- ڕۆژی 16ی كانونی دووەمی ساڵی 774ی زایینی، (عەبدولڕەحمان عەمرو یەحمد) ناسراو بە ئیمامی ئەوزاعی لە دایك بووە، كە زانایەكی ئایینی ئیسلام بووە و لە ناوچەی شام نیشتەجێ بووە.
- ڕۆژی 16ی كانونی دووەمی ساڵی 929ی زایینی، (عەبدولڕەحمان ناسر) خۆی وەكو خەلیفەی موسڵمانان ناساند و خەلافەتی قورتوبەی دامەزراند.
- ڕۆژی 16ی كانونی دووەمی ساڵی 1761، شەڕێكی قورس لە نێوان هەردوو سوپای ئینگلیز و فەرەنسییەكاندا لەسەر هەرێمی (بۆندیچیری) هیندستان ڕوویدا، ئەنجامەكەشی بە شكستی فەرەنسییەكان كۆتایی هات و ئینگلیزەكان دەستیان بەسەر ئەو هەرێمەدا گرت.
- ڕۆژی 16ی كانونی دووەمی ساڵی 1835، بە هۆی ئەوەی پشتیوانی لە سیاسەتەكانی ئینگلیز دەكرد لە ناوچەكەدا، میرنشینی دوبەی لە ژێر چاودێریی بەریتانیادا پێكهێنرا.
- ڕۆژی 16ی كانونی دووەمی ساڵی 1918، ئەدیب و هونەرمەند و شانۆكاری میسری (نوعمان عاشور) لە دایك بووە كە هەوڵی زۆری داوە بۆ پێشخستنی هونەری میسری.
- پاش كۆتاییهاتنی جەنگی یەكەمی جیهانی و پێكهێنانی ڕێكخراوی (عوسبەتولئومەم)، ڕۆژی 16ی كانونی دووەمی ساڵی 1920، ئەو ڕێكخراوە یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا.
- ڕۆژی 16ی كانونی دووەمی ساڵی 1943، شانشینی عێراق لە میانی جەنگی دووەمی جیهانیدا چووە پاڵا بەرەی هاوپەیمانان و شەڕی لە دژی بەرەی میحوەر ڕاگەیاند.
- ڕۆژی 16ی كانونی دووەمی ساڵی 1948، هونەرمەندی دەنگخۆش (حەمەڕەشید هەرەس) لە ناوچەی هەڵەبجە لە دایك بووە كە خاوەنی چەندین بەرهەمی هونەرییە.
- ڕۆژی 16ی كانونی دووەمی ساڵی 1953، بە فەرمانێكی حكومی سەرجەم پارتە سیاسییەكانی میسر هەڵوەشێنرانەوە و كاری سیاسییان لێ قەدەغە كرا.
- ڕۆژی 16ی كانونی دووەمی ساڵی 1959، (محەمەد حامد فەقێ) دامەزرێنەری كۆمەڵەی ئەنسارسوننەی محەمەدی كۆچی دوایی كردووە.
- ڕۆژی 16ی كانونی دووەمی ساڵی 1964، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پشتیوانیی خۆیی بۆ ڤێتنامی باشور ڕاگەیاند بە مەبەستی شێواندنی بارودۆخی ئەو دەسەڵاتەكەی كە لە ڤێتنامی باكوردا هەبوو.
- پاش هەڵگیرسانی شۆڕش لە ئێراندا كە زۆربەی ناوچەكانی ئەو وڵاتەی گرتبووەوە، ڕۆژی 16ی كانونی دووەمی ساڵی 1979، (محەمەد ڕەزا پەهلەوی) شای ئێران و خانەوادەكەی ئەو وڵاتەیان جێهێشت و گەیشتنە میسر.
- ڕۆژی 16ی كانونی دووەمی ساڵی 1989، بۆ یەكەمجار هەردوو حكومەتی ئیسپانیا و ئیسرائیل پەیوەندیی سیاسییان دەست پێكرد.
- بە هۆی ڕازینەبوونی بە بڕیارەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ پاشەكشەكردنی سوپای عێراق لە خاكی كوەیت، بەرەبەیانی ڕۆژی 16ی كانونی دووەمی ساڵی 1991، هێزی هاوپەیمانان كە لەلایەن ئەمریكاوە ڕابەرایەتی دەكران هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئامانجەكانیان لە ناو خاكی عێراقدا دەست پێكرد، كە لە یەكەم گورزی سەربازیشدا زیاتر لە 500 فڕۆكە لەو شەوەدا زۆربەی پێگە سەربازییەكانی عێراقیان خاپوور كرد.
- ڕۆژی 16ی كانونی دووەمی ساڵی 1993، بە گوێرەی بڕیاری ژمارە 48ی پەرلەمانی كوردستان دادگای تەمیزی كوردستان پێكهێنرا.
- ڕۆژی 16ی كانونی دووەمی ساڵی 1995، بومەلەرزەیەكی بەهێز بە گوڕی 6.9 پلە بە پێوەری ڕێختەر، ناوچەی كوبی ژاپۆنی هەژاند كە بە هۆیەوە زیاتر 5500 كەس گیانیان لە دەست دا و دەیان هەزاری دیكەش بریندار بوون.
- ڕۆژی 16ی كانونی دووەمی ساڵی 1998، دادگای باڵای توركیا پارتی ڕەفاهی ئیسلامیی هەڵوەشاندەوە كە لەلایەن (نەجمەدین ئەربەكان)ەوە ڕابەرایەتیی دەكرا و پێشتر هەڵبژاردنەكانی بردبووەوە ئەربەكانیشی لە چالاكیی سیاسی دوورخستەوە.
- ڕۆژی 16ی كانونی دووەمی ساڵی 2001، (لۆران كابێلا)ی سەرۆكی كۆنگۆی دیموكرات لەلایەن كۆمەڵێك چەكدارەوە تیرۆر كرا.
- ڕۆژی 16ی كانونی دووەمی ساڵی 2002، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان داوای لە پەرلەمانی وڵاتان و ڕێكخراو و لایەنەكانی جیهان كرد هەڵوێست لە بەرامبەر هەڵمەتی ڕاگەیاندنەكانی توركیا وەربگرن كە لە دژی باشوری كوردستان دەستیان پێكردبوو.
- ڕۆژی 16ی كانونی دووەمی ساڵی 2006، بۆ یەكەمجار لە مێژووی لیبریادا ژنێك كرایە سەرۆكی ئەو وڵاتە ئەویش (ئێلین جۆنسۆن سێرلیڤ)ی چالاكوان و هەڵسوڕاوی بواری مافەكانی مرۆڤ بوو.
- ڕۆژی 16ی كانونی دووەمی ساڵی 2010، كۆمەڵی ئیخوان موسلمینی میسر (د. محەمەد بەدیع)ی وەكو ڕابەری گشتیی ئەو كۆمەڵەیە دەستنیشان كرد و شوێنی (محەمەد مەهدی عاكف)ی گرتەوە.
- ڕۆژی 16ی كانونی دووەمی ساڵی 2012، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند (نێچیرڤان بارزانی) جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕەزامەندیی پیشانداوە بە وەرگرتنەوەی كابینەی حكومەتی هەرێم لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی ستراتیژیی نێوان یەكێتی و پارتی.
- ئەمڕۆ لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە ڕۆژی ئازادیی ئایینی ئەژمار دەكرێت، بە هەمان شێوە لە ئەمریكا ڕۆژی قەدەغەكردنی خواردنەوە كهولییەكانە، لە تایلەندیش ئەمڕۆ جەژنی مامۆستایە.