بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

ڕۆژی 30ی تشرینی دووەم


-    ڕۆژی 30ی تشرینی دووەمی ساڵی 1667ی زایینی، ئەدیب ‌و سیاسەتمەدار ‌و تێكۆشەری گەلی ئێرلەندا (جۆناسان سۆیفت) لە دایك بووە كە خەباتكارێكی گەورە بوو بۆ ڕزگاربوونی ئێرلەندا لە ژێر دەستی ئینگلیزەكان ‌و هەوڵی زۆری داوە بۆ پێكهێنانی دەوڵەتێكی سەربەخۆ.
-    ڕۆژی 30ی تشرینی دووەمی ساڵی 1853، جەنگی دەریایی (سینۆب) لە نێوان هێزەكانی ئیمپراتۆریەتی ڕوسیای قەیسەری ‌و سوپای دەوڵەتی عوسمانیدا ڕوویدا كە لە ئەنجامدا بەتێكشكاندنی هێزەكانی سەر بە دەوڵەتی عوسمانی كۆتایی هات.
-    ڕۆژی 30ی تشرینی دووەمی ساڵی 1854، (محەمەد سعدی پاشا)ی فەرمانڕەوای میسر ڕەزامەندیی لەسەر بڕیارێك پیشاندا كە مافی هەڵكەندنی نۆكەندی (سوێس)ی دەدایە دەست (فردیناند دی لسبس) كە ئەندازیار ‌و بەڵێندەرێكی فەرەنسی بوو.
-    ڕۆژی 30ی تشرینی دووەمی ساڵی 1874، (وینستۆن لیۆنارد سبنسر چەرچڵا)ی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە دایك بووە كە یەكێك بووە لە سەركردە بەناوبانگەكانی جەنگی دووەمی جیهانی ‌و ساڵی 1953 خەڵاتی نۆبڵی لە بواری ئاشتیدا پێبەخشراوە، چەرچڵ دوو جار وەكو سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا هەڵبژێردراوە ‌و ساڵی 1965 كۆچی دوایی كردوە.
-    ڕۆژی 30ی تشرینی دووەمی ساڵی 1900، نوسەر ‌و ئەدیبی ناوداری ئێرلەندی (ئۆسكار وایڵد) كۆچی دوایی كردووە، كە چەندین بەرهەمی گرنگی لە پاش خۆی بەجێهێشتووە ‌و بەرهەمەكانیشی بۆ زۆربەی زمانە زیندووەكانی جیهان وەرگێڕدراون.
-    ڕۆژی 30ی تشرینی دووەمی ساڵی 1919، حكومەتی فەرەنسا مافی بە ژنانی ئەو وڵاتە دا تا بەشداریی لە هەڵبژاردنە گشتییەكاندا بكەن ‌و هاوشێوەی پیاوان دەنگ بدەن.
-    سەرەڕای ئەوەی حكومەتی فینلەندا بڕیاریدابوو لە جەنگی دووەمی جیهانیدا بێلایەن بمێنێتەوە ‌و بەشداریی نەكات بەڵام ڕۆژی 30ی تشرینی دووەمی ساڵی 1939 هێزەكانی سوپای یەكێتیی سۆڤێت هێرشیان كردە سەر ئەو وڵاتە ‌و داگیریان كرد.
-    ڕۆژی 30ی تشرینی دووەمی ساڵی 1962، دبلۆماتكاری بۆرمی (یو سانت) وەكو سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان هەڵبژێردرا، كە یەكێك بوو لە سیاسەتمەدارە ناودارەكان ‌و رۆڵی زۆری بینی لە دروستكردنی ئاشتی ‌و هەماهەنگی لە نێوان وڵاتاندا.
-    ڕۆژی 30ی تشرینی دووەمی ساڵی 1965، شێخ (سوباح سالم سوباح)ی میری كوەیت بە فەرمانێكی میرایەتی شێخ (جابر ئەحمەد سوباح)ی ئامۆزای وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی كوەیت دەستنیشان كرد.
-    ڕۆژی 30ی تشرینی دووەمی ساڵی 1967، یەمەنی باشور لە یەمەنی باكور جیابووەوە ‌و وەكو وڵاتێكی خاوەن سەروەریی سەربەخۆیی ڕاگەیاند، یەكەم سەرۆك كۆماریش كە هەڵبژێردرا (قەحتان محەمەد شەعبی) بوو دواتریش ناوی وڵاتەكە گۆڕدرا بۆ كۆماری میللـیی یەمەنی دیموكراتی.
