بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

رۆژی 2ی تشرینی یەكەم


-    ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1187ی زاینی، سوپاكەی (سەڵاحەدینی ئەیوبی) سەركەوتنی بەدەستهێنا لە ڕزگاركردنی شاری قودس لە دەست سوپای كریستیانەكان دوای گەمارۆیەكی توند كە خرابووە سەر شارەكە، بەوەش كۆتایی بە داگیركردنی شاری قودس هات، كە ماوەی 88 ساڵا بوو لەلایەن سوپای كریستیانەكانەوە دەستی بەسەردا گیرابوو.
-    ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1452، (ڕیچاردی سێهەم)ی پاشای ئینگلتەرا لەدایك بووە، كە هەوڵی زۆری داوە بۆ یەكخستنی ناوچە جیاجیاكانی بەریتانیا ‌و پێكهێنانی شانشینی یەكگرتووی بەریتانیای گەورە.
-    ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1535، سەركردە ‌و گەڕیدە ‌و شوێنەوارناس (جاك كارتییە) گەیشتە ناوچەیەكی قوڵایی خاكی كەنەدا كە زۆر بەپیت بوو، بەو هۆیەشەوە شوێنەكەی كردە پێگەی سەرەكیی هێزەكانی، دواتریش ناوچەكە قەرەباڵغییەكی زۆری بەخۆیەوە بینی ‌و كرایە شاری (مۆنتریال).
-    ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1552، سوپای ڕوسیا بە فەرماندەیی (ئیڤانی چوارەم)ی قەیسەری ڕوسیا، هێرشێكی گەورەیان كردە سەر شاری (قازان)ی تەتەرەكان ‌و پاش شەڕێكی خوێناوی، كە هەزاران كوژراوی لە ڕیزەكانی هەردوولادا لێكەوتەوە، سەرئەنجام هێزەكانی ڕوسیا شارەكەیان داگیر كرد.
-    دوای نوسینەوە‌و هەمواركردنی بەندەكانی دەستوری ئەمریكا،     ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1789، (جۆرج واشنتۆن)ی سەرۆكی ئەمریكا، پرۆژەی پێشنیاركراوی دەستورە هەمواركراوی ڕەوانەی ویلایەتەكان كرد، كە ناوی لێنرابوو (بەڵگەنامەی مافەكانی ئەمریكا)، بەو مەبەستەی لەلایەن ئیدارەی ویلایەتەكانەوە ڕەزامەندیی لەبارەوە پیشان بدرێت.
-    ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی ساڵی 1869، (مەهاتما گاندی) پێشەوا و ڕابەری ڕۆحیی گەلی هندستان لە دایك بووە، كە خەباتی زۆری كردووە بۆ ڕزگاركردنی هندستان لە ژێردەستەیی داگیركاریی بەریتانیا.
-    ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1904، ئەدیب ‌و نوسەر ‌و ڕۆماننوسی بە ناوبانگی ئینگلیزی، (گراهام گرین) لە دایك بووە، كە چەندین بەرهەمی بە پێزی نوسیوە ‌و بۆ زۆربەی زمانە زیندووەكانی جیهان وەرگێڕدراون.
-    ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1925، زانا ‌و داهێنەر (جۆن لۆجی بێرد) بۆ یەكەم جار لە مێژوودا، یەكەم تاقیكردنەوەی لەسەر تەلەفزیۆن ئەنجامدا، كە دواتر ‌و بە هۆی هەوڵە بەردەوامەكان، تەلەفزیۆن دروست كرا.
-    ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1934، بە هۆی گەردەلول ‌و باهۆزێكی گەورەوە كە ژاپۆنی گرتبووەوە، 1600 كەس لە دانیشتوانی هەردوو ناوچەی (ئۆساكا ‌و كیۆتۆ) گیانیان لە دەست دا ‌و هەزارانی تریش بریندار بوون، زۆربەی خانووبەرە ‌و باڵەخانەكانی ئەو دوو ناوچەیەش خاپوور بوون.
-    لەمیانی جەنگی دووەمی جیهانیدا‌و ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1941، هێزەكانی سوپای ئەڵمانیای نازی، لە چەند قۆڵێكەوە بە فڕۆكە ‌و تۆپ ‌و مووشەك هێرشێكی گەورەی بۆردومانیان كردە سەر شاری مۆسكۆی پایتەختی یەكێتی سۆڤێت ‌و زیانێكی زۆریان پێگەیاند.
-    ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1954، حكومەتی ئەڵمانیای خۆرئاوا بڕیاریدا بچێتە ناو ڕێكخراوی پەیمانی باكوری ئەتڵەنتی واتە (ناتۆ)ەوە ‌و وەكو ئەندامی ڕێكخراوەكە وەرگیرا، كە ئەوەش ناڕەزایەتیی یەكێتیی سۆڤێتی لێكەوتەوە.
-    ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1958، غینیا وەكو وڵاتێكی خاوەن سەروەریی سەربەخۆیی ڕاگەیاند، (ئەحمەد سیكۆ تۆری)ش بوە یەكەم سەرۆكی ئەو وڵاتە ‌و دواتر لەلایەن كۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدا نرا.
-    ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1959، پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری بەغدادی پایتەختی عێراق چوارەم كۆنگرەی خۆیی ساز كردووە، كە ماوەی چەند ڕۆژێكی خایاندووە.
