بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

ڕۆژی 29ی تشرینی یەكەم


-    ڕۆژی 29ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1783، زانا ‌و پسپۆڕی بواری ماتماتیك (لۆرن دالمبێر)ی فەرەنسی كۆچی دوایی كردووە، كە چەندین بیردۆزی لە زانستی بیركاریدا داناوە ‌و یەكێكە لە بلیمەتەكانی بواری بریكاریی.
-    ڕۆژی 29ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1876، والیی شارەكانی (موش ‌و وان)ی باكوری كوردستان لە بروسكەیەكدا بۆ بەرپرسانی دەوڵەتی عوسمانی لە ئیستانبوڵا ئاماژەیان بەوە كردبوو كە گەنجانی كورد ئامادەنین بچنە ڕیزەكانی سوپای عوسمانییەوە.
-    ڕۆژی 29ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1879، (فرانز فۆن بابن)ی ڕاوێژكاری ئەڵمانیا لە دایك بووە كە ڕۆڵی زۆری بینیوە لە بەهێزكردنی پێگەی ئەڵمانەكان لە ئەوروپادا ‌و ساڵی 1932 لەگەڵ پارتەكەی ئەدۆڵف هێتلەر بووەتە هاوپەیمان ‌و بەو هۆیەوە هێتلەر توانیی بچێتە سەر كورسیی دەسەڵات.
-    ڕۆژی 29ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1888، ڕێككەوتننامەی قوستەنتینیە لە نێوان دەوڵەتی عوسمانی ‌و وڵاتانی ئەوروپادا مۆر كرا كە تایبەت بوو بە ئازادیی هاتوچۆكردنی كەشتییە بازرگانیی ‌و گەشتیارییەكان بە نۆكەندی سوێسی میسردا.
-    ڕۆژی 29ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1923، دوای هەڵوەشانەوە ‌و ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی كۆماری توركیای عەلمانی پێكهێنراوە، كە یەكەم سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتەش (مستەفا كەمال ئەتاتورك) بووە ‌و پاش چوونە سەر كورسیی دەسەڵات هێرشی دڕندانەی كردووەتە سەر نەتەوەی كورد ‌و هەموو جۆرە ماف ‌و چالاكییەكی مەدەنیی ‌و سیاسیی لێ‌ قەدەغە كردوون ‌و بە توركی شاخاوی ناوی بردوون.
-    ڕۆژی 29ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1936، لە شاری بەغدادی پایتەختی عێراق كودەتایەكی سەربازی بە فەرماندەیی ژەنراڵا (بەكر سدقی) بە سەر حكومەتی عێراقدا ئەنجامدرا كە ئەفسەرێكی كورد بوو.
-    ڕۆژی 29ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1938، خاتوو (ئێلین جۆنسۆن سێرلیڤ)ی سەرۆكی لیبریا لە دایك بووە، كە بە هۆی هەوڵە ئاشتیخوازانەكانییەوە ساڵی 2011 خەڵاتی نۆبڵی لە بواری ئاشتیدا پێبەخشراوە.
-    ڕۆژی 29ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1950، (عەبدوڵڵا گویل) یانزەهەمین سەرۆك كۆماری توركیا لە دایك بووە، كە یەكێكە لە سەركردە سیاسییەكان و لە بواری ئابورییشدا لێهاتووییەكی باشی هەیە، گویل لە نێوان ساڵانی 2007 بۆ 2014 پۆستی سەرۆك كۆماری لە دەستدا بوە.
-    لە پاش هەوڵێكی شكستخواردووی كۆمەڵی ئیخوان موسلمینی میسر بە مەبەستی تیرۆركردنی (جەمال عەبدولناسر)ی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە، ڕۆژی 29ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1954، عەبدولناسر لە بڕیارێكدا ئەو كۆمەڵەیەی هەڵوەشاندەوە ‌و سەرجەم بارەگاكانیشی داخستن ‌و هەموو كار ‌و چالاكییەكی سیاسیشی لێ‌ قەدەغە كردن، دوای ئەوەش هێزە ئەمنییەكانی میسر كەوتنە شاڵاوی دەستگیركردن ‌و ڕاوەدونان ‌و كوشتنی سەركردەكانی ئیخوان.
