بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

ڕۆژی 26ی تشرینی دووەم


-    ڕۆژی 26ی تشرینی دووەمی ساڵی 1382ی زایینی، سوڵتان (بەرقوقی كوڕی ئەنس) وەكو فەرمانڕەوای میسر دەسەڵاتی گرتە دەست كە لە پاش چوونە سەر كورسیی دەسەڵات دەوڵەتی دووەمی مەمالیكی لە میسر دامەزراند.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی دووەمی ساڵی 1504، شاژنە (ئیزابێلای یەكەم)ی پاشای ئیسپانیا كۆچی دوایی كردووە، كە لە ماوەی حوكمڕانییەكەیدا دەستی گرتوە بەسەر چەندین ناوچەی جیاوازدا و یەكخستنی ناوچەكانی قشتالە ‌و ناپۆلی ‌و سەقەلییە، پشتیوانیی كۆڵۆمبسیشی كردوە لە گەشتەكانیدا بۆ دۆزینەوەی خاكی نوێ‌، ئیزابێلای یەكەم ساڵی 1451 لە دایك بوە.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی دووەمی ساڵی 1607، پیاوچاكی ئایینی ‌و نوسەری ئینگلیزی (جۆن هارڤارد) لە دایك بووە، كە دامەزرێنەری زانكۆی هارڤاردە ‌و یەكێكە لە زانكۆ گەورە و بەناوبانگەكانی جیهان، هارڤارد ساڵی 1638 لە هەڕەتی لاوێتیدا كۆچی دوایی كردوە.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی دووەمی ساڵی 1830، هێزەكانی سوپای داگیركاری فەرەنسا شكستیان هێنا لە داگیركردنی شاری (بەلیدە)ی جەزائیر بە هۆی بەرەنگاربوونەوە ‌و شەڕی قورسی دانیشتوانی شارەكە لە دژی سوپای فەرەنسییەكان.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی دووەمی ساڵی 1931، هۆزی برادۆستییەكان بە سەرۆكایەتیی شێخ (ڕەشیدی لەولان) بە پیلانێكی دەوڵەتی عێراق هێرشیان كردە سەر ناوچەی بارزان كە بووە هۆی كوشتار ‌و شەڕێكی قورس لە ناوچەكەدا.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی دووەمی ساڵی 1941، هێزەكانی سوپای ژاپۆن هاوشانی كەشتیگەلی ژاپۆنی ‌و بە فەرماندەیی ئەدمیراڵا (شۆشی ناجۆمۆ) ڕوویانكردە ناوچەی (بیرل هاربەر) بە مەبەستی جەنگ ‌و شەڕكردن لەگەڵا سوپای هاوپەیمانەكان.
-    لە گەرمەی جەنگی دووەمی جیهانیدا ‌و ڕۆژی 26ی تشرینی دووەمی ساڵی 1943، كۆنگرەیەكی لوتكە لە شاری تارانی پایتەختی ئێران لە نێوان (فرانكلین ڕۆزفڵت)ی سەرۆكی ئەمریكا ‌و (وینستۆن چەرچڵا)ی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ‌و (جۆزێف ستالین)ی سەرۆكی یەكێتیی سۆڤێتدا ئەنجامدرا، كە تێیدا ستراتیژی جەنگیان داڕشت لە دژی بەرەی میحوەر.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی دووەمی ساڵی 1943، نوسەر ‌و ئەدیب ‌و ڕۆماننوسی ناوداری ئەمریكی (مارلین ڕۆبنسۆن) لە دایك بووە، كە یەكێكە لە ئەدیبە نوێخوازەكانی خۆرئاوا ‌و چەندین بەرهەمی بەپێزی نوسیوە ‌و بۆ زمانە زیندووەكانی جیهان وەرگێڕدراون.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی دووەمی ساڵی 1950، هێزەكانی سوپای چین چوونە ناو خاكی كۆریای باكورەوە بە مەبەستی هاوكاریكردنی سوپای ئەو وڵاتە لە بەرەنگاربوونەوەی سوپا هاوبەشەكەی كۆریای باشور ‌و ئەمریكا، ئەوەش بووە پارسەنگێك بۆ جەنگەكە ‌و هاوسەنگكردنەوەی هاوكێشەكان لە جەنگی نیوەدورگەی كۆریادا.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی دووەمی ساڵی 1960، كۆمەڵەی گشتیی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان داوایەكی حكومەتی مەراكشی ڕەتكردەوە بە لكاندنی خاكی مۆریتانیا بەو وڵاتەوە.
