بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

ڕۆژی 23ی شوبات


-    ڕۆژی 23ی شوباتی ساڵی 1660ی زایینی، (كارلی یانزدەهەم) عەرشی پاشایەتی سویدی گرتە دەست كە لە ماوەی حوكمڕانییەكەیدا هەوڵی زۆری داوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتەكەی فراوان بكات.
-    ڕۆژی 23ی شوباتی ساڵی 1685، موزیسیان ‌و ئاوازدانەری ناوداری ئەڵمانی (جۆرج فریدریك هاندڵا) لە دایك بووە كە لە ماوەی ژیانیدا چەندین شاكاری میوزیكیی بەرهەمهێناوە.
-    ڕۆژی 23ی شوباتی ساڵی 1797، هێزەكانی فەرەنسا هێرشێكی گەورەیان كردە سەر شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا بەڵام ئینگلیزەكان بە توندی بەرپەرچیان دانەوە ‌و هێرشەكە تێكشكێنرا.
-    ڕۆژی 23ی شوباتی ساڵی 1821، شاعیر ‌و ئەدیبی ناوداری ئینگلیزی (جۆن كیتس) كۆچی دوایی كردووە كە چەندین بەرهەمی بە پێزی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە.
-    ڕۆژی 23ی شوباتی ساڵی 1883، ویلایەتی ئەلابامای ئەمریكا یەكەم یاسای بۆ قەدەغەكردنی پاوانخوازی دەركرد.
-    ڕۆژی 23ی شوباتی ساڵی 1887، بومەلەرزەیەكی بەهێز ناوچەی ڕیڤیرای فەرەنسای هەژاند كە بە هۆیەوە زیاتر لە 2000 كوژارو و هەزاران برینداری لێكەوتەوە ‌و زیانێكی زۆری داراییشی بەو ناوچەیە گەیاند.
-    ڕۆژی 23ی شوباتی ساڵی 1893، زانا ‌و داهێنەری ناوداری جیهان (ڕۆدۆڵف دیزڵا) سەركەوتنی بە دەست هێنا لە دروستكردنی ماكینەیەكدا كە بە دیزڵا واتە (گازوایل) كاری دەكرد.
-    ڕۆژی 23ی شوباتی ساڵی 1903، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دورگەی گوانتانامۆی بە شێوەیەكی هەمیشەیی لە كوبا بە كرێ‌ گرت ساڵێك دواتریش لە بەرامبەر 10 ملیۆن دۆلار گەروی پەنەمای كڕییەوە.
-    ڕۆژی 23ی شوباتی ساڵی 1917، شۆڕشی بەڵشەفیك لەلایەن لینین ‌و هاوڕێكانییەوە لە دژی سیستمی حوكمڕانیی ڕوسیای قەیسەری دەستی پێكرد ‌و لە ئەنجامدا سەركەوتنی بە دەست هێنا.
-    ڕۆژی 23ی شوباتی ساڵی 1919، (بینیتۆ مۆسۆلینی) پارتی فاشیزمی ئیتاڵیای دامەزراند كە دواتر فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتەی گرتە دەست ‌و بوە هۆی ماڵوێرانی بۆ ئیتاڵیا.
-    ڕۆژی 23ی شوباتی ساڵی 1934، (لیۆبۆڵدی سێهەم) وەكو پاشای بەلجیكا هەڵبژێردرا ‌و كورسیی دەسەڵاتی گرتە دەست.
-    ڕۆژی 23ی شوباتی ساڵی 1936، شاعیری ناوداری كورد ‌و عێراق (جەمیل سدقی زەهاوی) كۆچی دوایی كردووە.
-    ڕۆژی 23ی شوباتی ساڵی 1941، بۆ یەكەمجار لەلایەن زاناكانی بواری كیمیازانییەوە توانرا مادەی پلۆتۆنیۆم وەكو توخمێكی كیمیایی جیابكرێتەوە ‌و دەست بە بەرهەمهێنانی كرا.
-    ڕۆژی 23ی شوباتی ساڵی 1966، باڵی سەربازیی حزبی بەعس لە سوریا بە سەرۆكایەتیی (سەڵاح جدید) كودەتای بە سەر فەرماندەیی نەتەوەیی حزبەكەدا ئەنجامدا لە دژی (میشێل عەفلەق)ی دامەزرێنەری حزب ‌و (ئەمین حافز)ی سەرۆك كۆماردا.
-    ڕۆژی 23ی شوباتی ساڵی 1981، سوپای شۆڕشگێڕانی ئیسپانیا دەستی بە سەر پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا گرت ‌و سەرجەم ئەندامەكانی دەستبەسەر كرد بە مەبەستی گۆڕانكاریی لە سیستمی حوكمڕانیدا بەڵام پاش چەند كاتژمێرێك لەلایەن سوپای ئیسپانیاوە هەوڵەكە پوچەڵكرایەوە.
-    دوای سەركەوتنە یەك لە دوا یەكەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە دژی سوپای عێراق ڕژێمی بەعس هەوڵیدا كورد بەوە ڕازی بكات دەستبەرداری چەك ببن بۆ ئەو مەبەستەش نێردراوی خۆیی ناردە لای كورد ‌و تا ڕۆژی 23ی شوباتی ساڵی 1985 گفتوگۆی كرد بەڵام هەوڵەكەی شكستی هێنا.
