- ڕۆژی 22ی كانونی یەكەمی ساڵی 69ی زایینی، (فیتلیۆس) یەكێك لە ئیمپراتۆرەكانی شارستانییەتی ڕۆمانی كۆچی دوایی كردووە، هەر لە هەمان ڕۆژ و بەڵام لە ساڵی 244دا، (دیوكلیتیانۆس)ی ئیمپراتۆری ڕۆمانیای گەورە لە دایك بووە.
- ڕۆژی 22ی كانونی یەكەمی ساڵی 1880، نوسەری ناوداری ئینگلیز و جیهان (جۆرج ئیلیۆت) لە دایك بووە كە لە ماوەی ژیانیدا خزمەتێكی زۆری بە بواری ئەدەب كردوە و چەندین بەرهەمی بەپێزی نوسیوە.
- ڕۆژی 22ی كانونی یەكەمی ساڵی 1917، لە دوایین ساتەكانی جەنگی یەكەمی جیهانیدا هەریەكە لە ڕوسیا و ئەڵمانیا دەستیان بە گفتوگۆكردنی ئاشتی كرد.
- ڕۆژی 22ی كانونی یەكەمی ساڵی 1922، هەردوو حكومەتی عێراق و بەریتانیا دانیان بەوەدا نا كە گەلی كورد لە باشوری كوردستان مافی خۆیانە لە چوارچێوەی عێراقدا حكومەتێكی ناوخۆیی دابمەزرێنن و دەسەڵاتی ناوچەكەی خۆیان بەڕێوە ببەن.
- ڕۆژی 22ی كانونی یەكەمی ساڵی 1929، شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا و هندستان دەستیان بە گفتوگۆ و دانوستان كرد بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان نییودلهی و لەندەن.
- بە هۆی هەڵچوونی گڕكانی (میرابی)یەوە لە دورگەی جاوەی ئیندۆنیزیا، ڕۆژی 22ی كانونی یەكەمی ساڵی 1930، زیاتر لە 700 هاووڵاتی ئیندۆنیزی گیانیان لە دەست دا و هەزارانی تریش بریندار بوون.
- ڕۆژی 22ی كانونی یەكەمی ساڵی 1932، بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی سوپای عێراق هێزە چەكدارەكانی ناوچەی بارزان هێرشیان كردە سەر شارۆچكەی مێرگەسور و شەڕێكی سەخت لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی عێراقدا بەرپا بو.
- لە میانی جەنگی دووەمی جیهانیدا و ڕۆژی 22ی كانونی یەكەمی ساڵی 1940، هێزە ئاسمانییەكانی ئەڵمانیا بە چڕی بۆردومانی شاری مانچستەری بەریتانیایان كرد و بە هۆیەوە هەزاران كەس كوژران و دەیان هەزاری تریش ئاوار بوون بێجگە لەوەش زیانێكی زۆر بە شارەكە گەیشت و نیمچە خاپوور كرا.
- لە میانی ئەو جەنگەدا كە لە نێوان بەریتانیا و فەرەنسا و ئیسرائیل لەلایەك و میسر لە لایەكی تر ڕوویدا، ڕۆژی 22ی كانونی یەكەمی ساڵی 1956، هێزەكانی بەریتانیا و فەرەنسا لە شاری پۆرسەعید و بەندەرەكانی میسر كشانەوە.
- ڕۆژی 22ی كانونی یەكەمی ساڵی 1964، حكومەتی سوریا سەرجەم ئەو پیشەسازییە نەوتییانەی خۆماڵی كرد كە لەلایەن وڵاتانی بیانییەوە لە سوریا كاریان تێدا دەكرا.
- ڕۆژی 22ی كانونی یەكەمی ساڵی 1965، كۆمەڵەی گشتیی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بە بڕیارێك جیاوازیی ڕەگەزیی لە جیهاندا قەدەغە كرد.
- ڕۆژی 22ی كانونی یەكەمی ساڵی 1971، كۆمەڵەی گشتیی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بە زۆرینەی دەنگی ئەندامەكانی بڕیاریدا (كۆرت فاڵدهایم) بكرێتە سكرتێری گشتیی ڕێكخراوەكە.
