بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

ڕۆژی 23ی كانونی یەكەم


-    ڕۆژی 23ی كانونی یەكەمی ساڵی 1790ی زایینی، (شامبلیۆن)ی زانا ‌و مێژووناسی ناسراوی فەرەنسی لە دایك بووە كە یەكەم كەس بووە هەستاوە بە دۆزینەوە ‌و شیكاركردنی نوسینی هێرۆگلیفی.
-    ڕۆژی 23ی كانونی یەكەمی ساڵی 1876، دەوڵەتی عوسمانی یەكەم دەستووری ڕاگەیاند بۆ ڕێكخستنی كاروباری وڵات ‌و یاسادانان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەكان.
-    ڕۆژی 23ی كانونی یەكەمی ساڵی 1881، یەكەم ئەنجومەنی نوێنەران واتە پەرلەمان لە میسر دەستی بە كۆبوونەوە كرد وەكو ئەنجومەنێك كە نوێنەرایەتیی گەلی ئەو وڵاتە بكات.
-    ڕۆژی 23ی كانونی یەكەمی ساڵی 1882، دوای دەستگیركردنی (شێخ عوبەیدوڵڵای شەمزینی) لەلایەن دەسەڵاتدارانی عوسمانییەوە بۆ عەرەبستانی سعودییە دوورخرایەوە.
-    ڕۆژی 23ی كانونی یەكەمی ساڵی 1913، بانكی ناوەندیی ئەمریكا دروست كرا بۆ ئاڵوگۆڕكردنی دراو كە ئێستا بە یەكێك لە بانكە هەرە گەورەكانی جیهان ئەژمار دەكرێت.
-    ڕۆژی 23ی كانونی یەكەمی ساڵی 1920، شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا مەرسومێكی شاهانەی دەركرد بەوەی ئێرلەندا كرایە دوو بەش، بەشێكیان وەكو وڵاتێكی سەربەخۆ ‌و بەشەكەی دیكەشیان لە ژێر چاودێریی بەریتانیادا مایەوە.
-    ڕۆژی 23ی كانونی یەكەمی ساڵی 1921، دەسەڵاتدارانی بەریتانیا (سەعد زەغلول)ی سەركردەی شۆڕشی میسر ‌و هاوەڵەكانیان دەستگیر كرد ‌و دوورخرانەوە بۆ دورگەی (سیشیل).
-    ڕۆژی 23ی كانونی یەكەمی ساڵی 1922، ڕادیۆی (بی. بی. سی) بەریتانی بۆ یەكەم جار دەستی بە پەخشكردنی بەرنامەكانی كرد.
-    ڕۆژی 23ی كانونی یەكەمی ساڵی 1933، (ئەكی هیتۆ) ئیمپراتۆری ژاپۆن لە دایك بووە.
-    ڕۆژی 23ی كانونی یەكەمی ساڵی 1941، لە میانی دووەمین جەنگی جیهانیدا هێزەكانی ژاپۆن پەلاماری (هۆنگ كۆنگ)یان دا ‌و دوای دوو ڕۆژ لە جەنگی خوێناوی سەرئەنجام دەسەڵاتدارانی هۆنگ كۆنگ خۆیان دا بە دەست هێزەكانی ژاپۆنەوە.
-    ڕۆژی 23ی كانونی یەكەمی ساڵی 1961، (جەمال عەبدولناسر)ی سەرۆكی میسر سەرجەم كارگە ‌و موڵكە بیانییەكانی لەو وڵاتەدا خۆماڵی كرد ‌و چوونە ناو میسریشی لە فەرەنسییەكان قەدەغە كرد.
-    ڕۆژی 23ی كانونی یەكەمی ساڵی 1967، (كارلا برۆنی) گۆرانیبێژی ئیتاڵی ‌و هاوسەری (نیكۆلا ساركۆزی) سەرۆك كۆماری فەرەنسا لە دایك بووە.
-    لە پاش پێكهێنانی ڕێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت ناسراو بە (ئۆپیك)، ڕۆژی 23ی كانونی یەكەمی ساڵی 1973، وڵاتانی ئەندامی ڕێكخراوەكە لە شاری تارانی پایتەختی ئێران كۆبوونەوە ‌و بڕیاریاندا نرخی نەوت چوار هێندەی نرخی خۆی زیاد بكەن.
-    ڕۆژی 23ی كانونی یەكەمی ساڵی 1986دا، نوسەر ‌و ڕوناكبیری گەلی كورد مامۆستا (عومەر عارف) كۆچی دوایی كردووە كە لە پاش خۆی كۆمەڵێك بابەت ‌و بەرهەمی گرنگی بەجێهێشتوە.
-    ڕۆژی 23ی كانونی یەكەمی ساڵی 1986، هێزێكی گەورەی پێشمەرگەی كوردستان دەستیان بەسەر سەرجەم ڕەبییەكانی سوپای بەعسدا گرت كە لە نێوان كۆیە ‌و تەقتەقدا لەلایەن ڕژێمەوە دانرابوون.
-    ڕۆژی 23ی كانونی یەكەمی ساڵی 1991، كۆنگرەی وڵاتانی ئیسلامیی كە لە شاری داكاری پایتەختی سینیگال سازكرا بوو بڕیاریدا مادەی جیهاد لە خشتەی كاری كۆنگرەكەدا بسڕێتەوە.
-    بە هۆی سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆوە لە هەرێمی كوردستان، ڕۆژی 23ی كانونی یەكەمی ساڵی 1994 زیاتر لە 50 پەرلەمانتاری كوردستان لەناو تەلاری پەرلەماندا مانیان گرت ‌و داوای ڕاگرتنی شەڕەكەیان كرد.
-    ڕۆژی 23ی كانونی یەكەمی ساڵی 2005، كۆماری چاد جەنگی لە دژی سۆدان ڕاگەیاند، بەڵام بە هۆی ناوەندگیریی چەند وڵاتێكەوە جەنگەكە راگیرا.
-    بە هۆی ناڕەزایەتییەكانی پێكهاتەكانی عێراق لە شێوازی كاركردنی ‌و بێتوانیایی لە ئەركەكانیدا، ڕۆژی 23ی كانونی یەكەمی ساڵی 2008، (مەحمود مەشهەدانی) سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە ناچاری دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە.
-    دوای گیانلەدەستدانی (لانسانا كۆنتی) سەرۆكی پێشووی غینیای كەمەرەیی، ڕۆژی 23ی كانونی یەكەمی ساڵی 2008، سوپای غینیا بڕیاریدا حكومەتی ئەو وڵاتە هەڵبوەشێتەوە ‌و كاركردن بە دەستووریشی ڕاگرت، لە شوێنی ئەوەش ئەنجومەنێكی ڕاوێژكاریی پێكهێنا كە ئەفسەرانی سوپا ‌و كەسایەتییە سیاسییەكان تێیدا بەشدار بوون بە مەبەستی بەڕێوەبردنی غینیا هەتا ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی گشتی لەو وڵاتەدا.
-    ڕۆژی 23ی كانونی یەكەمی ساڵی 2011، زانای ناسرا و لە زانستی خشۆك ‌و مێرووەكاندا (مەحمود حافز)ی میسری كۆچی دوایی كردووە.
-    ئەمڕۆ لە ژاپۆن یادی لە دایكبوونی (ئیكیهۆتۆ)ی ئیمپراتۆر دەكرێتەوە ‌و ئاهەنگ بەو بۆنەیەوە ساز دەكرێت، هەر ئەمڕۆش لە سوید یادی جەژنی لە دایكبوونی شاژنە (سیلڤیا) دەكرێتەوە.


هه‌واڵی زیاتر