بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

ڕۆژی 23ی تشرینی یەكەم


-    ڕۆژی 23ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1086ی زایینی ‌و لە میانی جەنگی (زەلاقە)دا سوپای (مەرابیتون) بە ڕابەرایەتیی (یوسفی كوڕی تاشفین) سەركەوتنێكی گەورەیان بەسەر هێزەكانی شانشینی (قشتالە)دا بەدەست هێنا ‌و تێكیان شكاندن كە لەلایەن (ئەلفۆنسۆی شەشەم)ی پاشای قشتالەوە فەرماندەیی دەكران.
-    ڕۆژی 23ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1715، (پیتەری دووەم)ی ئیمپراتۆری ڕوسیا لە دایك بووە كە خەباتی زۆری كردووە بۆ بەهێزكردنی پێگەی ڕوسیا لە ئاسیا ‌و ئەوروپادا.
-    ڕۆژی 23ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1869، (ئیدوارد سمیس ستانلی) سەرۆك وەزیرانی شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا كۆچی دوایی كردووە، كە ڕۆڵی زۆری بینیوە لە بەهێزكردنی پەیوەندییە دبلۆماتییەكانی بەریتانیا لە جیهاندا ‌و یەكێكیش بوە لەو كەسانەی كە رۆڵیان هەبوە لە بە زانستیكردنی بواری دبلۆماتی.
-    ڕۆژی 23ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1922، یەكەم پەرلەمان لە عێراقدا هەڵبژێردراوە بەڵام لەلایەن حكومەتەكەی (شێخ مەحمودی حەفید)ی پاشای كوردستانەوە دان بەو پەرلەمانەدا نەنرا ‌و ڕەتكرایەوە، چونكە پەرلەمان بەبێ‌ ویستی گەلی كورد لە باشوری كوردستان هەڵبژێردرابوو.
-    ڕۆژی 23ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1940، (بیلییە)ی ئەفسانەی تۆپی پێی بەرازیل ‌و یاریزان ‌و كاپتنی هەڵبژاردەی تۆپی ئەو وڵاتە لە دایك بووە، كە بە یەكێك لە ئەستێرە و ئەفسانەكانی تۆپی پێی جیهانیش هەژمار دەكرێت.
-    ڕۆژی 23ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1941، (جۆرج زیخۆف)ی سوپاسالاری یەكێتیی سۆڤێت لە میانی جەنگی دووەمی جیهانیدا پۆستی فەرماندەیی پرۆسەكانی سوپای سوری پێبەخشرا، كە ئامانج لە دەستنیشانكردنی بۆ ئەو پۆستە هەوڵدان بوو بۆ رێگرتن لە زیاتر بەرەوپێشچوونی سوپای ئەڵمانیای نازی بۆ ناو قوڵایی خاكی سۆڤێت.
-    ڕۆژی 23ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1942، جەنگ ‌و ڕووبەڕووبوونەوەی گەورە لە نێوان هێزە هاوبەشەكانی ئەڵمانیا ‌و ئیتاڵیا لەلایەك ‌و سوپای بەریتانیا لەلایەكی تر دەستی پێكرد، كە هێزەكانی ئەڵمانیا ‌و ئیتاڵیا لەلایەن ژەنراڵا (ئێرڤن ڕۆمڵا)ەوە ڕابەرایەتی دەكران ‌و هێزەكانی بەریتانیاش لەلایەن (بێرنارد مۆنتگمری)یەوە فەرماندەیی دەكران، لە ئاكامی ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیەشدا هەزاران سەرباز لە هەردوولا كوژران.
-    ڕۆژی 23ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1943، ئەدیب ‌و تێكۆشەر ‌و شاعیری ناسراوی گەلی كورد، مامۆستا (مەلا محەمەدی كۆیی) كۆچی دوایی كردووە، كە خزمەتێكی زۆری بە بواری ئەدەبی كوردی كردوە.
-    ڕۆژی 23ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1946، (تانسۆ چیلەر)ی سەرۆك وەزیرانی توركیا لە دایك بووە كە لە ماوەی حوكمڕانیەكەیدا دژایەتیەكی زۆری خەباتی گەلی كوردی كردووە لە باكوری كوردستان ‌و یەكێك بوە لە توركە شۆڤێنییەكان ‌و دژی خەباتی گەلی كورد وەستاوەتەوە.
-    ڕۆژی 23ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1965، دەیان هەزار كەس لە جەماوەری مەجەڕ ڕژانە سەر شەقامەكانی ئەو وڵاتە ‌و داوای كۆتاییهاتنی دەسەڵاتی یەكێتیی سۆڤێتیان دەكرد بەسەر مەجەڕستانەوە ‌و دروشمی ڕزگاریی ‌و سەروەرییان بەرز كردبووەوە، ئەنجامەكەشی بە كۆتاییهاتنی دەسەڵاتی سۆڤێت ‌و سەركەوتنی خەباتی گەلی مەجەڕ كۆتایی هات بۆ گێڕانەوەی سەروەریی بۆ وڵاتەكەیان.
