بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

ڕۆژی 20ی كانونی یەكەم


-    ڕۆژی 20ی كانونی یەكەمی ساڵی 1192ی زایینی، بە هۆی ئەوەی (ڕیچاردی یەكەم)ی پاشای ئینگلتەرا پەیماننامەیەكی ئاشتیی لەگەڵا (سەڵاحەدینی ئەیوبی) سەركردەی موسڵمانەكاندا مۆر كردبوو بۆ كۆتاییهێنان بە شاڵاوی مەسیحییەكان لە داگیركردنی وڵاتانی موسڵماننشیندا، لە كاتی گەڕانەوەی ڕیچاردی یەكەمدا لەلایەن هێزەكانی (لیۆبۆلدی پێنجەم)ی پاشای نەمساوە دەستگیر كرا ‌و خرایە زیندانەوە.
-    ڕۆژی 20ی كانونی یەكەمی ساڵی 1522، دورگەی (ڕۆدس) كە پێگەیەكی گرنگی ئەوروپییەكان بوو لە پاش شەش مانگ ئابڵوقەدان خۆی دا بە دەستی هێزەكانی دەوڵەتی عوسمانی.
-    ڕۆژی 20ی كانونی یەكەمی ساڵی 1803، هەردوو ناوچەی (نییو ئۆرلیانز ‌و لویزیانا) كە لە ژێر دەستی فەرەنسییەكاندا بوون لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە كڕدرانەوە ‌و فەرەنسا دایەوە دەست دەسەڵاتدارانی ئەمریكی كە دواتریش بوون بە دوو ویلایەتی ئەمریكا.
-    ڕۆژی 20ی كانونی یەكەمی ساڵی 1924، (فەیسەڵی یەكەم)ی پاشای عێراق سەردانی شاری كەركوك ‌و ناوچەی گەرمیانی كرد كە لە شاری كەركوك ‌و لە قەڵای شارەكەدا ئاڵای عێراقی هەڵكرد.
-    ڕۆژی 20ی كانونی یەكەمی ساڵی 1961دا، گۆرانیبێژی میسری (محەمەد فوئاد) لە دایك بووە كە خاوەنی چەندین بەرهەمی هونەرییە.
-    ڕۆژی 20ی كانونی یەكەمی ساڵی 1982، لە پاش ئەوەی سوپای ئیسرائیل چوونە ناو قوڵایی خاكی لوبنانەوە بۆ لێدانی فەڵەستینییەكان، (یاسر عەرەفات) بە خۆی ‌و نزیكەی 4 هەزار چەكدارەوە شاری تەرابلوسیان بەجێهێشت.
-    لە پاش ئەوەی لە ڕێگەی كودەتایەكەوە (مانوێل نۆریگا) دەسەڵاتی پەنەمای گرتە دەست، ڕۆژی 20ی كانونی یەكەمی ساڵی 1989 ئەمریكا هێزێكی زۆری ڕەوانەی پەنەما كرد بۆ لەسەركارلابردنی نۆریگا.
-    ڕۆژی 20ی كانونی یەكەمی ساڵی 1992، لە شاری هەولێر كۆنفرانسێكی گەورە بە بەشداریی دەیان كۆمپانیای ناوخۆیی ‌و بیانی بۆ ئاوەدانكردنەوە ‌و گەشەپێدانی هەرێمی كوردستان ساز كرا.
-    ڕۆژی 20ی كانونی یەكەمی ساڵی 1993، پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا پرۆژەیاسای دەستەی سەرۆكایەتیی هەرێم گەڵاڵە بكرێت.
-    دوای سێ‌ ساڵا لە جەنگی ناوخۆیی ‌و هێرشی سربەكان بۆ سەر هاووڵاتیانی بۆسنە ‌و هێرسك، بە بڕیارێكی كۆمەڵی نێودەوڵەتی ڕۆژی 20ی كانونی یەكەمی ساڵی 1995، هێزەكانی پەیمانی باكوری ئەتڵەنتی لە ناو بۆسنە ‌و هێرسكدا بڵاوكرانەوە بە مەبەستی بەرگرتن لە كوشتار ‌و بەرپاكردنی ئاشتی.
-    لە پاش نزیكەی سەد ساڵا ژێردەستەیی پورتوگالییەكان، سەرئەنجام ڕۆژی 20ی كانونی یەكەمی ساڵی 1999، ناوچەی ماكاو گەڕایەوە سەر كۆماری میللیی چین.
-    ڕۆژی 20ی كانونی یەكەمی ساڵی 2001، سەرۆكی پێشووی سینیگال (لیۆبۆلد سنگۆر) كۆچی دوایی كردووە كە یەكێك بوە لە سەركردە بەناوبانگەكانی ئەو وڵاتە.
-    بە هۆی داگیركردنی كوەیت ‌و بەدیلگرتن ‌و بێسەروشوێنكردنی ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیانی كوەیت ‌و بیانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕژێمی بەعسەوە، ڕۆژی 20ی كانونی یەكەمی ساڵی 2001 ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بڕیارێكی دەركرد كە هانی حكومەتی نوێی عێراقی دا چارەنوسی سەرجەم بەدیلگیراو و بێسەروشوێنەكان ئاشكرا بكات.
-    ڕۆژی 20ی كانونی یەكەمی ساڵی 2004، لە ناوچەی تۆپزاوای سەر بە پارێزگای كەركوك گۆڕێكی بەكۆمەڵا دۆزرایەوە كە ڕوفاتی 50 كوردی تێدابوو دوای لێكۆڵینەوە دەركەوت كە لە سەر دەستی ڕژێمی بەعس لەناو برابوون.
-    ڕۆژی 20ی كانونی یەكەمی ساڵی 2009، (حسێن عەلی مونتەزری) ناسراو بە ئیمامی مونتەزری كە كەسایەتییەكی ئایینی ئێرانی بوو كۆچی دوایی كردووە.
-    ئەمڕۆ لە هەرێمی ماكاوی كۆماری چین بە ڕۆژی نیشتمانیی لە قەڵەم دەدرێت، هەر ئەمڕۆش لەلایەن ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە بە ڕۆژی جیهانیی لە پێناو هاوكاریی مرۆییدا ناسراوە ‌و ئامانج لە دەستنیشانكردنی ئەم ڕۆژەش هەماهەنگیی ‌و هاریكارییە لە پێناو گرنگیدان بە بەها باڵاكانی مرۆڤ ‌و ڕێزگرتن لە سەروەرییەكانی تاكەكانی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی.


هه‌واڵی زیاتر