-    ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1973، لە شاری تارانی پایتەختی ئێران هەوڵی تیرۆركردنی (محەمەد ڕەزا پەهلەوی) پاشای ئێران درا، بەڵام هەوڵەكە شكستی هێنا ‌و پەهلەوی ڕزگاری بوو، دواتر هەڵمەتێكی دەستگیركردن لە دژی ئەنجامدەرانی هەوڵەكە دەستی پێكرد ‌و ژمارەیەكی زۆر خەڵك دەستگیر كران.
-    ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1974، نوسەر ‌و ئەكتەر ‌و دەرهێنەری سینەمایی ناودار (ڤاسیلی مكارۆفیچ شۆكشین)ی ڕوسیایی كۆچی دوایی كردووە، كە ڕۆڵی زۆری بینیوە لە پێشخستنی هونەری سینەما لە ڕوسیادا ‌و چەندین فیلمی بەرهەم هێناوە بۆ بەرگریكردن لە بیری چەپ ‌و بەرەنگاربوونەوەی سیستمی سەرمایەداریی.
-    ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1978، لە دەشتاییەكانی بیقاعی لوبنان، شەڕ و پێكدادانێكی قورس لە نێوان هێزەكانی سوپای سوریا ‌و گیانبەخشەكانی فەڵەستیندا ڕوویدا، بەو هۆیەشەوە زیاتر لە 1300 كەس لە هەردوولا كوژران، كە زۆربەیان لە ڕیزی فەڵەستینییەكاندا بوون.
-    دوای چڕكردنەوەی هێرشەكانی سوپای ئێران بۆ سەر ناوچە كوردییەكانی خۆرهەڵاتی كوردستان، ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1981، حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بڕیاریدا، هێز ‌و بنكە ‌و بارەگاكانی لە شاری بۆكان پاشەكشە پێ بكات بۆ ناوچەكانی تری سەر سنور.
-    ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1986، توندڕەوێكی شوێنكەوتووی سیخەكانی هندستان هێرشی كردە سەر (ڕاجێف گاندی) سەرۆك وەزیرانی هندستان بە مەبەستی تیرۆركردنی، بەڵام هەوڵەكەی شكستی هێنا ‌و دەستگیر كرا، سەرۆك وەزیرانی هندستانیش هەرچەندە بەو هۆیەوە بریندار بوو بەڵام لە هێرشبەرەكە خۆش بوو.
-    ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1987، (حەبیب بوڕقێبە)ی سەرۆك تونس بڕیاریدا (زەینلعابدین بن عەلی)ی وەزیری ناوخۆ وەكو سەرۆك وەزیرانی نوێی تونس دەستنیشان بكرێت، كە دوای مردنی بوڕقێبەش عابدین شوێنی گرتەوە.
-    ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2001، پەیمانی باكوری ئەتڵەنتی (ناتۆ) بەندێكی بۆ پەیماننامەی ڕێكخراوەكە زیادكرد، كە تێیدا ئەوە خرابووە ڕوو هەر جۆرە هێرشێك بكرێتە سەر یەكێك لە ئەندامەكانی هاوپەیمانێتییەكە، ئەوا هێرشكردنە بۆ سەر هەموو وڵاتە ئەندامەكانی ناتۆ ‌و بە پێشێلكردنی سەروەرییەكانی ڕێكخراوەكە لە قەڵەم دەدرێت.
-    بەهۆی فشارە زۆرەكانی كورد لە سەرجەم ناوچەكان ‌و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ‌و كۆمەڵی نێودەوڵەتی، ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2002، دادگای باڵای توركیا لە سزای لەسێدارەدانی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)ی سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان پاشگەز بووەوە، سزاكەشی بۆ زیندانیكردنی هەتاهەتایی كەم كردەوە.
-    ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2003، تیمێكی پشكنەری ئەمریكی كە تایبەت بوو بە گەڕان بەدوای چەكی كۆكوژ لە عێراقدا، لە یەكەم ڕاپۆرتیدا دوای دەستبەكاربوونی ئاشكرای كرد، هیچ جۆرە چەكێكی كۆكوژیان لە عێراقدا نەدۆزیوەتەوە.
-    ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2004، لە چەندین شاری هەرێمی كوردستان ‌و وڵاتانی ئەوروپا لەلایەن روناكبیران ‌و بزوتنەوەی ریفراندۆم ‌و چالاكوانانەوە خۆپیشاندانی فراوان ئەنجام درا ‌و تێیدا داوا كرا ڕیفراندۆم لە باشوری كوردستان ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی گەلی كورد بڕیار لە چارەنوسی خۆی بدات ‌و لە عێراق جیا ببێتەوە.
-    ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2011، ئەدیب ‌و شاعیری ناوداری فەڵەستینی (تەها محەمەد عەلی) كۆچی دوایی كردووە، كە لە پاش خۆی كۆمەڵێك بەرهەمی گرنگی بەجێهێشتووە.
-    ئەمڕۆ لە غینیا بە ڕۆژی سەربەخۆیی لەقەڵەم دەدرێت ‌و بۆنە ‌و مەراسیمی گەورە بەڕێوەدەچێت.

 


هه‌واڵی زیاتر