-    ڕۆژی 30ی تشرینی دووەمی ساڵی 1970، ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بڕیاری ژمارە 649ی دەركرد كە مافی بە گەلی فەڵەستین دەدا بڕیار لە چارەنوسی خۆیان بدەن، بەڵام بڕیارەكە پشتگوێ‌ خرا.
-    دوای ئەوەی سوپای ئێران دورگەكانی (تومبی بچوك ‌و تومبی گەورە ‌و ئەبوموسا)ی داگیر كرد لە ئاوەكانی كەنداودا، ڕۆژی 30ی تشرینی دووەمی ساڵی 1971 حكومەتی تاران بە شێوەیەكی فەرمی ئەو سێ‌ دورگەیەی كردە بەشێك لە خاكی وڵاتەكەی.
-    ڕۆژی 30ی تشرینی دووەمی ساڵی 1978، كۆبوونەوەیەكی فراوان لە نێوان ئەندامەكانی كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستاندا ئەنجام درا بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی ڕەوشی شۆڕش لە باشوری كوردستان.
-    ڕۆژی 30ی تشرینی دووەمی ساڵی 1988، زانای ئایینی ‌و قورئانخوێنی دەنگخۆش ‌و ناوداری میسری (عەبدولباست عەبدولسەمەد) كۆچی دوایی كردووە، كە لە ماوەی ژیانیدا خزمەتێكی زۆری بە بواری ئایین كردوە لە رێگەی دەنگە ئەفسوناوییەكەیەوە ‌و هەوادارێكی زۆری هەبوە.
-    ڕۆژی 30ی تشرینی دووەمی ساڵی 1997، سەرژمێرییەكی گشتی لە توركیا بەڕێوەچوو بەڵام لە فۆرمی سەرژمێرییەكەدا خانەی نەتەوە ‌و ڕەگەز ‌و ئایین نەنوسرابوو بۆ ئەوەی ژمارەی كورد لەو وڵاتەدا دیاریی نەكرێت ‌و رێژەیان بە نهێنی بمێنێتەوە.
-    ڕۆژی 30ی تشرینی دووەمی ساڵی 1999، پەرلەمانی كوەیت بە زۆرینەی دەنگی ئەندامەكانی پرۆژە بڕیارێكی ڕەتكردەوە كە مافی بە ژنانی ئەو وڵاتە دەدا بەشداریی لە هەڵبژاردنەكاندا بكەن.
-    دوای تێپەڕبوونی ماوەی 15 ساڵا بەسەر بڕیارێكی حكومەتی توركیادا كە باری نائاسایی لە شارەكانی (ئامەد ‌و شرناخ)ی باكوری كوردستاندا ڕاگەیاندبوو، ڕۆژی 30ی تشرینی دووەمی ساڵی 2002 حكومەتی ئەنكەرە بڕیاریدا باری نائاسایی لەسەر ئەو دوو شارە هەڵبگرێت.
-    ڕۆژی 30ی تشرینی دووەمی ساڵی 2004، بە هۆی ناڕازیبوونی لە سیاسەتەكانی (جۆرج بوش)ی سەرۆكی ئەمریكا، (تۆم ڕیدج)ی وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە.
-    ڕۆژی 30ی تشرینی دووەمی ساڵی 2004، بە هۆی نوقمبوونی كەڵەكێك لە ناو ڕوباری دیجلەدا لە نزیك ناوچەی فیشخابوری سەر بە پارێزگای دهۆك نزیكەی 40 هاووڵاتی كورد گیانیان لە دەست دا كە لە ناوچەكانی زوممار ‌و شەنگالەوە بە نیازبوون بچن بۆ زاخۆ.
-    ئەمڕۆ بە ڕۆژی جیهانیی ڕاگرتنی سزای لە سێدارەدان لە قەڵەم دەدرێت ‌و لەلایەن ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤەوە چەندین چالاكیی جۆراوجۆ بەڕێوەدەچن، لە كۆماری بربادۆسیش ئەمڕۆ بە جەژنی سەربەخۆیی ئەژمار دەكرێت ‌و بۆنەی نیشتمانی بەڕێوەدەچێت، لە سكۆتلەنداش ئەمڕۆ بە ڕۆژی (ئەندراوس)ی پیرۆز دەژمێردرێت.


هه‌واڵی زیاتر