بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

ڕۆژی 6ی تشرینی یەكەم


-    ڕۆژی 6ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1773، (لویس فیلیپی یەكەم)ی پاشای فەرەنسا لە دایك بووە، كە هەوڵی زۆری داوە بۆ یەكخستنی سەرجەم ناوچەكانی خاكی فەرەنسا ‌و دروستكردنی وڵاتێكی بەهێز.
-    ڕۆژی 6ی تشرینی یەكەمی ساڵی ساڵی 1787، (حەسەن پاشا جەزایرلی) فەرماندەی هێزەكانی دەوڵەتی عوسمانی لە میسر، بە هۆی شكستهێنانی لە تێكشكاندنی هێزەكانی مەمالیك، خاكی میسری بەجێهێشت ‌و گەڕایەوە بۆ توركیا.
-    ڕۆژی 6ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1892، ئەدیب ‌و نوسەر ‌و شاعیری ناوداری ئینگلیزی (ئەلفرێد تنیسۆن) كۆچی دوایی كردووە، كە ڕۆڵی زۆری بینیوە لە پێشخستنی ئەدەبی نوێی ئینگلیزیدا.
-    ڕۆژی 6ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1903، زانای بواری فیزیا (ئێرنست واڵتۆن)ی ئێرلەندی لە دایك بووە، كە ساڵی 1951 خەڵاتی نۆبڵی لە بواری فیزیادا پێبەخشراوە.
-    ڕۆژی 6ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1921، هێزە شۆڕشگێڕەكانی كورد كە لەلایەن رابەری شۆڕشی خۆرهەڵاتی كوردستان سمكۆ (سمایل خانی شكاك)ەوە فەرماندەیی دەكران، هێرشێكی گەورەیان كردە سەر شاری مهابادی خۆرهەڵاتی كوردستان، كە لە ئەنجامدا سوپای ئێرانیان تێكشكاند ‌و شارەكەیان ڕزگار كرد.
-    لە میانی خولی بیست ‌و حەوتەمینی ڕێكخراوی كۆمەڵەی گەلاندا، ڕۆژی 6ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1925 بڕیاردرا، ویلایەتی موسڵا بلكێنرێت بە دەوڵەتی عێراقەوە، بەوەش باشوری كوردستان خرایە سەر خاكی عێراقی تازە پێكهێنراو و پەیماننامەی سیڤەر هەڵوەشێنرایەوە.
-    ڕۆژی 6ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1927، بۆ یەكەمجار لە مێژوودا، لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، یەكەم فیلمی سینەمایی نمایشكرا كە هاوشانی ڕەنگ، دەنگیشی هەبوو.
-    ڕۆژی 6ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1930، (حافز ئەسەد)ی سەرۆكی پێشووی سوریا، لە گوندی (قەرداحە)ی شاری لازقییە لە دایك بووە، كە بە كودەتای سەربازیی دەسەڵاتی سوریای گرتوەتە دەست ‌و دوای خۆی بەشار ئەسەدی كوڕی جێگەی گرتوەتەوە.
-    ڕۆژی 6ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1945، یەكەم ژمارەی گۆڤاری (هاواری كورد) لە شاری مهابادی خۆرهەڵاتی كوردستان ‌و لەلایەن حكومەتی كۆماری كوردستانەوە بڵاوكراوەتەوە، كە گۆڤارێكی سیاسی ‌و ئەدەبی ‌و مێژوویی بوە ‌و ژمارەیەك نوسەر ‌و روناكبیری كورد بابەتیان تێدا بڵاوكردوەتەوە.
-    ڕۆژی 6ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1973، هێزە هاوبەشەكانی میسر ‌و سوریا، هێرشیان كردە سەر پێگە ‌و بنكەكانی سوپای ئیسرائیل لە خاكی جۆلان ‌و دەشتی سینادا، بەو هۆیەشەوە توانییان بەشێك لە خاكی نۆكەندی سوێس ‌و جۆلان لە دەست سوپای ئیسرائیل بسەننەوە، كە لە میانی جەنگی ساڵی 1967ی نێوان جولەكە ‌و عەرەبەكاندا دەستی بەسەردا گرتبوون.
-    ئێوارەی ڕۆژی 6ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1976، مەفرەزەیەكی پارتیزانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لە گوندی (قاینەجە)ی شارەزوور، لەگەڵا هێزەكانی سوپای عێراق ڕووبەڕوو بوونەوە، كە لە ئەنجامدا زیانێكی زۆر بە سوپای عێراق گەیەنرا، لە هەمان كاتیشدا پێَشمەرگەیەك بەناوی (فاتیح شێخ حەیدەر) بریندار بوو، بەڵام ئامادە نەبوو خۆی ڕادەستی هێزەكانی بەعس بكات ‌و خۆیی شەهید كرد.
-    ڕۆژی 6ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1978، حكومەتی عێراق بڕیاریدا (ئیمام خومەینی) كە زانایەكی شیعە بوو خەڵكێكی زۆر شوێنكەوتووی بوون لە خاكی عێراق دەر بكات، لە ئەنجامیشدا خومەینی بەرە و فەرەنسا بەڕێكەوت ‌و لەوێ‌ نیشتەجێ‌ بوو.
