بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

ڕۆژی 11ی كانونی یەكەم


-    ڕۆژی 11ی كانونی یەكەمی ساڵی 1198ی زایینی، ئەبولوەلید محەمەد ئەحمەد ناسراو بە (ئیبن ڕوشد) پزیشك ‌و نوسەر ‌و زانا ‌و فەیلەسوفی ناوداری ئەندەلوسی كۆچی دوایی كردووە، كە ساڵی 1126 لە ناوچەی قورتوبە لە دایك بوە ‌و لە ماوەی ژیانیدا خزمەتێكی زۆری كردوە ‌و لە پاش كۆچی دواییشی ژمارەیەك بەرهەمی بەپێزی بەجێهێشتوە.
-    ڕۆژی 11ی كانونی یەكەمی ساڵی 1241ی زایینی، (ئۆكتای خان) جێنشینی (جەنگیز خانی)ی ئیمپراتۆری مەغۆل كە لە هەمان كاتدا سێهەم كوڕی جەنگیز خان بوو كۆچی دوایی كردووە، كە لە پاش باوكی كاریگەرییەكی زۆری لەسەر فراوانكردنی دەسەڵاتی مەغۆلەكان بەسەر وڵاتانی ئاسیادا هەبووە.
-    ڕۆژی 11ی كانونی یەكەمی ساڵی 1475، (لیۆنی دەهەم) حەڤدەهەمین پاپای كلێسای كاسۆلیكی ڕۆمانی لە شاری فلۆرەنسا لە دایك بووە كە ناوی ڕاستەقینەی (جۆڤانی دی لۆرینزۆ دی میدیشی)یە ‌و پێشتر حاكمی فلۆرەنسا بووە، لیۆنی دەهەم ساڵی 1521 لە شاری ڕۆما كۆچی دوایی كردووە.
-    ڕۆژی 11ی كانونی یەكەمی ساڵی 1911، ئەدیب ‌و ڕۆماننوسی بەناوبانگی میسری (نەجیب مەحفوز) لە دایك بووە كە لە ساڵی 1988دا خەڵاتی نۆبڵی لە بواری ئادابدا بە دەست هێناوە.
-    ڕۆژی 11ی كانونی یەكەمی ساڵی 1936، (ئیدواردی هەشتەم) پاشای بەریتانیا دەستبەرداری كورسیی دەسەڵات بوو بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵا خاتوو (والیس سمبسۆن)ی دۆقی ئەمریكیدا ئەنجام بدات، چونكە بە گوێرەی یاسا ‌و ڕێساكانی سیستمی پاشایەتی لە بەریتانیا نابێت پاشا هاوسەرگیری لەگەڵا كەسێكی غەیرە بەریتانیدا بكات ‌و ئەگەر هەنگاوی لەو شێوەیە بنێت پێویستە دەستبەرداری دەسەڵات ببێت.
-    ڕۆژی 11ی كانونی یەكەمی ساڵی 1941، هەریەكە لە ئەڵمانیا ‌و ئیتاڵیا لە میانی جەنگی دووەمی جیهانیدا، شەڕیان لە دژی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕاگەیاند.
-    ڕۆژی 11ی كانونی یەكەمی ساڵی 1947، ڕێكخراوی یونیسێف وەكو رێكخراوێكی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پاراستنی منداڵان پێكهێنراوە كە ئێستا لە سەرجەم جیهاندا كار و چالاكیی ئەنجام دەدات ‌و گرنگی دەدات بە بواری منداڵان ‌و پاراستنیان لە جەنگ ‌و برسێتیی ‌و هەژاری ‌و نەخوێندەواریی.
-    ڕۆژی 11ی كانونی یەكەمی ساڵی 1957، ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بڕیارێكی دەركرد كە بە گوێرەی ئەو بڕیارە هەموو گەلێك مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنوسی خۆی بدات، بەڵام بڕیارەكە رووبەڕووی رەخنەی توند بوەوە لەلایەن بەشێك لە وڵاتانەوە.
-    لە میانی هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی نهێنییەكانی گەردوون ‌و شارەزابوون لە ئاسمانی دەرەوە، ڕۆژی 11ی كانونی یەكەمی ساڵی 1972 كەشتیوانەكانی كەشتیی ئەپۆڵۆ 17 لەسەر ڕووی هەسارەی مانگ نیشتنەوە كە ئەوەش بە شۆڕشێكی مەزن لە قەڵەم درا لە بواری گەردوونناسیدا.
