- ڕۆژی 7ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1849، نوسەر و شاعیر و چیرۆكنوسی ناوداری ئەمریكا و جیهان (ئیدگار ئالان پۆ) كۆچی دوایی كردووە، كە چەندین بەرهەمی بەپێزی لە پاش خۆی بەجێهێشتووە و بۆ زۆربەی زمانە زیندووەكانی جیهان وەرگێڕدراون.
- ڕۆژی 7ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1900، (هاینریش هیملەر) لە دایك بووە، كە لە سەردەمی ئەڵمانیای نازیدا، وەزیری ئاسایش و هێزە تایبەتەكانی ڕایخی سێهەم بووە و ڕۆڵی زۆری هەبووە لە پلانە سەربازییەكانی ئەڵمانیای نازی و جەنگی دوەمی جیهانیدا و جێگای متمانەی ئەدۆڵف هێتلەر بوە.
- لەكۆتاییەكانی جەنگی یەكەمی جیهانیداو ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1918، شاری بەیروتی پایتەختی لوبنان لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانانەوە داگیر كرا و لە ژێر دەستی عوسمانییەكان دەریانهێنا.
- ڕۆژی 7ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1919، كۆمپانیای فڕۆكەوانیی شاهانەی هۆڵەندا پێكهێنراوە، كە بەكۆنترین كۆمپانیای فڕۆكەوانی دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان.
- ڕۆژی 7ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1945، هێزەكانی سوپای عێراق گەمارۆی ناوچەی بارزانیان دا، بە مەبەستی چەككردنی هێزە شۆڕشگێڕەكان و داگیركردنی ئەو ناوچەیە، هێزە شۆڕشگێڕەكانیش دەستیان بە ئامادەكاریی كرد بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی سوپای عێراق.
- ڕۆژی 7ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1950، سوپای كۆماری میللـیی چین هێرشێكی گەورەی كردە سەر هەرێمی (تبت) و داگیری كرد، دواتریش ئەو دەسەڵاتە ئۆتۆنۆمییەی هەڵوەشاندەوە كە لە هەرێمەكەدا هەبوو، هاوكات كۆتاییشی بەو بزوتنەوە جوداییخوازە هێنا كە لە ناوچەكانی تبت پێكهێنرابوو بە ئامانجی سەربەخۆیی و رزگاربوون لە ژێردەستەیی چینییەكان.
- ڕۆژی 7ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1951، دەستوری لیبیا لە لایەن كۆمەڵەی نیشتمانیی لیبییەوە لە شاری بنغازی پەسەند كرا، كە بەو هۆیەوە سیستمی حوكمڕانی لە لیبیادا كرایە پاشایەتیی فیدراڵی و (محەمەد ئیدریس سنوسی)ش كرایە پاشای لیبیا.
- ڕۆژی 7ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1952، (ڤلادیمێر پۆتین) سەرۆكی ڕوسیای فیدراڵا لە دایك بووە، كە لە ماوەی ژیانیدا سێ جاری جیاواز، پۆستی سەرۆكی ڕوسیای وەرگرتووە و جارێكیش پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرتووە، پۆتین یەكێكە لە سەركردە دیارەكانی روسیا و لە دوای روخانی یەكێتیی سۆڤێت رۆڵی گەورەی بینوە لە پێشخستنی روسیا و گێڕانەوەی رۆڵ بۆی لە كایەی نێودەوڵەتیدا.
- دوای سەركەوتنی شۆڕشی 14ی تەمموز لەعێراقدا، ڕۆژی 7ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1958، (مەلا مستەفا بارزانی) و ژمارەیەكی زۆر لە بارزانییەكان گەڕانەوە بۆ عێراق، كە لە دوای روخانی كۆماری مهاباد پەیڕینەوە بۆ خاكی روسیا و ماوەی دوانزدە ساڵا بوو لە یەكێتی سۆڤێت ئاوارە بوون.
