- ڕۆژی 12ی تشرینی یەكەمی ساڵی 680ی زاینی، جەنگی كەربەلا كۆتایی پێهات كە لەلایەن هێزەكانی (یەزیدی كوڕی معاویە)وە لە دەشتاییەكانی خۆرئاوای عێراق هێرش كرایە سەر (حسێنی كوڕی عەلی ئەبی تاڵب) و لە ئاكامی رووبەڕووبوونەوەكدا ئیمام حسێن و سەرجەم ئەندامانی خێزانەكەی و یاوەرەكانی شەهید كران.
- ڕۆژی 12ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1492، دۆزەرەوە و گەڕیدەی بەناوبانگ (كریستۆفەر كۆڵۆمبۆس) گەیشتە كەناراوەكانی كیشوەری ئەمریكا و خاكی خۆرئاوای دۆزییەوە، كە ئەو دۆزینەوەیەش بووە هۆی كۆچی بەلێشاوی ئەوروپییەكان بۆ كیشوەری ئەمریكا.
- ڕۆژی 12ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1492، هونەرمەند و وێنەكێشی شێوەكاری بەناوبانگ (بییرۆ دیلا فرانشیسكا)ی ئیتاڵی كۆچی دوایی كردووە، كە لە پاش خۆی چەندین تابلۆی بەنرخی بەجێهێشتووە و رۆڵی زۆری هەبوە لە پێشخستنی هونەری وێنەكێشاندا.
- ڕۆژی 12ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1537، (ئیدواردی شەشەم)ی پاشای ئینگلتەرا لە دایك بووە كە یەكێك بووە لە فەرمانڕەوا بەناوبانگەكانی ئینگلتەرا و هەوڵی زۆری داوە بۆ یەكخستنی خاكی بەریتانیای یەكگرتوو.
- ڕۆژی 12ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1898، شاری (ماتر) لە تونس بنیات نراوە و دەستەیەكی بەڕێوەبردنی شارەوانیشی بۆ پێكهێنراوە كە بۆ یەكەمجار بووە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا دەستەیەكی شارەوانی پێكبهێنرێت.
- ڕۆژی 12ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1943، (مەلا محەمەدی كۆیی) ناسراو بە (مەلای گەورە) لە شارۆچكەی كۆیە كۆچی دوایی كردووە، كە شاعیر و زانایەكی ئایینی بەناوبانگ بووە لە ناوچەكە و كوردستاندا و لە ماوەی ژیانیدا چەندین بەرهەمی لە بواری ئایینیدا نوسیوە.
- ڕۆژی 12ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1965، زانای كیمیایی و پزیشكیی سویسری (پۆڵا مۆلەر) كۆچی دوایی كردووە، كە بە هۆی داهێنانەكانیەوە ساڵی 1948 خەڵاتی نۆبڵی لە بواری پزیشكیدا پێبەخشراوە.
- ڕۆژی 12ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1970، یۆنان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پەیماننامەیەكی هاوكاریی و هاوڕێیەتییان مۆر كرد، بە گوێرەی ئەو ڕێكەوتنەش ئەمریكا بۆی هەبوو بنكەی سەربازی لە خاكی یۆناندا بنیات بنێت، رێكەوتنەكەش ناڕەزایەتیی یەكێتی سۆڤێتی لێكەوتەوە و بە مەترسیی لەقەڵەمدا بۆ سەر ئاسایشی سنورەكە.
- ڕۆژی 12ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1973، لە میانی جەنگی ئۆكتۆبەری نێوان هێزە عەرەبییەكان و سوپای ئیسرائیلدا، هێزە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل هێرشیان كردە سەر بنكە و پێگە سەربازییەكانی میسر، بەڵام لەلایەن هێزە دژەئاسمانییەكانی میسرەوە بە توندی بەرپەرچ درانەوە و لە ناوچەی (پۆرسەعید) حەوت فڕۆكەی سوپای ئیسرائیل خرانە خوارەوە، كە ئەوەش زەبرێكی كوشندەی بە هێزە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل گەیاند و لە تۆڵەی ئەو رووداوەدا سوپای ئیسرائیل هێرشەكانی بۆ سەر هێزە عەرەبییەكان چڕكردەوە.
- ڕۆژی 12ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1978، لە شاری واشنتۆن و بە چاودێریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، یەكەم خولی كۆبوونەوە و دانوستانی ئاشتی لە نێوان میسر و ئیسرائیلدا ئەنجامدرا، كە دواتر پەرەی پێدرا و رێكەوتننامەیەكی ئاشتیی لێكەوتەوە.
