بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

ڕۆژی 21ی كانونی دووەم


-    ڕۆژی 21ی كانونی دووەمی ساڵی 1189ی زایینی، (ڕیچاردی یەكەم)ی پاشای بەریتانیا ‌و (فیلیپی دووەم)ی پاشای فەرەنسا ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی سوپاكانایان یەكبخەن لە پێناو هێرشكردنە سەر خۆرهەڵات ‌و داگیركردنی وڵاتانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
-    لە پاش سەركەوتنی شۆڕشی فەرەنسا ‌و دەستگیركردنی (لویسی شانزدەهەم)ی پاشای ئەو وڵاتە، ڕۆژی 21ی كانونی دووەمی ساڵی 1793، پاشای فەرەنسا لەسەر دەستی شۆڕشگێڕان سەری پەڕێندرا.
-    ڕۆژی 21ی كانونی دووەمی ساڵی 1813، دۆزەرەوەی ئەمریكی (جۆن فیرمۆنت) لە دایك بووە كە لە ماوەی ژیانیدا چەندین گەشتی بۆ ناوچە جیاجیاكانی جیهان كردوە.
-    ڕۆژی 21ی كانونی دووەمی ساڵی 1899، كۆمپانیای (ئۆپڵا) بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل دروستكراوە كە یەكێكە لە كۆمپانیا گەورەكانی جیهان.
-    ڕۆژی 21ی كانونی دووەمی ساڵی 1917، بومەلەرزەیەكی بەهێز بە گوڕی 7 پلە بە پێوەری ڕێختەر ئیندۆنیزیای هەژاند كە بە هۆیەوە نزیكەی 15 هەزار كەس مردن ‌و دەیان هەزاری دیكەش بریندار بوون، سەدان هەزار هاووڵاتیش بێماڵا ‌و حاڵا بوون.
-    ڕۆژی 21ی كانونی دووەمی ساڵی 1919، لە سەر سنورەكانی نێوان دەوڵەتی عوسمانی ‌و وڵاتی فارسی سەفەویدا ‌و لە نزیك شاری سەڵماس هێزە شۆڕشگێڕەكانی كورد بەرەنگاری سوپای ئێران بوونەوە كە بە نیازبوون ناوچە كوردییەكان داگیر بكەن، لە ئەنجامدا سوپای ئێران تووشی شكستێكی گەورە بوو شۆڕشگێڕە كوردەكان سەركەوتن.
-    ڕۆژی 21ی كانونی دووەمی ساڵی 1924، (ڤلادیمێر لینین) سەركردەی شۆڕشی بەڵشەوی لە ڕوسیا ‌و یەكەم سەرۆكی یەكێتیی سۆڤێت كۆچی دوایی كردووە.
-    ڕۆژی 21ی كانونی دووەمی ساڵی 1930، هەسارەی بلۆتۆ دۆزرایەوە كە دوورترین هەسارەی كۆمەڵەی خۆرە.
-    لە میانی كێبڕكێی وڵاتە زلهێزەكانی جیهان بۆ بەهێزكردنی توانا سەربازییەكانیان بە نوێترین ئامێری جەنگی بە تایبەت كە ململانێی گەورە كەوتبووە نێوان ئەمریكا ‌و یەكێتیی سۆڤێت وەكو دوو جەمسەری هێز لە جیهاندا، ڕۆژی 21ی كانونی دووەمی ساڵی 1954 ئەمریكا سەركەوتنی بە دەست هێنا لە دروستكردنی ژێردەریاییدا ‌و یەكەم ژێردەریایی بە ناوی (نۆتیلۆس) خستە كار.
-    ڕۆژی 21ی كانونی دووەمی ساڵی 1958، كەسایەتیی ناسراوی گەلی كورد (مەعروف جیاوك) كۆچی دوایی كردووە كە چەندین بەرهەمی لە دوای خۆی بەجێهێشتوە.
-    دوای ئەوەی فەرەنسا توانیی سەركەوتن بەدەست بهێنێت لە دروستكردنی پێشكەوتووترین فڕۆكەی مەدەنیدا كە ئەویش فڕۆكەی جۆری (كۆنكۆرد) بوو، ڕۆژی 21ی كانونی دووەمی ساڵی 1976، یەكەم گەشت بە فڕۆكەی كۆنكۆرد لە نێوان شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا ‌و شاری ڕییۆ دی جانیرۆی بەرازیلیدا ئەنجامدرا.