- ڕۆژی 7ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1959، دەستەیەك لە بەعسییەكانی عێراق لە پیلانێكدا هێرشیان كردە سەر (عەبدولكەریم قاسم)ی سەرۆك كۆمار بە ئامانجی تیرۆركردنی، بەڵام قاسم لە پیلانەكە ڕزگاری بوو.
- دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی لیبیا لە دژی داگیركاری ئیتاڵیا، كە ساڵی 1969 لەلایەن (موعەممەر قەزافی)یەوە سەركردایەتی دەكرا، ڕۆژی 7ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1970، حكومەتی ئیتاڵیا 30 هەزار هاوڵاتیی ئیتاڵی لە خاكی لیبیا گواستەوە بۆ وڵاتەكەی خۆیان، كە پێشتر و لە سەردەمی ڕژێمی مۆسۆلینی سەرۆكی ئیتاڵیای فاشی لە ناو خاكی لیبیا نیشتەجێ كرابوون.
- ڕۆژی 7ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1978، لە هۆی هێرشەكانی رژێمی بەعس بۆ سەر ناوچە سنورییەكانی كوردستان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بارەگای سەركردایەتیی خۆی گواستەوە بۆ ناوچەی (دەراوی گوێزی) لە سەر سنوری نێوان عێراق و ئێران.
- پاش تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێك بە سەر تیرۆركردنی (محەمەد ئەنوەر سادات)ی سەرۆكی میسردا، ڕۆژی 7ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1981، ئەنجومەنی گەلی میسر (پەرلەمان)، ڕەزامەندیی پیشاندا لە سەر هەڵبژاردنی (محەمەد حوسنی موبارەك)ی جێگری ئەنوەر سادات وەكو سەرۆك كۆماری نوێی میسر.
- ڕۆژی 7ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1990، شێخ (مەكتوم ڕاشد ئالمەكتوم) وەكو میری دوبەی هەڵبژێردرا و شوێنی (ڕاشد سەعدی ئالمەكتوم)ی باوكی گرتەوە، كە هەمان ڕۆژ كۆچی دوایی كردبوو.
- ڕۆژی 7ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1996، باڵیۆزی توركیا لە شاری ئەمستردام داوای لە حكومەتی هۆڵەندا كرد، تەلەفزیۆنی میدیا دابخات كە سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان بوو.
- دوای هێرشكردنە سەر هەردوو تاوەری بازرگانی لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و تێوەگلانی (ئوسامە بنلادن) لەو هێرشەدا، ڕۆژی 7ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2001، سوپای ئەمریكا هێرشی سەربازیی كردە سەر ئەفغانستان، بە هۆی ئەوەی حكومەتەكەی بزوتنەوەی تاڵیبان ئامادە نەبوو ئوسامە بنلادن ڕادەستی ئەمریكا بكات، كە خۆی لەو وڵاتەدا حەشار دابوو.
- رۆژی 7ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2003، ئەكتەر و سەرمایەدار و سیاسەتمەدار و پاڵەوانی لەشجوانیی ئەمریكی (ئارنۆڵد شوارزنیگەر) لە میانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی ولایەتی كالیفۆرنیای ئەمریكادا، سەركەوتنی بەدەست هێنا و بووە حاكمی كالیفۆرنیا.
- ڕۆژی 7ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2011، خەڵاتی نۆبڵ بۆ بواری ئاشتی بەخشرایە سێ ژن كە لە بواری مافەكانی مرۆڤ و ئاشتی و مافی ژناندا خەباتی زۆریان كردبوو، كە ئەوانیش (ئیلین جۆنسۆن سیرلیف)ی سەرۆكی لیبریا و (لیما گۆبۆی) بەرپرسی بزوتنەوەی ئاشتی لە ئەفریقا و (تەوەكول كرمان)ی ڕۆژنامەنوس و چالاكوانی سیاسیی یەمەنی بوون.