-    ڕۆژی 6ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1979، پاپا (یۆحەننا پۆڵسی دووەم)ی پاپای ڤاتیكان بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە ئەمریكا ‌و لەلایەن بەرپرسانی  كۆشكی سپییەوە پێشوازییەكی گەرمی لێكرا، بەوەش بووە یەكەم پاپای ڤاتیكان كە لەلایەن ئیدارەی واشنتۆنەوە پێشوازیی لێبكرێت ‌و لەگەڵا بەرپرسانی ئەمریكادا كۆببێتەوە.
-    ڕۆژی 6ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1979، لە گوندی (نیشكۆڵان)ی خۆرهەڵاتی كوردستان، بەناوبژیوانیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆبوونەوەیەك لە نێوان وەفدی حكومەتی ئێران ‌و حزبە كوردییەكانی شۆڕشی كورد لەخۆرهەڵاتی كوردستان بەڕێوەچوو، بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، بەڵام كۆبوونەوەكە بەبێ‌ هیچ ئەنجامێكی ئەوتۆ كۆتایی پێهات.
-    ڕۆژی 6ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1981، لە میانی نمایشێكی سەربازیدا كە بە بۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ئۆكتۆبەرەوە لە میسر بەڕێوەچوو، لەلایەن ئەفسەرێكی سوپای میسرەوە بەناوی (خالد ئیسلامبولی) هێرش كرایە سەر (ئەنوەر سادات)ی سەرۆك كۆماری میسر‌و تیرۆر كرا.
-    ڕۆژی 6ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1993، تەرمی هەریەكە لە (مەلا مستەفای بارزان ‌و ئیدریسی كوڕی) لە ڕێگەی مەرزی باشماخەوە لە سنوری پێنجوێن، لە ناوچەی شنۆی خۆرهەڵاتی كوردستانەوە هێنرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان ‌و پێشوازییەكی گەرمیان لێكرا، دواتریش تەرمەكانیان لە ناوچەی بلە ‌و بارزان بە خاك سپێردران.
-    ڕۆژی 6ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1994، هێزەكانی سوپای عێراق لە نزیك سنورەكانی كوەیت كۆكرانەوە، هۆكارەكەشی بۆ ئەو كێشانە دەگەڕایەوە كە ماوەی چەند ساڵێك بوو لە نێوان هەردوو حكومەتی بەغداد ‌و كوەیتدا سەریهەڵدابوو، كوەیت بە نیازی ئەوە بوو بەشێك لە ناوچەكانی عێراق بخاتە ژێر دەستی خۆی.
-    ڕۆژی 6ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1995، سوپای توركیا بە بیانووی ڕاوەدوانی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، بەقوڵایی 4 كیلۆمەتر سنوری هەرێمی كوردستانیان بەزاند.
-    لە میانی كۆبوونەوەیەكی نێوان (موعەممەر قەزافی) سەرۆكی لیبیا ‌و (نەجمەدین ئەربەكان)ی سەرۆك وەزیرانی توركیا، كە ڕۆژی 6ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1996 لە شاری تەرابلوس بەڕێوەچوو، سەرۆكی لیبیا ڕایگەیاند پێویستە كورد ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی، بەو هۆیەشەوە ناكۆكی كەوتە پەیوەندییەكانی نێوان ئەنكەرە ‌و تەرابلوس، كە لە ئەنجامدا توركیا باڵیۆزی خۆی لە شاری تەرابلوس كێشایەوە.
-    ڕۆژی 6ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1999، پارتی دیموكراتی كوردستان دوانزەدەهەمین كۆنگرەی خۆیی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان سازكرد، كە تێیدا (مەسعود بارزانی) بۆ جارێكی تر وەكو سەرۆكی پارتی هەڵبژێردرایەوە.
-    بە هۆی ئەو پشێویی ‌و ناڕەزایەتییەی كە كۆماری سربیای گرتبووەوە، ڕۆژی 6ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2000 (سلۆبۆدان میلۆسۆڤیچ)ی سەرۆكی سربیا دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە.
-    ئەمڕۆ 6ی تشرینی یەكەك لە كۆماری میسر یادی شۆڕشی ئۆكتۆبەر دەكرێتەوە ‌و لە هەمان كاتیشدا جەژنی سوپایە، لە ئوسترالیاش ئەمڕۆ بە جەژنی كار لە قەڵەم دەدرێت ‌و بۆنەی تایبەت ساز دەكرێت.

 


هه‌واڵی زیاتر