-    ڕۆژی 21ی كانونی دووەمی ساڵی 1987، هێزەكانی سوپای عێراق پەلاماری ناوچەكانی كلكەسماق ‌و كانی سوری نزیك شارۆچكەی دوكانیان دا، لە بەرامبەریشدا هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرەنگاریان بوونەوە ‌و زیانێكی زۆریان لە سوپای دوژمن دا.
-    ڕۆژی 21ی كانونی دووەمی ساڵی 1994، كۆبوونەوەیەك لە شاری ژنێفی سویسرا بە بەشداریی نوێنەری 26 دەوڵەتی جیهان ئەنجامدرا بە مەبەستی هاوكاریكردنی گەلی كورد لە باشوری كوردستان ‌و تێیدا بڕیاردرا ئۆفیسێك لە شاری هەولێر بكرێتەوە بە ئامانجی ڕێكخستنی كاروباری ڕێكخراوە مرۆییەكان ‌و هاوكاریكردنی خەڵكی كوردستان.
-    ڕۆژی 21ی كانونی دووەمی ساڵی 2002، بۆ یەكەمجار لە مێژووی كوردستاندا ژنێك وەكو دادوەر سوێندی یاسایی خوارد ‌و دەستبەكار بوو كە ئەویش خاتوو (گەلاوێژ سەعید) بوو.
-    ڕۆژی 21ی كانونی دووەمی ساڵی 2006، (ئیبراهیم ڕۆجۆڤا) یەكەم سەرۆكی هەرێمی كۆسۆڤۆ كۆچی دوایی كردووە كە یەكێك بوە لە سەركردە دیارەكانی ئەو هەرێمە.
-    دوای سوێندخواردنی وەكو سەرۆكی ئەمریكا، ڕۆژی 21ی كانونی دووەمی ساڵی 2009 (باراك ئۆباما) داوای كرد بۆ ماوەی چوار مانگ لێكۆڵینەوە لەگەڵا ئەو زیندانیكراوانەدا ڕابگیرێت كە لە گرتووخانەی گوانتانامۆ بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە تیرۆردا لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرا.
-    ڕۆژی 21ی كانونی دووەمی ساڵی 2009، نوسەر ‌و سیاسەتمەدار ‌و دامەزرێنەر ‌و سەرۆكی پێشووی پارتی (ئوممە)ی میسری، (ئەحمەد سوباحی) لە تەمەنی 99 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە كە لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ساڵی 2005ی میسردا یەكێك بووە لە كاندیدەكانی سەرۆكایەتی.
-    ڕۆژی 21ی كانونی دووەمی ساڵی 2012، ئەنجومەنی نوێنەرانی یەمەن ڕەزامەندیی لەسەر پرۆژەیاسایەك پیشاندا كە پارێزبەندیی تەواوی دەدایە (عەلی عەبدوڵڵا سالح)ی سەرۆك كۆمار ‌و بەرپرسە باڵاكانی مەدەنی ‌و سەربازی لە یەمەن، ئەوەش لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی دەستپێشخەرییەكەی وڵاتانی كەندا و بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەمەن.
-    ڕۆژی 21ی كانونی دووەمی ساڵی 2012، سیاسەتمەدار ‌و دبلۆماتكاری كوەیتی شێخ (سعود ناسر سوباح) لە تەمەنی 68 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە كە یەكێك بووە لە ئەندامانی بنەماڵەی فەرمانڕەوا لە میرنشینی كوەیت ‌و لە ماوەی ژیانیدا لە چەندین پۆستی گرنگدا كاری كردووە.
-    ئەمڕۆ لە هەرێمی (كیبك)ی كەنەدا بە ڕۆژی ئاڵا لە قەڵەم دەدرێت ‌و بۆنەی تایبەت بەڕێوەدەچێت، لە نیوزلەنداش ئەمڕۆ بە ڕۆژی یادی شاری (ویلینگتۆن)ی پایتەخت دەژمێردرێت.


هه‌واڵی زیاتر