بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

ڕۆژی 13ی كانونی دووەم


-    ڕۆژی 13ی كانونی دووەمی ساڵی 1559ی زایینی، شاژنە (ئەلیزابێسی یەكەم) وەكو یەكەم پاشای بەریتانیا دەستنیشان كرا ‌و ڕێوڕەسمی دەتنیشانكردنەكەش لە كلێسای وێستمنسری شاری لەندەن بەڕێوەچوو.
-    دوای تێپەڕبوونی شەش ڕۆژ بە سەر دۆزینەوەی سێ‌ مانگەكەی هەسارەی موشتەریدا لەلایەن زانای گەردوونناس (گالیلیۆ گالیلی)یەوە، ڕۆژی 13ی كانونی دووەمی ساڵی 1610 گالیلیۆ چوارەم مانگیشی دۆزییەوە كە بە دەوری هەسارەی موشتەریدا دەسوڕێتەوە.
-    ڕۆژی 13ی كانونی دووەمی ساڵی 1785، یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی (یونیڤێرساڵا ڕیجیستەر)ی بەریتانی لەلایەن ڕۆژنامەنوسی ئینگلیزی (جۆن ۆڵتەر)ەوە بڵاوكرایەوە كە دوای سێ‌ ساڵا ناوەكەی گۆڕدرا بۆ (زی تایمز).
-    بە هۆی ئەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا فراوان ببوو، ڕۆژی 13ی كانونی دووەمی ساڵی 1794، كۆنگرێس ئاڵای كۆنی ئەمریكای گۆڕی كە ئاڵا نوێیەكەش لە پانزدە ئەستێرە ‌و پانزدە هێڵا پێكدەهات ئەوەش هێمایەك بوو بۆ پانزدە ویلایەتەكەی ئەمریكا.
-    ڕۆژی 13ی كانونی دووەمی ساڵی 1822، یۆنان سەربەخۆیی ڕاگەیاند ‌و بووە وڵاتێكی خاوەنی سەروەریی خۆی.
-    ڕۆژی 13ی كانونی دووەمی ساڵی 1893، پارتی كاری سەربەخۆ لە بەریتانیا پێكهێنرا.
-    لە پاش داهێنانی فڕۆكە لەلایەن برایانی ڕایت لە ئەمریكا ‌و سەركەوتن لە فڕیندا، ڕۆژی 13ی كانونی دووەمی ساڵی 1908یش بۆ یەكەمجار لە ئەوروپا فڕۆكە دروستكرا یەكەم فڕۆكەوانیش كە توانیی بۆ ماوەی یەك كیلۆمەتر بە فڕۆكە بفڕێت ‌و بە سەركەوتوویی بنیشێتەوە (هێنری فارمان)ی فەرەنسی بوو.
-    لە كاتێكدا لە میانی جەنگی یەكەمی جیهانیدا زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا كەوتبوونە جەنگێكی خوێناوییەوە، ڕۆژی 13ی كانونی دووەمی ساڵی 1915 بومەلەرزەیەكی وێرانكەر بە گوڕی 7.5 پلە بە پێوەری ڕێختەر ناوچەی ئەفیدزانۆی ئیتاڵیای گرتەوە كە بە هۆیەوە نزیكەی 30 هەزار كەس مردن ‌و زۆربەی ئەو ناوچەیەشی وێران كرد بومەلەرزەكەش بە یەكێك لە بومەلەرزە وێرانكەرەكانی جیهان لە قەڵەم دەدرێت.
-    ڕۆژی 13ی كانونی دووەمی ساڵی 1928، شاعیر ‌و ڕۆماننوسی بەناوبانگی بەریتانی ( تۆماس هاردی) كۆچی دوایی كردووە كە لە پاش خۆی ژمارەیەك بەرهەمی بەپێزی بەجێهێشتووە ‌و بۆ چەندین زمانی جیاجیای جیهان وەرگێڕدراون.
-    ڕۆژی 13ی كانونی دووەمی ساڵی 1930، بۆ یەكەمجار زنجیرە فیلم كارتۆنی (میكی ماوس) لە ئەمریكا نمایشكرا كە لە پاش ئەوەش بەرهەمهێنانی فیلم كارتۆن بە شێوەیەكی فراوان وڵاتانی جیهانی گرتەوە ‌و سەرنجی زۆری بینەرانی بە لای خۆیدا ڕاكێشا بە تایبەت منداڵان.
-    ڕۆژی 13ی كانونی دووەمی ساڵی 1932، هونەرمەند ‌و ئەكتەری میسری (سەمیر سەبری) لە دایك بووە كە لە ماوەی ژیانیدا بەشداریی لە دەیان فیلمی سینەمایی ‌و تەلەفزیۆنیدا كردوە.
-    لە كاتێكدا جەنگی دووەمی جیهانی وڵاتی زیاتری ڕاپێچی شەڕەكە دەكرد ‌و هێرشەكان چڕتر دەبوونەوە، ڕۆژی 13ی كانونی دووەمی ساڵی 1943 (ئەدۆڵف هێتلەر)ی سەركردەی نازییەكانی ئەڵمانیا جەنگی سەرتاسەریی بەرامبەر بە هاوپەیمانەكان ڕاگەیاند.