-    لە پاش ڕزگاربوونی جەزائیر لە ژێردەستەیی داگیركاران ڕۆژی 26ی تشرینی دووەمی ساڵی 1962، (ئەحمەد بن بلە) یەكەم كابینەی حكومەتی لە جەزائیردا پێكهێنا ‌و چووە سەر كورسیی دەسەڵات.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی دووەمی ساڵی 1969، یەكەم ژمارەی گۆڤاری بەیان بڵاوكراوەتەوە كە گۆڤارێكی ڕوناكبیریی ‌و كۆمەڵایەتی‌و ئەدەبی بووە ‌و چەندین نوسەر بابەتیان تێدا بڵاوكردوەتەوە.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی دووەمی ساڵی 1973، مۆریتانیا وەكو ئەندامی تەواوەتیی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان وەرگیرا و بوە وڵاتێكی خاوەن سەروەریی.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی دووەمی ساڵی 1988، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێدانی ڤیزای بە (یاسر عەرەفات)ی سەرۆكی دەسەڵاتی فەڵەستینی ڕەتكردەوە ‌و ڕێگەی پێنەدا بچێتە خاكی ئەمریكاوە كە بڕیاربوو وتارێك لە بەردەم كۆمەڵەی گشتیی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكاندا پێشكەش بكات.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی دووەمی ساڵی 1988، فڕۆكەكانی سوپای عێراق بە خەستی بۆردومانی ناوچەكانی (سەرقەڵا ‌و هۆمەربل)یان كرد، كە بەهۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتیی كورد بریندار بوون ‌و زیانێكی زۆری ماڵیش بەو ناوچانە گەیشت.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی دووەمی ساڵی 1990، بە هۆی تەقینەوەیەكی خۆكوژییەوە لە ناو بارەگایەكی سوپای ئیسرائیلدا لەسەر سنورەكانی نێوان میسر ‌و ئیسرائیل كە لەلایەن سەربازێكی میسری بەناوی (ئەیمەن حەسەن)ەوە ئەنجامدرا، چەندین سەربازی ئیسرائیلی كوژران ‌و ژمارەیەكی زۆریش بریندار بوون.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی دووەمی ساڵی 1993، حكومەتی ئەڵمانیا بە فەرمانێكی ڕەسمی هەرچی بنكە ‌و بارەگا ‌و چالاكیی پارتی كرێكارانی كوردستان هەبوو لەو وڵاتەدا قەدەغەی كردن، 35 ڕێكخراویشی قەدەغە كرد كە سەر بە پەكەكە بوون ‌و چالاكییان لە ئەڵمانیادا ئەنجام دەدا.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی دووەمی ساڵی 1994، بە شێوەیەكی زۆر دڕندانە هێرشكرایە سەر مامۆستا (عەبدولڕەحمان عەبدولقادر گەناوی) یاریدەدەری سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینیی كوردستان ‌و وتارخوێنی مزگەوتی (عومەری كوڕی خەتاب) لە شاری هەولێر كە بەهۆیەوە گیانی لە دەست دا.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی دووەمی ساڵی 2001، نوسەر ‌و موزیسیان ‌و هونەرمەندی گەورەی فینلەندی (نیلس ئەسلەك فالكیابا) كۆچی دوایی كردووە، كە خاوەنی چەندین بەرهەمی هونەریی بەپێزە.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی دووەمی ساڵی 2002، هەریەكە لە  (جەلال تاڵەبانی ‌و مەسعود بارزانی) گەیشتنە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا ‌و لەگەڵا سەرۆكی پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا كۆبوونەوە.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی دووەمی ساڵی 2004، لە گۆڕەپانی ئازادی لە شاری كەركوك پەردە لەسەر پەیكەرێكی گەورەی شاعیری ناوداری گەلی كورد (ئەسیری) لادرا.
-    ڕۆژی 26ی تشرینی دووەمی ساڵی 2008، چەند تەقینەوەیەكی بەهێز لە ناوچە جیاجیاكانی شاری (مۆمبای) پایتەختی ئابوریی هندستان ڕوویاندا كە بە هۆیانەوە ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا ‌و دەیانی تریش بریندار بوون ‌و زیانێكی زۆری مادیشیان بە دوای خۆیاندا هێنا.


هه‌واڵی زیاتر