- ڕۆژی 12ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1987، (زەینلعابدین بن عەلی) وەكو سەرۆك كۆماری تونس هەڵبژێردرا و سوێندی یاسایی خوارد كە ساڵی 2011 بە هۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی جەماوەری گەلی تونسەوە، دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە و بەرەو عەرەبستانی سعودیە هەڵات.
- ڕۆژی 12ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1992، بومەلەرزەیەكی بەهێز بە گوڕی 5.8 پلە بە پێوەری ڕێختەر باشوری خۆرئاوای شاری قاهیرەی پایتەختی میسری هەژاند، كە بە هۆیەوە نزیكەی 400 هاوڵاتی گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە سێ هەزار كەسی تریش بریندار بوون، زیانێكی زۆری ماڵیشی لێكەوتەوە.
- ڕۆژی 12ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1995، دادگای توركیا بڕیاریدا دەزگایەكی كوردی پێكبهێنرێت بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە كاروبارەكانی ڕۆشنبیریی كوردی لە توركیادا (شەرەفەدین ئیلتشی)ش كرایە سەرۆكی دەزگاكە، ئەوەش بۆ یەكەمجار بوو دەزگایەكی لەو شێوەیە لە توركیادا بكرێتەوە.
- ڕۆژی 12ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1995، هێزەكانی سوپای عێراق هێرشیان كردە سەر گوندی (قەرەوەیس) لە ناوچەی گەرمیان، هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش زۆر بە توندی وەڵامیان دایەوە و دوای چەندین كاتژمێر شەڕكردن، سەرئەنجام هێرشەكەی سوپای عێراق تێكشكێنرا و زیانێكی زۆریان لێكەوت.
- ڕۆژی 12ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1999، ژەنراڵا (پەروێز موشەڕەف)ی فەرماندەی سوپای پاكستان، كودەتایەكی سەربازیی بەسەر حكومەتەكەی (نەواز شەریف)ی سەرۆك وەزیراندا ئەنجامدا و لەسەر كورسیی دەسەڵات دووری خستەوە، دواتریش خۆی جڵەوی حوكمڕانیی پاكستانی گرتە دەست.
- ڕۆژی 12ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2001، پۆلیسی دانیمارك دەستی بە لێكۆڵینەوە لە (نزار خەزرەجی) كرد كە یەكێك بوو لە فەرماندە سەربازییەكانی سوپای عێراق و تۆمەتبار بوو لە دۆسێی كیمیاییبارانكردنی شاری هەڵەبجەدا، خەزرەجی ماوەیەك بوو چووبووە ئەو وڵاتە و داوای مافی پەنابەرێتیی كردبوو، بەڵام لەلایەن ڕەوەندی كوردییەوە داوای لەسەر تۆمار كرابوو كە دەستی هەبووە لە كیمیاییبارانكردنی هەڵەبجەدا.
- ڕۆژی 12ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2002، بە هۆی دوو تەقینەوەی بەهێزەوە كە دوو یانەی شەوانەی شاری (بالی)ی ئیندۆنیزیایان كردبووە ئامانج، زیاتر لە 200 كەس كوژران و 30 كەسی تریش بریندار بوون.
- ڕۆژی 12ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2005، بە هۆی بڵاوبوونەوەی لێدوانێكی ڕادیۆییەوە بۆ یەكێك لە ئێزگەكانی لوبنان، (غازی كەنعان)ی وەزیری ناوخۆی سوریا لە نوسینگە تایبەتەكەیدا خۆیی كوشت.
- ڕۆژی 12ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2011، سوڵتان (قابوسی كوڕی سەعید) سوڵتانی عوممان خانەی ئۆپێرای عوممانی لە شاری مەسقەت كردەوە، كە ئەوەش یەكەم خانەی ئۆپێرابوو لە ناوچەی كەنداودا بكرێتەوە.
- ئەمڕۆ لە ئیسپانیا بە ڕۆژی نیشتمانی لەقەڵەم دەدرێت، لە غینیای كەمەرەییش ئەمڕۆ جەژنی سەربەخۆییە، لە كۆماری مەلاویش ئەمڕۆ بە جەژنی دایك هەژمار دەكرێت، لە بەرازیلیش ئەمڕۆ جەژنی منداڵانە، لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش ئەمڕۆ یادی كۆڵۆمبۆس دەكرێتەوە، وەكو ڕێزلێنانێك لە گیانی (كریستۆفەر كۆڵۆمبۆس) كە یەكەم كەس بوو لە ئەوروپاوە بگاتە خاكی كیشوەری ئەمریكا، هەر ئەمڕۆش لە عەرەبستانی سعودیە بە ڕۆژی مامۆستا دەژمێردرێت.