22ی شوباتی ساڵی 1788، فەیلەسوفی بەناوبانگی ئەڵمانی (ئارسەر شۆبنهاوەر) لە دایك بووە كە لە ماوەی ژیانیدا چەندین چەمكی فەلسەفیی داڕشتووە و یەكێك بووە لەو كەسانەی بڕوای بە عەبەسییەت و ڕەشبینی هەبووە و هیچ بڕوایەكی بە هیوا و ژیان نەبووە.
- ڕۆژی 22ی شوباتی ساڵی 1912، هێزەكانی (سالار دەولە) پەلاماری شاری كرماشانی خۆرهەڵاتی كوردستانیان دا و دوای شەڕێكی سەخت دەستیان بەسەردا گرت.
- لە میانی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییەكانی گەلی كورد بەرامبەر بە حكومەتی ئێران و ئەو هەوڵانەی بۆ سەركوتكردنی موسڵمانەكان دەدرا، ڕۆژی 22ی شوباتی ساڵی 1918 فەرمانداری ورمێ و نوێنەرانی ئەمریكا و ڕوسیا و فەرەنسا كۆبوونەوە بە مەبەستی ئارامكردنەوەی شاری ورمێ، بەڵام بەهۆی ئەوەی نوێنەری كورد لەو كۆبوونەوەیەدا نەبوو هیچ ئەنجامێكی لێنەكەوتەوە بەو هۆیەوە شەڕێكی گەورە لە نێوان موسڵمان و مەسیحییەكانی ورمێدا ڕوویدا.
- ڕۆژی 22ی شوباتی ساڵی 1943، (هۆرست كۆلەر)ی ڕاویًَژكاری ئەڵمانیا لە دایك بووە كە یەكێكە لە سەركردە دیارەكانی ئەڵمانیا و رۆڵی زۆری بینیوە لە پێشخستنی ئابوریی وڵاتەكەیدا.
- ڕۆژی 22ی شوباتی ساڵی 1944، وەفدێكی كورد سەردانی شاری بەغدادیان كرد و لەگەڵا بەرپرسانی عێراقدا كۆبوونەوە كە لە نێوان وەفدەكەی كورددا (مەلا مستەفای بارزان و فەتاح ئاغای هەركی) هەبوون، ئامانج لە كۆبوونەوەكەش دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەك بوو بۆ كۆتاییهێنان بە كێشەی نێوان كوردی باشور و دەوڵەتی عێراق.
- ڕۆژی 22ی شوباتی ساڵی 1958، كۆماری عەرەبیی یەكگرتوو لە نێوان سوریا و میسردا ڕاگەیەندرا كە تێیدا (شوكری قوەتلی) سەرۆكی سوریا سازشی بۆ (جەمال عەبدولناسر)ی سەرۆكی میسر كرد بەڵام پاش ماوەیەك یەكگرتنەكە هەڵوەشایەوە.
- ڕۆژی 22ی شوباتی ساڵی 1972، شێخ (خەلیفە بن حەمەد ئالسانی) كودەتایەكی سپیی بە سەر شێخ (ئەحمەد بن عەلی ئالسانی)ی ئامۆزایدا ئەنجامدا و لە كورسیی دەسەڵاتی دوورخستەوە خۆیشی بووە میری نوێی قەتەر.
- ڕۆژی 22ی شوباتی ساڵی 1973، یەكەم زانكۆی حكومی لە میرنشینی قەتەر كرایەوە بە ناوی زانكۆی قەتەر.
- ڕۆژی 22ی شوباتی ساڵی 1974، كۆنگرەی لوتكەی وڵاتانی ئیسلامی لە شاری لاهوری پاكستان دەستی بە كارەكانی كرد كە تێیدا وڵاتانی ئەندام ڕەوشی جیهانیان تاووتوێ كرد و چەند پەیماننامەیەكی نێودەوڵەتییان بۆ وڵاتانی موسڵماننشین دەركرد.
- ڕۆژی 22ی شوباتی ساڵی 1986، وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا مۆڵەتی كاركردنی دا بە پارتی دیموكراتی مەلیلی لە ناوچەكانی سیتە و مەلیلی بۆ ئەوەی وەكو پارتێكی ڕەسمی كار و چالاكیی سیاسی ئەنجام بدات و بەشدارییش لە هەڵبژاردنەكاندا بكات.