-    ڕۆژی 23ی شوباتی ساڵی 1987، (جەلال تاڵەبانی) سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داوای لە (میخائیل گۆرباچۆف)ی سەرۆكی یەكێتیی سۆڤێت كرد چیتر چەك بە ڕژێمی بەعس نەفرۆشن.
-    ڕۆژی 23ی شوباتی ساڵی 1988، سوپای بەعس هێرشێكی گەورەی بۆ سەر ناوچەی دۆڵی جافایەتی دەست پێكرد بە مەبەستی گرتنی پێگەكانی هێزی پێشمەرگە ‌و لەگەلچ ئەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ماوەی چەندین هەفتە بەرەنگاری هێرشەكە بووەوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی سوپای عێراق زۆر بە توندی زیانی بە ناوچەكە گەیاند ‌و چەندین گوندی كاول كرد بۆیە هێزی پێشمەرگە بڕیاریدا پاشەكشە لەو ناوچەیە بكات.
-    لە میانی جەنگی دووەمی كەنداودا كە لەلایەن هێزی هاوپەیمانانەوە لە دژی دەسەڵاتەكەی (سەدام حسێن)ی سەرۆكی عێراق ئەنجامدرا بە مەبەستی ڕزگاركردنی كوەیت لە دەست سوپای عێراق، ڕۆژی 23ی شوباتی ساڵی 1991 هێزی هاوپەیمانەكان هێرشی زەمینییان دەست پێكرد ‌و گەیشتنە ناو خاكی عێراق.
-    ڕۆژی 23ی شوباتی ساڵی 1992، لە شاری ئیستانبوڵی توركیا نزیكەی 200 ڕوناكبیری كورد كۆبوونەوە بە مەبەستی دامەزراندنی ڕێكخراوێكی تایبەتمەند بۆ داكۆكیردن لە دۆزی كورد ئەنجامەكەشی پێكهێنانی (ڕێكخراوی ماف ‌و ئازادییەكانی كورد) بوو.
-    ڕۆژی 23ی شوباتی ساڵی 1995، ڕژێمی بەعس لە درێژەی سیاسەتی تەعریب ‌و تەرحیل ‌و تەهجیری گەلی كورددا زیاتر لە هەشتا خێزانی كوردی لە شاری كەركوك ‌و شارۆچكەی خانەقین لەسەر زێدی خۆیان دەركرد.
-    ڕۆژی 23ی شوباتی ساڵی 1999، دادگای باڵای توركیا تاوانی خیانەتی گەورەی دایە پاڵا (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)ی ڕابەری پارتی كرێكارانی كوردستان كە ماوەیەك لەوەوبەر بە پیلانێكی هەواڵگریی نێودەوڵەتی لە كینیا دەستگیركرابوو.
-    ڕۆژی 23ی شوباتی ساڵی 2002، هونەرمەند ‌و گۆرانیبێژی ناوداری كوەیتی (یوسف مەترەف) لە تەمەنی 41 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە كە گۆرانیبێژێكی میللـی بووە ‌و خاوەنی جەماوەرێكی زۆر بووە لە ناوەوە ‌و دەرەوەی كوەیت.
-    لە میانی جەنگی سێهەمی كەنداودا كە ئەمریكا ‌و هاوپەیمانەكانی بە مەبەستی ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس دەستیان پێكرد، ڕۆژی 23ی شوباتی ساڵی 2003 سوپای توركیا هەوڵیدا بە هێزێكی زۆرەوە لە خاكی هەرێمی كوردستانەوە بێتە ناو خاكی عێراق بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتییەكانی كوردەوە لە دژی لەشكركێشیی توركیا دۆخێكی ئاڵۆز هاتە ئاراوە.
-    ڕۆژی 23ی شوباتی ساڵی 2005، پۆلیسی ئیسرائیلی داوای لە حكومەتی ئەو وڵاتە كرد بڕی 13 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی تەرخان بكات بە مەبەستی گرتنەبەری چەند ڕێوشوێنێكی ئەمنی لە ناو مزگەوتی ئەقسای شاری قودسدا.
-    ڕۆژی 23ی شوباتی ساڵی 2012، بە هۆی زنجیرەیەك تەقینەوە ‌و كردەوەی خۆكوژیی لە چەند شارێكی جیاجیای عێراق زیاتر لە 100 هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا ‌و 400ی دیكەش بریندار بوون كە زۆربەیان هاووڵاتیی سڤیل بوون.
-    ڕۆژی 23ی شوباتی ساڵی 2012، یەكەم تاوانباری دۆسێی ڕووداوەكانی 17ی شوبات ‌و ڕۆژانی دوایی ساڵی 2011ی شاری سلێمانی ‌و ناوچەكانی تری باشوری كوردستان كە بە هۆیانەوە نۆ كوژراو و دەیان برینداریان لێكەوتەوە لەلایەن دادگاوە بە زیندانیكردنی هەتاهەتایی سزادرا.
-    ئەمڕۆ لە برۆنای بە ڕۆژی نیشتمانیی لە قەڵەم دەدرێت، لە گۆیاناش ڕۆژی كۆمارییە بە بۆنەی سەربەخۆبوونی گۆیاناوە، لە ڕوسیاش ئەمڕۆ بە ڕۆژی بەرگریی لە خاكی باو و باپیران ئەژمار دەكرێت.


هه‌واڵی زیاتر