- ڕۆژی 22ی كانونی یەكەمی ساڵی 1985، نوسەر و ئەدیب و ڕوناكبیری گەلی كورد (عزەدین فەیزی ئەفەندی) لە شاری هەولێر كۆچی دوایی كردووە كە یەكێك بوە لە كەسایەتییە دیارەكان بۆ خزمەتكردنی بیری نیشتمانپەروەریی و پێشخستنی ئەدەب و فەرهەنگی كوردی.
- لە ئاكامی هەڵوەشانەوەی بلۆكی خۆرهەڵات كە یەكێتیی سۆڤێت رابەرایەتیی دەكرد، ڕۆژی 22ی كانونی یەكەمی ساڵی 1989 جەماوەری ئەڵمانیای خۆرهەڵات یەكێك لە دەروازەكانی دیواری بەرلینیان تێكشكاند و دوای ماوەیەكیش دیواری بەرلین بە یەكجاریی ڕووخێنرا، لە هەمان ساڵا و ڕۆژیشدا سیستمی سۆسیالیستی لە ڕۆمانیا شكستی هێنا و (نیكۆڵای چاوچیسكۆ)ی سەرۆكی ئەو وڵاتە بە خۆی و خێزانەكەیەوە هەڵات.
- لە پاش دەیان ساڵا دیكتاتۆریی و كۆتاییهێنانی حوكمی ئاپارتاید لە ئەفریقای باشور، ڕۆژی 22ی كانونی یەكەمی ساڵی 1993، یەكەم دەستووری ناڕەگەزپەرستی لەلایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە پەسەند كرا و دواتریش لە ڕیفراندۆمێكی گشتیدا هاووڵاتیان دەنگیان پێدا.
- دوای ڕووخاندنی دەسەڵاتەكەی بزوتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان، ڕۆژی 22ی كانونی یەكەمی ساڵی 2001 هێزەكانی هاوپەیمانان و حكومەتی نوێی ئەو وڵاتە بە سەرۆكایەتیی (حامید كارزای) دەستیان بە كاركردن كرد بۆ بنیاتنانەوەی ئەفغانستان.
- ڕۆژی 22ی كانونی یەكەمی ساڵی 2004، بزوتنەوەی ڕیفراندۆمی كوردستان یاداشتێكی دایە دەست ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان كە تێیدا بە واژۆی 2 ملیۆن هاووڵاتیی باشوری كوردستان داوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی گشتی كرابوو بۆ دیاریكردنی چارەنوسی گەلی كورد.
- ڕۆژی 22ی كانونی یەكەمی ساڵی 2004، حكومەتی عەرەبستانی سعودییە باڵیۆزی خۆی لە لیبیا كێشایەوە و داوایشی لە باڵیۆزی لیبیا لە سعودییە كرد خاكی عەرەبستان بەجێ بهێڵێت، ئەو هەڵوێستەش دوای ئەوە هات حكومەتی ڕیاز تۆمەتی ئەوەی خستبووە پاڵا دەزگای هەواڵگریی لیبیا كە پیلانی بۆ تیرۆركردنی (عەبدوڵڵای كوڕی عەبدولعەزیز ئالسعود)ی پاشای عەرەبستانی سعودییە داڕشتووە.
- ڕۆژی 22ی كانونی یەكەمی ساڵی 2008، (لانسانا كۆنتی) سەرۆكی پێشووی غینیای كەمەرەیی كۆچی دوایی كردووە كە یەكێك بوە لە سەركردە باڵاكانی ئەو وڵاتە.
- ئەمڕۆ لە ڕۆمانیا بە ڕۆژی نیشتمانیی لە قەڵەم دەدرێت، ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانیش یادی كۆتاییهێنان بە جیاوازیی ڕەگەزیی دەكاتەوە كە پێشتر لە ناو گەلانی جیهاندا بەربڵاو بووە و بەشێك لە گەلان خۆیان بە سەروەر لە قەڵەم داوە و گەلانی ژێردەستەیان بە هاووڵاتیی پلەدوو ئەژمار كردووە.