-    ڕۆژی 11ی كانونی یەكەمی ساڵی 1979، پاش سەركەوتنی شۆڕش لە ئێران كۆبوونەوەیەكی فراوان لە نێوان نوێنەرانی خەڵكی خۆرهەڵاتی كوردستان ‌و نوێنەرایەتیی حكومەتی تازەی ئێراندا لە شاری مهاباد ئەنجامدرا بۆ گفتوگۆكردن ‌و ڕێككەوتن بەڵام كۆبوونەوەكە هیچ ئەنجامێكی لێنەكەوتەوە، بە هۆی ئەوەی نوێنەرانی تاران ئامادە نەبوون لەگەڵا لایەنە سیاسییەكانی كورددا ڕێككەوتن ئەنجام بدەن.
-    ڕۆژی 11ی كانونی یەكەمی ساڵی 1981، كۆمەڵەی گشتیی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بڕیاریدا (خافێر پیرێز دی كویلار) بكرێتە سكرتێری گشتیی ڕێكخراوەكە لە هەمان ساڵا ‌و ڕۆژیشدا یاریزانی مشتەكۆڵەی جیهان (محەمەد عەلی كلای) دوایین یاریی خۆیی ئەنجامدا ‌و دەستبەرداری یاریی مشتەكۆڵە بوو.
-    ڕۆژی 11ی كانونی یەكەمی ساڵی 1983، شاعیری گەورەی گەلی كورد مامۆستا (مەلا حەسەن) ناسراو بە (فانی) كۆچی دوایی كردووە، كە لە ماوەی ژیانیدا خزمەتێكی زۆری بە بوارەكانی ئایین ‌و ئەدەب كردوە ‌و لە پاش خۆی كۆمەڵێك بەرهەمی بەپێزی بەجێهێشتوە.
-    ڕۆژی 11ی كانونی یەكەمی ساڵی 1993، (شێركۆ بێكەس)ی شاعیری ناوداری گەلی كورد دەستی لە پۆستی وەزیری ڕۆشنبیریی حكومەتی هەرێم كێشایەوە ‌و داوای كرد لە جیاتی كاری ئیداریی بواری پێبدرێت خزمەتی ئەدەب بكات.
-    ڕۆژی 11ی كانونی یەكەمی ساڵی 2007، دوو تەقینەوەی بەهێز لە پایتەختی جەزائیر ڕوویاندا كە یەكێكیان كرایە سەر دادگای دەستووریی ئەو وڵاتە ‌و دووەمیشیان كرایە سەر كۆمیساریای باڵای پەنابەرانی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان، بە هۆی ئەو دوو تەقینەوەیەشەوە زیاتر لە 60 كەس كوژران ‌و دەیانی تریش بریندار بوون.
-    ڕۆژی 11ی كانونی یەكەمی ساڵی 2011، ئەنجومەنی ڕاوێژكاریی میسر لە میانی یەكەم كۆبوونەوەیدا (مەنسور حەسەن)ی وەكو سەرۆكی ئەنجومەنەكە هەڵبژارد، هەریەكەش لە (ئەبولعەلا مازی ‌و سامح عاشور) وەكو جێگری سەرۆك ‌و (محەمەد نور فەرەحات) وەكو ئەمینداری گشتیی دەستنیشان كران، ئەركی ئەنجومەنەكەش هاوكاریكردنی سوپا بوو لە بەڕێوەبردنی میسردا دوای ڕوخانی دەسەڵاتەكەی (حوسنی موبارەك).
-    ڕۆژی 11ی كانونی یەكەمی ساڵی 2011، ئەدیب ‌و نوسەری میسری (ئەحمەد بەهجەت) كۆچی دوایی كردووە كە یەكێك بووە لە ئەدیبە نوێخوازەكان ‌و ڕۆڵی هەبووە لە پێشخستنی بواری ئەدەب لە میسردا.
-    ڕۆژی 11ی كانونی یەكەمی ساڵی 2011، ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بە زۆرینەی دەنگی ئەندامەكانی بڕیاریدا دیالە بكرێتە هەرێمێكی نوێ‌ لە عێراقدا هەرچەندەش كورد ‌و سوننەكان پشتگیریی خۆیان بۆ پرۆژەكە دەربڕی بەڵام شیعەكان لە دژی وەستانەوە ‌و حكومەتەكەی (نوری مالكی) هەوڵەكەی شكست پێهێنا.
-    ئەمڕۆ لە كۆماری بۆركینا فاسۆ جەژنی كۆمارییە، لە ئەرجەنتینیش ڕۆژی سەمای تانگۆیە، لە هەمان كاتدا ئەمڕۆ یادی دامەزراندنی ڕێكخراوی یونیسێف دەكرێتەوە.


هه‌واڵی زیاتر