بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

ڕۆژی 16ی كانونی یەكەم


-    ڕۆژی 16ی كانونی یەكەمی ساڵی 1775ی زایینی، نوسەر ‌و ئەدیبی ئینگلیزی خاتوو (جاین ئۆستن) لە دایك بووە كە خاوەنی چەندین بابەتی ئەدەبیی ‌و ڕۆمان ‌و چیرۆكی بەناوبانگە ‌و نوسینەكانی بۆ زۆربەی زمانە زیندووەكانی جیهان وەرگێڕدراون.
-    ڕۆژی 16ی كانونی یەكەمی ساڵی 1899، لە سەر دەستی (هێربەرت كیڵبن)ی ئینگلیزی یانەی (ئەی سی میلان)ی ئیتاڵی بۆ تۆپی پێ ‌و یارییە وەرزشییەكان دامەزرێنراوە كە ئێستا یەكێكە لە یانە بەهێزەكانی ئیتاڵیا ‌و جیهان ‌و خاوەنی چەندین نازناوی گرنگە.
-    ڕۆژی 16ی كانونی یەكەمی ساڵی 1916، خاوەن پایەكانی ڕوسیا پیلانێكیان بۆ كوشتنی (گریگۆری ڕاسپۆتین) داڕشت چونكە كاریگەریی زۆری لە سەر بنەماڵەی فەرمانڕەوا هەبوو، ئەوەش كاریگەریی لەسەر ناوبانگی قەیسەر دروست كردبوو چونكە ڕاسپۆتین لە ناو خەڵكدا بە كەسێكی بەدڕەوشت لە قەڵەم دەدرا هەرچەندە وا خۆی پیشان دەدا كە قەشەیەكی ئایینییە.
-    ڕۆژی 16ی كانونی یەكەمی ساڵی 1925، لە میانی 73هەمین كۆبوونەوەی گشتیی كۆمەڵەی گەلاندا، بڕیاردرا ویلایەتی موسڵا بخرێتە سەر دەوڵەتی عێراق، كە بەو هۆیەوە باشووری كوردستان لكێنرا بە عێراقەوە.
-    ڕۆژی 16ی كانونی یەكەمی ساڵی 1946 پاش پیلانێكی ژەهراوی كە حكومەتی ئێران بە پشتیوانیی ڕوسیا ئەنجامیدا سەرئەنجام لە پاش خۆبەدەستەوەدانی پێشەوا قازی محەمەد ‌و ژمارەیەك لە سەركردەكانی كۆماری مهاباد بە سوپای ئێران كۆماری مهاباد كۆتایی پێهێنرا.
-    ڕۆژی 16ی كانونی یەكەمی ساڵی 1950، یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی هەولێر لە لایەن لقی هەولێری كۆمەڵەی مامۆستایانی كوردستانەوە بڵاوكرایەوە كە گۆڤارێكی روناكبیریی ‌و ئەدەبی ‌و پەروەردەیی بوو.
-    ڕۆژی 16ی كانونی یەكەمی ساڵی 1969، پەرلەمانی بەریتانیا بە زۆرینەی ڕەهای دەنگی ئەندامەكانی بڕیاریدا بە نەهێشتنی سزای لە سێدارەدان بە تاوانی كوشتن.
-    ڕۆژی 16ی كانونی یەكەمی ساڵی 1971، میرنشینی بەحرەین لە پاش 110 ساڵا لە ژێردەستەیی بەریتانیا سەربەخۆیی ڕاگەیاند ‌و بووە وڵاتێكی خاوەنی سەروەریی.
-    ڕۆژی 16ی كانونی یەكەمی ساڵی 1987، پۆلێك پێشمەرگەی كوردستان لەناو قوڵایی هێزەكانی بەعس لە نزیك قەزای دوزخورماتوو بۆسەیەكیان بۆ هێزەكانی عێراق نایەوە ‌و چەندین كەسیان لێكوشتن.
-    ڕۆژی 16ی كانونی یەكەمی ساڵی 1991، كۆماری كازاغستان سەربەخۆیی لە یەكێتیی سۆڤێت وەرگرت ‌و بووە یەكێك لە كۆمارە نوێیەكانی ناوچەی بەڵتیك ‌و دواتر وەكو ئەندامی نەتەوەیەكگرتووەكان وەرگیرا.
-    ڕۆژی 16ی كانونی یەكەمی ساڵی 1992، لە سەر داوای سەركردایەتیی بەرەی كوردستانی سەرجەم هێزە سیاسییەكانی باشوری كوردستان لە شاری هەولێر كۆبوونەوە بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی هەرێم.  
-    ڕۆژی 16ی كانونی یەكەمی ساڵی 1998، بە ئامانجی لەناوبردنی پێگە سەربازییە هەستیارەكانی عێراق هێزە ئاسمانییەكانی بەریتانیا ‌و ئەمریكا دەستیان بە پرۆسەی سەربازیی (ڕێوی بیابان) كرد كە ئەویش خۆی لە بۆردومانكردنی دامەزرا‌وە ‌و پێگە هەستیارەكانی عێراقدا دەبینییەوە بە موشەكی كرۆز پرۆسەكەش ماوەی سێ‌ ڕۆژی خایاند.
-    ڕۆژی 16ی كانونی یەكەمی ساڵی 2002، هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە كە (ئەبوعەبدوڵڵای شافعی) ئەمیری گرووپی ئەنسارولئیسلام كوژراوە.
-    ڕۆژی 16ی كانونی یەكەمی ساڵی 2004، جەماوەری شاری كەركوك خۆپیشاندانێكی فراوانیان ئەنجامدا بە مەبەستی جێبەجێكردنی مادەی 58ی دەستووری كاتیی عێراق ‌و گەڕانەوەی ئاوارە كوردەكان بۆ كەركوك.
-    ڕۆژی 16ی كانونی یەكەمی ساڵی 2007، هێزە ئەمنییەكانی عێراق دۆسێی ئەمنیی پارێزگای بەسرەیان لە سوپای بەریتانیا وەرگرتەوە.
-    ڕۆژی 16ی كانونی یەكەمی ساڵی 2009، ئەنجومەنی ناوەندیی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی فەڵەستینی بڕیاریدا ماوەی سەرۆكایەتییەكەی (مەحمود عەباس)ی سەرۆكی دەسەڵاتی فەڵەستینی ‌و ئەنجومەنی یاسادانان درێژ بكاتەوە تا كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ‌و گشتیی، بەڵام لەلایەن بزوتنەوەی حەماسەوە بڕیارەكە ڕەتكرایەوە.
-    ڕۆژی 16ی كانونی یەكەمی ساڵی 2011، زانای ئایینی ‌و ئەمینداری لیژنەی فتوا لە زانكۆی ئەزهەر شێخ (عیماد عفت)ی میسری كۆچی دوایی كردووە.
-    ڕۆژی 16ی كانونی یەكەمی ساڵی 2011، تێكۆشەر ‌و شاعیری نیشتمانپەروەر ‌و نوسەری گەورەی گەلی كورد مامۆستا (خالد دلێر) كۆچی دوایی كرد ‌و تەرمەكەی لە شارۆچكەی كۆیە بە خاك سپێردرا.
-    ئەمڕۆ لە میرنشینی بەحرەین ڕۆژی جەژنی نیشتمانییە، لە كۆماری كازاخستانیش جەژنی سەربەخۆییە ‌و بۆنە ‌و مەراسیمی گەورە بەڕێوەدەچن، هاوكات لە بەنگلادشیش ئەمڕۆ بە ڕۆژی سەركەوتن لە قەڵەم دەدرێت.


هه‌واڵی زیاتر