- بە هۆی ئەو پشێوییەی لە بیابانی خۆرئاوای مەراكشدا هەبوو، ڕۆژی 22ی شوباتی ساڵی 1990، ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان (جۆهانس مانز)ی وەكو نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان ڕاسپارد بۆ ئەوەی سەردانی بیابانی خۆرئاوا بكات و لە نزیكەوە لە بارودۆخی ناوچەكە بكۆڵێتەوە و ڕاپۆرتێك لە بارەی ڕەوشی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بۆ كۆمەڵی نێودەوڵەتی بەرز بكاتەوە.
- ڕۆژی 22ی شوباتی ساڵی 2000، هونەرمەند و دەرهێنەری ناوداری میسری (حوسامەدین مستەفا) كۆچی دوایی كردووە كە خزمەتێكی زۆری بە هونەری وڵاتەكەی كردوە.
- ڕۆژی 22ی شوباتی ساڵی 2003، ڕەوەندی كوردی لە سوید خۆپیشاندانێكی گەورەیان لە شاری ستۆكهۆڵمی پایتەخت ئەنجامدا و تێیدا داوایان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد هاوكاریی گەلانی عێراق بكەن بۆ كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی شۆڤێنییانەی ڕژێمی بەعس.
- پاشنیوەڕۆی ڕۆژی 22ی شوباتی ساڵی 2004، شەپۆلێكی بەفر هەرێمی كوردستان و بە تایبەت ناوچە شاخاوییەكانی گرتەوە كە بە هۆیەوە ڕێگەی چەند ناوچەیەكی شاخاویی و سنوریی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك گیران.
- ڕۆژی 22ی شوباتی ساڵی 2005، حكومەتی عێراق لەسەر ڕۆشنایی مادەی (140)ی دەستووری عێراق لیژنەیەكی تایبەتمەندی بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكانی دیكە پێكهێنا كە دەواتر ناوەكەی گۆڕدرا بۆ لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی مادەی 140.
- ڕۆژی 22ی شوباتی ساڵی 2006، لە كاتی ڕوماڵكردنی ڕووداو و پێشهاتەكانی ناوخۆی عێراقدا ڕۆژنامەنوس و پەیامنێری كەناڵی ئاسمانیی عەرەبییە (ئەتوار بەهجەت) لەگەڵا ژمارەیەك لە هاوكارەكانی لە سنوری سامەڕای سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین لەلایەن ژمارەیەك چەكدارەوە ڕفێنران و دواتر تیرۆركران.
- ڕۆژی 22ی شوباتی ساڵی 2007، بە هۆی تەقینەوەیەك لەناو هەردوو مەزارگەی (هادی و حەسەن عەسكەری) لە شاری سامەڕای عێراق گومەزی هەردوو مەزارگەكە بە تەواوی كاول بوون و ڕووخان، كە ئەو كارەش بووە هۆی سەرهەڵدانی پشێویی لە نێوان شیعە و سوننەكانی عێراقدا.
- ڕۆژی 22ی شوباتی ساڵی 2008، شەقامی (موعز) لە ناوچەی ئەزهەری شاری قاهیرەی پایتەختی میسر كرایەوە كە بە گەورەترین مۆزەخانەی كراوەی ئاسەواری ئیسلامیی ئەژمار دەكرێت لەسەر ئاستی جیهان و بەردەوام بە ڕووی گەشتیاراندا كراوەیە.
- ڕۆژی 22ی شوباتی ساڵی 2009، تەقینەوەیەكی بەهێز لە گەڕەكی (حسێن)ی شاری قاهیرەی پایتەختی میسر ڕوویدا بەهۆیەوە چەندین كوژراو و برینداری لێكەوتەوە كە لە نێوانیاندا چەندین گەشتیاری بیانیی هەبوون.
- ڕۆژی 22ی شوباتی ساڵی 2012، (عارف تەیفور) جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوای لە (تارق هاشمی) جێگری سەرۆك كۆمار كرد لە بەردەم دادگادا ئامادە بێت و بێتاوانیی خۆی بسەلمێنێت كە لەلایەن دادگاوە كۆمەڵێك تۆمەتی كردەوەی تیرۆریستیی خرابوونە پاڵا.
- ئەمڕۆ لە دورگەی (سانت لوسیا)ی خۆرهەڵاتی دەریای كاریبی بە ڕۆژی جەژنی نیشتمانیی لە قەڵەم دەدرێت و بۆنە و مەراسیمی گەورە بەڕێوەدەچێت.