بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

ڕۆژی 13ی كانونی یەكەم


-    ڕۆژی 13ی كانونی یەكەمی ساڵی 1048ی زایینی، (ئەبوڕەیحان بەیرونی) زانای بواری بیركاریی كۆچی دوایی كردووە، كە خاوەنی چەندین بیردۆزە لە زانستی ماتماتیكدا ‌و كاریگەرییەكی زۆریشی لە بەرەوپێشبردنی بواری بیركاریی ‌و هاوكێشە زانستییەكاندا هەبووە.
-    دوای كۆتاییهاتنی جەنگی یەكەمی جیهانی ‌و بە ئامانجی چەسپاندنی دادگەریی لە جیهاندا، ڕۆژی 13ی كانونی یەكەمی ساڵی 1920، ڕێكخراوی كۆمەڵەی گەلان (عوسبەتولئومەم) بڕیاریدا دادگایەكی نێودەوڵەتی پێكبهێنرێت بە ناوی (دادگای هەمیشەیی دادی نێودەوڵەتی)، كە ئامانج لێی یەكلاییكردنەوەی ململانێ‌ نێودەوڵەتییەكان بوو.
-    ڕۆژی 13ی كانونی یەكەمی ساڵی 1932، شاعیری گەورەی عەرەب (ئەحمەد شەوقی) كە بە میری شاعیران ناسراوە ‌و خەڵكی میسرە كۆچی دوایی كردووە و كۆمەڵێك بەرهەمی گرنگی لە پاش خۆی بەجێهێشتوە.
-    بە هۆی پەلاماری هێزەكانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر كۆماری مهاباد، ڕۆژی 13ی كانونی یەكەمی ساڵی 1946، شاری میاندواوی خۆرهەڵاتی كوردستان لەلایەن سوپای ئێرانەوە داگیر كرا.
-    ڕۆژی 13ی كانونی یەكەمی ساڵی 1949، پەرلەمانی ئیسرائیل واتە (كنێست) بڕیاریدا شاری قودس بكرێتە پایتەختی هەمیشەیی دەوڵەتی ئیسرائیل، ئەو هەنگاوەش ناڕەزایەتییەكی زۆری وڵاتانی عەرەی لێكەوتەوە.
-    ڕۆژی 13ی كانونی یەكەمی ساڵی 1957، خاتوونە گۆرانیبێژی لوبنانی (ماجدە ڕومی) لە دایك بووە، كە بەشداریی لە چەندین بەرهەمی هونەرییدا كردوە ‌و خاوەنی جەماوەرێكی زۆرە.
-    ڕۆژی 13ی كانونی یەكەمی ساڵی 1970، ماڵتا كۆتایی بە ژێردەستەیی بەریتانیا هێنا ‌و لە سیستمی پاشایەتییەوە گۆڕدرا بۆ كۆماریی ‌و بوە خاوەنی سەروەریی.
-    لە درێژەی شاڵاوی بەعسییەكان بۆ ڕاوەدونان ‌و دوورخستنەوە ‌و وەدەرنانی گەلی كورد لە هەموو مافێك، ڕۆژی 13ی كانونی یەكەمی ساڵی 1986 دەسەڵاتدارانی بەعس نزیكەی 1400 خوێندكاری كوردیان لە زانكۆ ‌و پەیمانگەكانی موسڵا دەركرد.
-    ڕۆژی 13ی كانونی یەكەمی ساڵی 1996، دبلۆماتكاری غانی (كۆفی ئەنان) وەكو سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان هەڵبژێردرا ‌و جێگەی (بوترس غالی)ی گرتەوە.
-    ڕۆژی 13ی كانونی یەكەمی ساڵی 1999، لیوا (بەكر حەوێزی) ناسراو بە (ڕەئیس بەكر) كە یەكێك بووە لە ئەفسەرە بەناوبانگەكانی كۆماری مهاباد لە شاری سلێمانی كۆچی دوایی كردووە.
-    ڕۆژی 13ی كانونی یەكەمی ساڵی 2002، یەكێتی ئەوروپا بڕیاریدا هەریەكە لە (قوبرس، چیك، ئیستۆنیا، لاتیڤیا، لیتوانیا، هەنگاریا، ماڵتا، پۆڵۆنیا، سلۆڤاكیا ‌و سلۆڤینیا) ببنە ئەندامی یەكێتییەكە ‌و بڕیارەكەش لە سەرەتای ساڵی 2004ەوە خرایە بواری جێبەجێكردنەوە.
-    ڕۆژی 13ی كانونی یەكەمی ساڵی 2003، لە پاش خۆحەشاردان بۆ ماوەی نزیكەی هەشت مانگ (سەدام حسێن)ی سەرۆكی پێشووتری عێراق لەلایەن هێزێكی تایبەتی سوپای ئەمریكاوە ‌و لە گوندێكی ناوچەی تكریتی ناوەندی پارێزگای سەڵاحەدین دەستگیر كرا.
-    ڕۆژی 13ی كانونی یەكەمی ساڵی 2010، دبلۆماتكار ‌و سیاسەتمەدار ‌و چالاكوانی ئەمریكی (ڕیچارد هۆڵبرۆك) كۆچی دوایی كردووە، كە كەسایەتییەكی بەهێز بوە ‌و رۆڵی هەبوە لەسەر ناوەندی بڕیاری ئەمریكا.
-    ڕۆژی 13ی كانونی یەكەمی ساڵی 2011، بە شێوەیەكی فەرمی ئاڵای فەڵەستین لە سەر بینای ڕێكخراوی یونسكۆ لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا هەڵكرا، ئەوەش بەو هۆیەی كە فەڵەستین لەلایەن ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە وەكو ئەندامی چاودێر لەو ڕێكخراوە وەرگیرا.
-    ڕۆژی 13ی كانونی یەكەمی ساڵی 2011، لە ناو بازاڕێكی شاری (لییج)ی بەلژیكا هاووڵاتییەكی بە ڕەگەز عەرەب بە ناوی (نورەدین عمرانی) هەستا بە هێرشكردنە سەر هاووڵاتیان كە بە هۆیەوە 4 هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا ‌و زیاتر لە 120ی تریش بریندار بوون دواتریش خۆی كوشت.
-    ئەمڕۆ لە كۆماری ماڵتا جەژنی نیشتمانییە ‌و ئاهەنگ ‌و مەراسیمی گەورە بەو بۆنەیەوە بەڕێوەدەچێت، لەلای كریستیانەكانیش ئەمڕۆ جەژنی قەدیسە (لوسی)یە.


هه‌واڵی زیاتر