بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

ڕۆژی 26ی تشرینی یەكەم


-    ڕۆژی 26ی تشرینی یەكەمی ساڵی 899ی زایینی، (ئەلفرێدی مەزن)ی فەرمانڕەوای شانشینی ویسیكس كۆچی دوایی كردووە، كە دامەزرێنەری شانشینەكە بووە  لە ساڵی 871دا ‌و دەسەڵاتێكی بەهێزی دادوەریی ‌و سەربازیی دروست كردووە ‌و یەكەم پاشای ئەنگلۆسەكسۆنی بوە كە نازناوی مەزنی پێببەخشرێت، ئەلفرێد ساڵی 849 لە دایك بوە ‌و لە پاش خۆی ئیدواردی گەورە شوێنی گرتوەتەوە.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1685، هونەرمەند ‌و موزیسیان ‌و ئاوازدانەری ناوداری ئیتاڵی (دۆمینیكۆ سكارلاتی) كە بە رەچەڵەك ئیسپانییە لە دایك بووە، كە لە ماوەی ژیانیدا سەدان شاكاری میوزیكیی داناوە ‌و ساڵی 1757 كۆچی دوایی كردوە.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1733، لە ناوچەی (لەیلان)ی سەر بە شاری كەركوك شەڕێكی گەورە لە نێوان هەردوو سوپای دەوڵەتی عوسمانی ‌و ئێرانی سەفەویدا ڕوویدا، كە بە هۆیەوە ژمارەیەكی زۆر لە هەردوولا كوژران ‌و ئەنجامەكەشی بە شكاندنی سوپای توركەكان كۆتایی هات.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1820، مێژوونوس ‌و كوردناسی بەناوبانگ (كلۆدیۆس جەیمس ڕیچ) گەیشتە شاری هەولێر بە مەبەستی كۆكردنەوەی زانیاریی ‌و نوسینەوەی مێژووی ئەو ناوچەیە.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1890، ئەدیب ‌و نوسەری ناوداری ئیتاڵی (كارلۆ لۆرێنزی كۆلۆدی) كۆچی دوایی كردووە، كە لە پاش خۆی چەندین بەرهەمی گرنگی بەجێهێشتووە بە تایبەت لە بواری منداڵاندا.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1905، نەرویج لە شانشینی سوید جیابووەوە ‌و وەكو وڵاتێكی خاوەن سەروەریی سەربەخۆیی ڕاگەیاند، دواتریش لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدانرا.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1916، (فرانسوا میتران)ی سەرۆكی فەرەنسا لە دایك بووە، كە دۆستی گەلی كورد بووە ‌و لەگەڵا (دانێل میتیران)ی هاوسەری هەوڵی زۆریان داوە بۆ بەرگریكردن لە ماف ‌و داخوازییەكانی گەلی كورد، میتیران ساڵی 1996 كۆچی دوایی كردوە.  
-    ڕۆژی 26ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1945، ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بە شێوەیەكی ڕەسمی هاتە كایەوە ‌و دەستی بە كاركردن كرد، دوای ئەوەی لەلایەن پێنج وڵاتە براوەكەی جەنگی دووەمی جیهانییەوە دەستوور ‌و پەیڕەوی كاركردنەكەی مۆركرا.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1947، (هیلاری كلینتۆن) وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ‌و هاوسەری (بیل كلینتۆن) چل ‌و دووەمین سەرۆكی ئەمریكا لە دایك بووە، كە یەكێكە لە سیاسەتمەدارە بە تواناكانی ئەمریكا و سەر بە پارتی دیموكراتە.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1954، لە كاتی وتارێكیدا لە مەیدانی (مەنشیە)ی شاری ئەسكەندەرییە، هەوڵی تیرۆركردنی (جەمال عەبدولناسر)ی سەرۆكی میسر درا، بەڵام هەوڵەكە شكستی هێنا ‌و عەبدولناسر ڕزگاری بوو.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1957، نوسەر ‌و ئەدیب ‌و ڕۆماننوسی ناوداری یۆنانی (نیكۆس كازانتزاكیس) كۆچی دوایی كردووە، كە چەندین بەرهەم ‌و كتێب ‌و ڕۆمانی گرنگی نوسیوە ‌و بۆ زۆربەی زمانە زیندووەكانی جیهان وەرگێڕدراون، كازانتزاكیس ساڵی 1883 لە دایك بوە ‌و دوای نوسینی رۆمانی زۆربا ناوبانگێكی جیهانیی بەدەست هێنا.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1967، (محەمەد ڕەزا پەهلەوی) پاشای ئێران نازناوی خۆیی لە شاهنشاهییەوە گۆڕی ‌و وەكو ئیمپراتۆری ئێران خۆی ناساند.
