بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

ڕۆژی 14ی تشرینی دووەم


-    ڕۆژی 14ی تشرینی دووەمی ساڵی 685ی زایینی، (مەروان بن حەكەم)ی دامەزرێنەری دەوڵەتی دووەمی ئەمەوی كۆچی دوایی كردووە، كە رۆڵی زۆری بینیوە لە زیادكردنی دەسەڵاتی موسڵمانەكان لە نیوەدوورگەی عەرەبی ‌و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ‌و باكوری ئەفریقادا.
-    ڕۆژی 14ی تشرینی دووەمی ساڵی 1650، (ویلیامی سێهەم)ی پاشای ئینگلتەرا لە دایك بووە كە لە ماوەی دەسەڵاتەكەیدا هەوڵی زۆری داوە بۆ داگیركردنی ناوچەكانی دەوروبەری شانشینەكەی.
-    ڕۆژی 14ی تشرینی دووەمی ساڵی 1716، زانای بوارەكانی بیركاریی ‌و فیزیا ‌و فەیلەسوفی ناوداری ئەڵمانی (گۆتفرێد لایبنتز) كۆچی دوایی كردووە، كە چەندین بەرهەمی گرنگی لە بوارە جیاجیاكاندا نوسیوە.
-    ڕۆژی 14ی تشرینی دووەمی ساڵی 1770، دۆزەرەوە ‌و جوگرافیاناسی بەناوبانگی ئەوروپا ‌و جیهان (جەیمس برۆس) گەیشتە قوڵایی خاكی كیشوەری ئەفریقا ‌و سەرچاوەی ڕوباری نیلی دۆزییەوە.
-    ڕۆژی 14ی تشرینی دووەمی ساڵی 1880، (شۆڵترۆیڤسكی) نوێنەری ڕوسیا لە ئێران لە ئاگادارینامەیەكدا بۆ باڵیۆزخانەی ڕوسیا لە شاری تاران ئاماژەی بەوەكرد بە هۆی كوژرانی (تەیمور خان)ەوە زۆربەی دانیشتوانی ناوچەكانی خۆرهەڵاتی كوردستان لە شوێنی خۆیان هەڵهاتوون بەو هۆیەشەوە زیانی زۆریان پێگەیشتووە.
-    ڕۆژی 14ی تشرینی دووەمی ساڵی 1889، ژنە ڕۆژنامەنوس (نیللی بلای) دەستی بە هەوڵێكی سەركەوتوو كرد بۆ گەڕان بە دەوری گۆی زەویدا لە ماوەی كەمتر لە 80 ڕۆژدا.
-    ڕۆژی 14ی تشرینی دووەمی ساڵی 1908، زانای فیزیاناسی جیهانی (ئەلبێرت ئەنیشتاین) بیردۆزی تیشكی ئاشكرا كرد كە بووە هۆكارێكی سەرەكی بۆ بەرەوپێشبردنی تەكنۆلۆژیای لەیزەر.
-    ڕۆژی 14ی تشرینی دووەمی ساڵی 1913، لەلایەن (عەبدولڕەزاق بەدرخان)ەوە كۆمەڵەی ڕۆشنبیریی كوردستان دامەزراوە ‌و سەرەتاش بارەگاكەی لە شاری (خوی) باكوری خۆرئاوای ئێران بووە.
-    ڕۆژی 14ی تشرینی دووەمی ساڵی 1919، شۆڕشگێڕەكانی هەردوو ناوچەی زرێبار ‌و بارزان هێرشێكی گەورەیان كردە سەر بنكە ‌و بارەگاكانی سوپای ئینگلیز لە شارۆچكەی ئاكرێ‌، دوای شەڕێكی سەخت لە نێوان هەردوولادا سەرئەنجام شۆڕشگێڕەكان توانییان شارۆچكەكە لە دەستی ئینگلیزەكان ڕزگار بكەن.
-    ڕۆژی 14ی تشرینی دووەمی ساڵی 1922، دەستەی ئێزگەی بەریتانی كە دواتر بە ئاژانسی (بی. بی. سی) ناسرا دەستی بە پەخشكردنی خزمەتگوزارییەكانی كرد لە سەرتاسەری شانشینی یەكگرتووی بەریتانیادا.
-    لە میانی جەنگی دووەمی جیهانیدا ‌و ڕۆژی 14ی تشرینی دووەمی ساڵی 1941، هێزەكانی سوپای ئەڵمانیا لە ماوەی تەنها یەك ڕۆژدا زیاتر لە نۆ هەزار جولەكەیان كۆمەڵكوژ كرد كە بە پرۆسەی (بارباروسا) ناسراوە ‌و ئامانج لێی پاكتاوكردنی جولەكەكان بوو.
