- ڕۆژی 29ی كانونی یەكەمی ساڵی 721ی زایینی، (غینییە)ی ئیمپراتۆری ژاپۆن كۆچی دوایی كردووە، كە ژنێكی لێهاتوو بووە و ڕۆڵی گەورەی گێڕاوە لە بەهێزكردنی پێگەی ئیمپراتۆرییەتی ژاپۆنیدا.
- ڕۆژی 29ی كانونی یەكەمی ساڵی 1170، (تۆماس بیكیت)ی ئەسقوفی كانتەربێری لەلایەن شوێنكەوتوانی (هێنری دووەم)ەوە كوژرا كە ململانێیەكی توندی لەگەڵا پاشادا هەبوو، ئەو ڕووداوەش لەلایەن كریستیانەكانەوە ساڵانە یاد دەكرێتەوە.
- ڕۆژی 29ی كانونی یەكەمی ساڵی 1770، داهێنەری بەناوبانگ (جۆزێف كۆنیۆ) سەركەوتنی بەدەست هێنا لە دروستكردنی یەكەم ئۆتۆمبێلدا.
- ڕۆژی 29ی كانونی یەكەمی ساڵی 1808، (ئەندرۆ جۆنسن) حەڤدەهەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە دایك بووە كە كاری زۆری كردوە بۆ بەهێزكردنی ئەمریكا لە رووی سیاسیی و ئابوورییەوە.
- ڕۆژی 29ی كانونی یەكەمی ساڵی 1929، (فیلهلم مایباخ)ی ئەڵمانی كە سەرمایەدار و دیزاینەرێكی بە توانای ئۆتۆمبێل بوو بۆ دواجار چاوی لێكنا، مایباخ ڕۆڵی گەورەی گێڕاوە لە پێشخستنی كۆمپانیای مەرسیدسدا كە بە یەكێك لە كۆمپانیا بەناوبانگەكانی جیهان ئەژمار دەكرێت بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل.
- ڕۆژی 29ی كانونی یەكەمی ساڵی 1939، مەقامبێژی بەناوبانگی كورد مامۆستا (عەلی مەردان) یەكەم مەقامی كوردیی لە ئێزگەی كوردی لە بەغداد تۆماركرد كە ماوەی چەند مانگێك بوو ئێزگەكە دەستی بە پەخشكردن كردبوو .
- ڕۆژی 29ی كانونی یەكەمی ساڵی 1940، لە میانی جەنگی دووەمی جیهانیدا فڕۆكە جەنگییەكانی ئەڵمانیا بە بۆمبی سوتێنەر و بە چڕی بۆردومانی شاری لەندنی پایتەختی بەریتانیایان كرد كە بە هۆیەوە زۆربەی شارەكە سوتا و نزیكەی 3600 هاووڵاتی مەدەنیش گیانیان لە دەست دا.
- ڕۆژی 29ی كانونی یەكەمی ساڵی 1941، یەكێتیی سۆڤێت ڕێككەوتننامەیەكی لەگەڵا شای ئێراندا مۆر كرد كە ئێران لە پاڵا هێزەكانی هاوپەیمانان لە دژی بەرەی میحوەر شەڕ بكات.
- ڕۆژی 29ی كانونی یەكەمی ساڵی 1944، یەكەمین ژمارەی ڕۆژنامەی (لۆمۆند)ی فەرەنسی بڵاوكرایەوە كە رۆژنامەیەكی سیاسیی بوو تا ئێستا لە فەرەنسا دەردەچێت.
- ڕۆژی 29ی كانونی یەكەمی ساڵی 1957، پزیشك و زانای بەناوبانگی ئەمریكی (بروس باتلەر) لە دایك بووە كە ڕۆڵێكی گەورەی گێڕاوە لە پێشخستنی زانستی بەرگریی جەستەدا و بە هۆی هەوڵا و ماندووبوونەكانیشی لەو بوارەدا ساڵی 2011 خەڵاتی نۆبڵی لە بواری پزیشكیدا پێبەخشراوە.
- ڕۆژی 29ی كانونی یەكەمی ساڵی 1975، لەلایەن بەریتانیاوە یاسایەكی نوێ بڵاوكرایەوە كە تێیدا جیاوازیی كرێی لە نێوان ڕەگەزەكانی نێر و مێدا قەدەغە كرد، بە گوێرەی یاسا نوێیەكەش ژنان هەموو ئەو ماف و ئیمتیازانە دەیگرتنەوە كە پێشتر پیاوان هەیانبوو.