-    لە پاش قەدەغەكردنی كاری سیاسی لە كۆمەڵەی ئیخوان موسلمینی میسر لەلایەن (جەمال عەبدولناسر)ی سەرۆكی ئەو وڵاتەوە، ڕۆژی 13ی كانونی دووەمی ساڵی 1954 لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی میسرەوە شاڵاوێكی گەورە بۆ دەستگیركردنی ئەندامانی ئەو كۆمەڵەیە ئەنجامدرا ‌و تێیدا نزیكەی 320 كەس لە سەركردە ‌و ئەندامە باڵاكانی ئیخوان موسلمین دەستگیر كران.
-    بە هۆی ململانێكانی ئەمریكا ‌و یەكێتیی سۆڤێت ‌و چەند وڵاتێكی دیكەوە بۆ پێشخستنی جبەخانە ئەتۆمییەكانیان، ڕۆژی 13ی كانونی دووەمی ساڵی 1958 هەزاران زانا ‌و پسپۆڕ لە 43 وڵاتی جیاجیای جیهانەوە داوایان لە ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان كرد تاقیكردنەوە ئەتۆمییەكان ڕابگرێت ‌و قەدەغەیان بكات.
-    ڕۆژی 13ی كانونی دووەمی ساڵی 1966، یەكەم ڕەشپێست لە مێژووی ئەمریكادا چووە ڕیزی دەستەی بەڕێوەبردنی كۆشكی سپیی ئەمریكاوە كە ئەویش (ڕۆبەرت كلیفتۆن ویڤەر) بوو، كە بە هۆی لێهاتووییەكانیەوە لەلایەن (لیندۆن جۆنسۆن)ی سەرۆكی ئەو كاتەی ئەمریكاوە دەستنیشان كرا بۆ كاركردن لە كۆشكی سپیدا.
-    لە میانی خۆپیشاندان ‌و ناڕەزایەتییەكانی گەلانی ئێران دژ بە دەسەڵاتی (محەمەد ڕەزا شا)ی پەهلەوی، ڕۆژی 13ی كانونی دووەمی ساڵی 1979 (ئیمام خومەینی) رابەری شۆڕش لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ڕاگەیاند بە ئامانجی ڕووخاندنی رژێمی پاشایەتی لە ئێراندا.
-    ڕۆژی 13ی كانونی دووەمی ساڵی 1986، ناكۆكیی ‌و شەڕ كەوتە ناو پارتی دەسەڵاتداری یەمەنی دیموكراتییەوە ‌و بوونە دوو باڵا كە بە هۆی شەڕ ‌و پێكدادانی لایەنگرەكانیانەوە زیاتر لە 10 هەزار كەس بوونە قوربانیی ‌و چەندین سەركردەی پێشووی ئەو وڵاتەش لە سێدارە دران.
-    وەكو دوایین هەوڵی دبلۆماتی بۆ ڕازیكردنی (سەدام حسێن)ی سەرۆكی پێشووتری عێراق ‌و گەڕانەوەی سوپای عێراق لە خاكی كوەیت، ڕۆژی 13ی كانونی دووەمی ساڵی 1991 (خافێر پیرێز دیكویلار)ی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان گەیشتە شاری بەغداد ‌و لە گەڵا سەدامدا كۆبووەوە.
-    ڕۆژی 13ی كانونی دووەمی ساڵی 2001، بومەلەرزەیەكی بەهێز بە گوڕی 7.7 پلە بە پێوەری ڕێختەر وڵاتی سلڤادۆری هەژاند كە بە هۆیەوە نزیكەی 850 كەس كوژران ‌و نزیكەی 5 هەزاری دیكەش بریندار بوون سەدان هەزار خانوو باڵەخانەش وێران بوون ‌و زیانە مادییەكانیش بە دەیان ملیار دۆلار خەمڵێنران.
-    ڕۆژی 13ی كانونی دووەمی ساڵی 2005، حكومەتی ئەنكەرە بە شێوەیەكی فەرمیی جەژنی نەورۆزی وەكو ڕۆژێكی نیشتمانی لە توركیادا ناساند ‌و ڕێگەی بە هاووڵاتیان دا لەو بۆنەیەدا ئاهەنگ بگێڕن.
-    ڕۆژی 13ی كانونی دووەمی ساڵی 2010، ئەدیب ‌و شاعیر ‌و نوسەری ناوداری لیبیایی (خەلیفە تلێسی) لە تەمەنی هەشتا ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە كە چەندین پەڕتوك ‌و نوسراو و لێكۆڵینەوە ‌و وتاری لە بوارەكانی ئەدەب ‌و مێژوو وەرگێڕاندا لە پاش بەجێماوە.
-    ڕۆژی 13ی كانونی دووەمی ساڵی 2012، (ڕەئوف دەنگتاش) یەكەم سەرۆكی بەشی باكوری دورگەی قوبرس كۆچی دوایی كردووە كە ڕابەری سیاسیی بەشە توركییەكەی قوبرس بووە ‌و بە هۆی تووشبوونی بە ئیفلیجیی دەماخ لە تەمەنی 88 ساڵیدا مردووە.


هه‌واڵی زیاتر