-    ڕۆژی 29ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1956، هێزە هاوبەشەكانی بەریتانیا ‌و ئیسرائیل هێرشیان كردە سەر نۆكەندی سوێسی میسر بە ئامانجی داگیركردنی، ئەو هێرشەش دوای ئەوە هات كە نۆكەندەكە لەلایەن حكومەتی میسرەوە خۆماڵی كرا ‌و لە دەست كۆمپانیا بیانییەكان دەرهێنرا.
-    ڕۆژی 29ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1962، شێخ (عەبدوڵڵا سالم سوباح)ی میری كوەیت مەرسومێكی میرایەتیی دەركرد بە دەستنیشانكردنی (سوباح سالم سوباح)ی برای وەكو جێنشینی تەختی میرایەتیی ئەو وڵاتە.
-    ڕۆژی 29ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1970، لە میانی كۆنگرەی چوارەمی پارتی كرێكارانی توركیادا دان بە مافەكانی گەلی كورددا نرا ‌و پارتەكەش پشتیوانیی خۆیی بۆ داخوازییەكانی گەلی كورد لە توركیادا دەربڕی.
-    ڕۆژی 29ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1982، یەكەم ژمارەی گۆڤاری (خەباتی مامۆستا) لە شاخ بڵاوكراوەتەوە، كە گۆڤارێكی ئەدەبیی ‌و روناكبیریی بوە.
-    لە میانی یەكەم هەڵبژاردنی دیموكراتیی ‌و فرەییدا كە ڕۆژی 29ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1985 لە كۆماری لیبریا بەڕێوەچوو ژەنراڵا (ساموێل دۆ) زۆرینەی دەنگەكانی بەدەست هێنا ‌و چووە سەر كورسیی دەسەڵات.
-    ڕۆژی 29ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1988، هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە فەرمانی ڕژێمی بەعس ‌و لە درێژەی سیاسەتی ڕاگواستنی گەلی كورددا، 3500 هاوڵاتی كوردیان بە زۆرەملێ‌ لە شارۆچكەی قەرەهەنجیری سەر بە پارێزگای كەركوك دەركرد كە ئاوارەی ناوچەكانی هەولێر ‌و چەمچەماڵا بوون.
-    ڕۆژی 29ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1988، هێزە ئەمنییەكان ‌و سوپای بەعس هێرشێكی گەورەیان كردە سەر گوندەكانی هەردوو ناوچەی (شێخ وەسانان ‌و دۆڵی بالیسان) كە تێیدا سەرجەم كەرەستە ‌و كەلوپەلی هاوڵاتیانی دانیشتووی ئەو گوندانەیان تاڵان كرد ‌و دواتریش هەموو ناوچەكەیان كاول كرد.
-    ڕۆژی 29ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1998، ڕاپۆرتی لیژنەی ئاشتەوایی نیشتمانی لە ئەفریقای باشور لێبوردنی گشتیی بۆ ئەو سەركردە ‌و بەرپرسانەی سەردەمی سیاسەتی ئاپارتاید دەركرد كە تۆمەتبار بوون بە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ ‌و چەوساندنەوەی ڕەشپێستەكان.
-    ڕۆژی 29ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1999، كۆنگرەی لایەن ‌و پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی عێراق لە ئەمریكا دەستی بە كارەكانی كرد كە پارتی دیموكراتی كوردستان ‌و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەكو نوێنەری هەرێمی كوردستان بەشدارییان تێدا كردبوو، تێیدا تاووتوێی چەند پرسێكی تایبەت بە داهاتووی عێراق كرا.
-    ڕۆژی 29ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2003، جەماوەری شارۆچكەی خانەقین خۆپیشاندانێكی فراوانیان ئەنجامدا ‌و تێیدا داوای ئەوەیان كرد خانەقین بگەڕێنرێتەوە سەر خاكی هەرێمی كوردستان.
-    ڕۆژی 29ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2005، بە هۆی تەقینەوەیەكی خۆكوژییەوە كە لە شاری نییودلهیی پایتەختی هندستان ئەنجامدرا شەست هاوڵاتی گیانیان لە دەست دا ‌و سەدانی تریش بریندار بوون.
-    ئەمڕۆ لە توركیا بە جەژنی كۆماریی لە قەڵەم دەدرێت بە بۆنەی دامەزراندنی كۆماری توركیا.


هه‌واڵی زیاتر