-    ڕۆژی 14ی تشرینی دووەمی ساڵی 1954، (جەمال عەبدولناسر) كودەتایەكی سەربازیی بەسەر لیوا (محەمەد نەجیب) یەكەم سەرۆك كۆماری میسردا ئەنجامدا ‌و لەسەر كار دووریخستەوە دواتریش خۆی چووە سەر كورسیی دەسەڵات ‌و باری نائاسایی لە میسردا ڕاگەیاند.
-    ڕۆژی 14ی تشرینی دووەمی ساڵی 1968، بۆ یەكەمجار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لە ئەوروپا یەكەم نەشتەرگەریی چاندنی سییەكان بە سەركەوتوویی ئەنجامدرا.
-    ڕۆژی 14ی تشرینی دووەمی ساڵی 1975، مەراكش ‌و مۆریتانیا ‌و ئیسپانیا پەیماننامەیەكی سێقۆڵییان مۆر كرد لە بارەی چارەنوسی بیابانی خۆرئاوا كە لەلایەن ئیسپانییەكانەوە داگیر كرابوو، بە گوێرەی پەیماننامەكەش حكومەتی مەدرید دەستبەرداری بیابانی خۆرئاوا بوو بۆ دوو وڵاتەكەی دیكە.
-    لە بەرامبەر دەستبەسەركردنی دبلۆماتكارەكانی ئەمریكا لەلایەن ئێرانەوە، ڕۆژی 14ی تشرینی دووەمی ساڵی 1979، (جیمی كارتەر)ی سەرۆكی ئەمریكا بڕیارێكی دەركرد بە بلۆككردنی سەرجەم كاروبار ‌و داراییەكانی ئێران لەناو خاكی ئەمریكادا.
-    ڕۆژی 14ی تشرینی دووەمی ساڵی 1983، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی (شا خالد) لە شاری ڕیازی پایتەختی عەرەبستانی سعودی كرایەوە كە لە ڕووی ڕووبەرەوە بە گەورەترین فڕۆكەخانەی جیهان ئەژمار دەكرا ‌و ڕووبەرەكەی 221 كیلۆمەتر چوارگۆشە بوو، 21 ملیار پاوەندی بەریتانیی تێچوو كۆشكی چاودێریكردنەكەشی 74 مەتر بەرزە، كە بەرزترین كۆشكی چاودێریكردنی فڕۆكەیە لە جیهاندا.
-    پاش ڕاگرتنی پەیوەندییە دبلۆماتییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی كوەیت ‌و میسر بۆ ماوەی چەندین ساڵا، ڕۆژی 14ی تشرینی دووەمی ساڵی 1987، میرنیشنی كوەیت بڕیاریدا سەرجەم پەیوەندییەكانی لەگەڵا حكومەتی قاهیرەدا ئاسایی بكاتەوە.
-    ڕۆژی 14ی تشرینی دووەمی ساڵی 1991، دەسەڵاتدارانی بەریتانیا ‌و ئەمریكا ناوی دوو تۆمەتباری لیبیایان بڵاوكردەوە كە دەستیان هەبووە لە خستنەخوارەوەی فڕۆكەی (پان ئەمریكان) لەسەر ئاسمانی لۆكەربی.
-    ڕۆژی 14ی تشرینی دووەمی ساڵی 1992، ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستان دوای ئەوەی بە یاسای ژمارە 35 دادگای تایبەتی شۆڕشی هەڵوەشاندەوە، كاروباری یاسایی باشوری كوردستانی ڕادەستی وەزارەتی داد ‌و دادگاكان كرد.
-    ڕۆژی 14ی تشرینی دووەمی ساڵی 2001، هێزەكانی هاوپەیمانان ‌و بەتایبەت سوپای ئەمریكا دەستیان بەسەر شاری كابوڵی پایتەختی ئەفغانستاندا گرت ‌و لەژێر دەستی بزووتنەوەی تاڵیبان دەریانهێنا.
-    ڕۆژی 14ی تشرینی دووەمی ساڵی 2003، هەسارۆكەی (سدنا) لەلایەن گەردوونناسانەوە دۆزرایەوە كە دوورترین تەنۆچكەیە بە دەوری خۆردا بسوڕێتەوە.
-    ئەمڕۆ یادی دامەزراندنی شاری سلێمانییە، هەر ئەمڕۆش بە ڕۆژی جیهانیی نەخۆشیی شەكرە لە قەڵەم دەدرێت ‌و لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە بایەخی زۆری پێدەدرێت، لە بۆرماش ئەمڕۆ جەژنی نیشتمانییە، لە هندستانیش ئەمڕۆ بە جەژنی منداڵان ئەژمار دەكرێت.


هه‌واڵی زیاتر