-    ڕۆژی 23ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1982، (فەهدی كوڕی عەبدولعەزیز ئالسعود)ی پاشای عەرەبستانی سعودی بەردی بناغەی كۆمەڵەی شافەهدی دانا كە تایبەت بوو بە چاپكردنی قورئانی پیرۆز ‌و ساڵانە دەیان هەزار كۆپی لە قورئان چاپ ‌و بڵاودەكاتەوە لە جیهاندا.
-    ڕۆژی 23ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1983دا، بە هۆی چەند تەقینەوە ‌و كردەوەیەكی خۆكوژییەوە لە باشوری لوبنان ‌و شاری بەیروتی پایتەختی ئەو وڵاتە بۆ سەر بارەگای هێزەكانی فەرەنسا ‌و ئەمریكا، نزیكەی 300 كەس گیانیان لەدەستدا ‌و سەدانی تریش بریندار بوون كە زۆربەیان سەرباز ‌و ئەفسەری ئەمریكا ‌و فەرەنسا بوون.
-    دوای سێ‌ ڕاپەڕینی جەماوەری گەلی كوردستان دژی دامودەزگاكانی بەعس لە باشوری كوردستان، سەرئەنجام ڕۆژی 23ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1991 حكومەتی عێراق سەرجەم دامودەزگا دەوڵەتییەكانی سەر بە حكومەتی بەغدادی لە شارەكانی سلێمانی ‌و هەولێر ‌و دهۆك ‌و شار و شارۆچكەكانی باشور كێشایەوە ‌و گواستنیەوە بۆ شارەكانی كەركوك ‌و بەغداد.
-    ڕۆژی 23ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1997، تۆپخانە ‌و فڕۆكەكانی سوپای توركیا بۆردومانی ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستانیان كرد كە بەهۆیەوە زیانێكی زۆری ماڵیی بە هاووڵاتیان گەیاند ‌و دانیشتوانی گوندە سنورییەكانی بناری قەندیلیش ناچار بوون ماڵا ‌و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن.
-    ڕۆژی 23ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2001، بە هۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوەوە لەفەڵەستین (ئەیمەن حەلاوە)ی فەرماندەی كەتیبەكانی (عزەدین قەسام)ی باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی گیانی لەدەستدا ‌و ژمارەیەك هاوڵاتیش بریندار بوون.
-    ڕۆژی 23ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2005، باهۆز ‌و گەردەلولی (ویلما) كەناراوەكانی خۆرئاوای ویلایەتی (فلۆریدا)ی ئەمریكای گرتەوە كە بەهۆیەوە زیانێكی زۆری گیانیی بە هاووڵاتیان گەیاند ‌و زیانە مادییەكانیشی بە سەدان ملیۆن دۆلار خەمڵێنرا.
-    دوای سەركەوتنی شۆڕشی گەلی تونس لە دژی دەسەڵاتەكەی (زەینلعابدین بن عەلی) سەرۆكی ئەو وڵاتە، ڕۆژی 23ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2011، یەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانیی تونس بەڕێوەچوو كە زۆرینەی ڕەهای گەلی تونس بەشدارییان تێدا كرد ‌و ئامانج لێی داڕشتنی دەستورێكی نوێ‌ بوو بۆ تونس.
-    ڕۆژی 23ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2011، ئەنجومەنی نیشتمانیی كاتیی لیبیا سەركەوتنی شۆڕش ‌و ڕزگاركردنی لیبیای لە دەستی دەسەڵاتەكەی (موعەممەر قەزافی) ‌و كۆتاییهاتن بە سیستمەكەی قەزافی ڕاگەیاند.  
-    ئەمڕۆ بە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی ڕۆماتیزم یاخود ئازاری جومگەكان لەقەڵەم دەدرێت ‌و لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانییەوە چەندین كۆڕ ‌و كۆبوونەوە ‌و ڕاپۆرت ‌و لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە دەخرێنەڕوو، هەر ئەمڕۆش لە مەجەڕ بە ڕۆژی نیشتمانی دەژمێردرێت ‌و بۆنە ‌و مەراسیم ‌و ئاهەنگی گەورە بەڕێوەدەچێت.


هه‌واڵی زیاتر