- ڕۆژی 29ی كانونی یەكەمی ساڵی 1986، (هارۆڵد ماكمیلان) سەرۆك وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا كۆچی دوایی كردوە كە رۆڵی زۆری گێڕاوە لە بەهێزكردنی پێگەی بەریتانیا لە ئەوروپادا.
- ڕۆژی 29ی كانونی یەكەمی ساڵی 1989، لە پاش دابەشبوونی جیهان بە سەر دوو بلۆكی خۆرهەڵات و خۆرئاوادا، بۆ یەكەمجار لە چیكسلۆڤاكیا سەرۆكێكی ناسۆسیالیستی هەڵبژێردرا كە ئەویش (ڤاتسلاڤ هاڤیل) بوو.
- لە دوای پێكهێنانی ڕێكخراوی قاعیدە لەلایەن (ئوسامە بنلادن)ەوە بۆ دژایەتیكردنی خۆرئاوا و هەموو ئەو دەسەڵاتانەی سەر بە سیستمی سەرمایەدارین، بۆ یەكەمجار لە مێژووی ڕێكخراوەكەدا و ڕۆژی 29ی كانونی یەكەمی ساڵی 1992 بە بۆمب یەكەم هێرشی لە شاری عەدەنی یەمەن ئەنجامدا هێرشەكانیش دوو هۆتێلیان كردبووە ئامانج كە گەشتیار و كەسانی بیانییان تێدا بوو.
- ڕۆژی 29ی كانونی یەكەمی ساڵی 1998، سەركردەكانی (بەورە سورەكان)ی كەمبۆدیا پۆزشیان بۆ ئەو كوشتارانە هێنایەوە كە لە ساڵانی حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا بەرامبەر بە هاووڵاتیانی سڤیل ئەنجامیان دابوون و بە هۆیانەوە نزیكەی ملیۆن و نیوێك هاووڵاتی ببوونە قوربانیی.
- ڕۆژی 29ی كانونی یەكەمی ساڵی 2001، ئاگرێكی گەورە لە ناوچەی مێژوویی ناوەندی شاری لیمای پایتەختی پیرۆ كەوتەوە كە بە هۆیەوە 280 كەس گیانیان لە دەست دا و هەزارانی دیكەش بریندار بوون.
- ڕۆژی 29ی كانونی یەكەمی ساڵی 2004، لەمیانی كۆبوونەوەی تایبەتی پەرلەمانی عێراقدا كە تایبەت بوو بە پەسەندكردنی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2005، كورد داوایكرد پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق لە رێژەی 17%ەوە بكرێتە 25%، بەڵام پێكهاتەكانی دیكە بەرهەڵستیی ئەو داوایەیان كرد.
- ڕۆژی 29ی كانونی یەكەمی ساڵی 2008، (عەبدوڵڵای دووەم)ی پاشای ئوردن بڕیاریدا لیوا (محەمەد ڕقاد) وەكو بەڕێوەبەری هەواڵگریی گشتیی دەستنیشان بكرێت و شوێنی فەریق (محەمەد زەهەبی)ی گرتەوە.
- شەوی 28/29ی كانونی یەكەمی ساڵی 2011، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لە ناوچەی (قلابان)ی سەر بە شاری شرناخی باكوری كوردستان بۆردومانی كاروانێك كۆڵبەری كوردیان كرد كە لە سەر سنورەكان خەریكی كار و كەسابەت بوون بەو هۆیەشەوە 36 گەنجی كورد گیانیان لە دەست دا ئەوەش ناڕەزایەتییەكی زۆری لەلای گەلی كورد و ڕێكخراوە مرۆڤدۆستەكانەوە لێكەوتەوە.
- ڕۆژی 29ی كانونی یەكەمی ساڵی 2011، تێكۆشەر و كەسایەتیی ناسراوی گەلی كورد (ئەحمەد تەوفیق مەعروف) ناسراو بە (ئەحمەد دادی) بە هۆی نەخۆشییەوە و لە تەمەنی 75 ساڵیدا لە سوید كۆچی دوایی كرد.