-    وەكو ناڕەزایەتییەك بەرامبەر بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتانی عەرەب، ڕۆژی 26ی تشرینی یەكەمی ساڵی  1973، هەردوو حكومەتی زامبیا ‌و گامبیا بڕیاریاندا، پەیوەندییە دبلۆماتییەكانیان لەگەڵا حكومەتی ئیسرائیل بپچڕێنن.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1979، (كیم شی كیو) سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی كۆریای باشور هێرشی كردە سەر (پارك شۆنگ هی) سەرۆكی كۆریا ‌و تیرۆری كرد.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1985، مەفرەزەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە نزیك سەریانگەی (تابین)ی سەر بە پارێزگای سلێمانی بۆسەیەكیان نایەوە كە بە هۆیەوە زیانێكی زۆری گیانی ‌و ماڵییان لە هێزە ئەمنییەكانی عێراق دا ‌و دەستیشیان گرت بەسەر بڕێكی زۆر چەك ‌و تەقەمەنی ‌و كەرەستەی سەربازیدا.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1992، یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی هەرێم لە باشوری كوردستان بڵاوكرایەوە، كە لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستانەوە دەردەچوو.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1994، پەیماننامەیەكی ئاشتی لە نێوان پاشانشینی ئوردنی هاشمی ‌و دەوڵەتی ئیسرائیلدا مۆر كرا كە بە ڕێكەوتننامەی (دۆڵی عەربە) ناسراوە.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1999، (جەلال تاڵەبانی) سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گەیشتە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆنگرەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی عێراقدا كە بڕیاربوو كۆتایی ئەو مانگە لە شاری واشنتۆن بەڕێوەبچێت ‌و كۆنگرەكە تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی عێراق.
-    دوای ئەوەی ژمارەیەك چەكداری چیچانی دەستیان بەسەر هۆڵێكی شانۆی شاری مۆسكۆدا گرت ‌و 800 كەسیان بە بارمەتە گرت، ڕۆژی 26ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2002 هێزە تایبەتەكانی سوپا ‌و پۆلیسی ڕوسیا بە گازی بێهۆشكەر هەڵیانكوتایە سەر هۆڵەكە ‌و پێكدادانێكی خوێناوی دروست بوو، كە بە هۆیەوە 50 چەكداری چیچانی ‌و 150 بەبارمەتەگیراو كوژران.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2003، خوێندكارانی كوردی شاری كەركوك خۆپیشاندانێكی گەورەیان ئەنجامدا ‌و تێیدا داوای ئەوەیان كرد پرۆگرامی خوێندن لە شاری كەركوك بكرێتە كوردی.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2004، كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی سەر بە ڕێكخراوی یەكێتیی ئەوروپا لە ڕاپۆرتێكدا ئەوەی بڵاوكردەوە، كە حكومەتی توركیا بە شێوەیەكی بەرچاو مافەكانی مرۆڤ پێشێل دەكات ‌و ستەم لە گەلی كورد دەكات ‌و هێرش دەكاتە سەر ناوچە كوردنشینەكان.
-    لەمیانی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی تونسدا، ڕۆژی 26ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2009 (زەینلعابدین بنعەلی) سەرۆكی تونس بۆ جاری پێنجەم سەركەوتنی بەدەست هێنایەوە بە كۆكردنەوەی نزیكەی 90%ی دەنگەكان، بەڵام لەلایەن ئۆپۆزسیۆن ‌و نەیارەكانیەوە ڕەخنە لە پرۆسەكە گیرا ‌و بە ساختەكردن تۆمەتباریان كرد، ناڕەزایەتییەكانیش رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر بوون ‌و دەرئەنجامەكەی رووخانی دەسەڵاتەكەی بنعەلیی بەدوای خۆیدا هێنا لە ساڵی 2011دا.
-    ئەمڕۆ لە نەمسا بە ڕۆژی نیشتمانی لە قەڵەم دەدرێت ‌و مەراسیم ‌و ئاهەنگی گەورەی نیشتمانی بەو بۆنەیەوە بەڕێوەدەچن.


هه‌واڵی زیاتر