بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

ڕۆژی 22ی كانونی دووەم


-    ڕۆژی 22ی كانونی دووەمی ساڵی 1263ی زایینی، زانا ‌و پێشەوای ئایینی ئیسلام (ئیبن تەیمییە) لە دایك بووە كە خاوەنی چەندین نوسراوی گرنگە ‌و ئیجتیهادی گەورەی كردووە.
-    ڕۆژی 22ی كانونی دووەمی ساڵی 1490، (ئەبوعەبدوڵڵا محەمەدی دوانزدەهەم)ی پاشای غەرناتە هەڕەشەكانی ئەوروپای ڕەت كردەوە بە تەسلیمكردنی غەرناتە بە دەست وڵاتانی ئەوروپا.
-    ڕۆژی 22ی كانونی دووەمی ساڵی 1561، فەیلەسوفی بە ناوبانگی ئینگلیزی (فرانسیس بیكۆن) لە دایك بووە كە رۆڵی زۆری بینیوە لە پێشخستنی بواری هزردا لە ئەوروپا.
-    ڕۆژی 22ی كانونی دووەمی ساڵی 1666، (شاه جیهان)ی پاشای هیندستان كۆچی دوایی كردووە كە بنیاتنەری مەزارگەی (تاج محەل)ی مێژووییە.
-    ڕۆژی 22ی كانونی دووەمی ساڵی 1840، سوپای ئینگلیز دەستی بە هێرشكردنە سەر ناوچەكانی نیوزلەندە كرد بە مەبەستی داگیركردنی ‌و لكاندنی بە ئینگلتەراوە.
-    ڕۆژی 22ی كانونی دووەمی ساڵی 1899، سەركردەی شەش ناوچەی كۆلۆنیالی ئوسترالی لە شاری میلبۆرن كۆبوونەوە بە مەبەستی پێكهێنانی دەوڵەتێكی فیدراڵی و دواتر ئوسترالیای لێكەوتەوە.
-    دوای مردنی شاژنە (ڤیكتۆریا)ی پاشای بەریتانیا ڕۆژی 22ی كانونی دووەمی ساڵی 1901، (ئیدواردی حەوتەم) وەكو پاشای بەریتانیا دەستنیشان كرا و سوێندی یاسایی خوارد.
-    ڕۆژی 22ی كانونی دووەمی ساڵی 1924، یەكەم كابینەی وەزاری لەلایەن پارتی كرێكارانەوە لە بەریتانیا پێكهێنراوە.
-    ڕۆژی 22ی كانونی دووەمی ساڵی 1946، لە مەیدانی چوارچرای شاری مهابادی خۆرهەڵاتی كوردستان كۆماری كوردستان ڕاگەیەندرا ‌و پێشەوا ( قازی محەمەد)یش كرایە سەرۆك كۆماری كوردستان، هەر لە مەیدانی چوارچرا لە رێوڕەسمێكی جەماوەریی گەورەدا ئاڵای دەوڵەتی ئێران داگیرا ‌و لە شوێنی ئاڵای ئێران ئاڵای كوردستان هەڵكرا.
-    ڕۆژی 22ی كانونی دووەمی ساڵی 1961، هونەرمەندی كورد مامۆستا (جەواد سەلیم) كۆچی دوایی كردووە كە خاوەنی چەندین بەرهەمی هونەرییە.
-    ڕۆژی 22ی كانونی دووەمی ساڵی 1961، (مەلا مستەفای بارزان)ی ڕابەری شۆڕشی ئەیلول لە باشوری كوردستان ‌و (عەبدولكەریم قاسم)ی سەرۆك كۆماری عێراق لە شاری بەغداد كۆبوونەوە بە مەبەستی تاووتوێكردنی كێشەی كورد ‌و دوایین پێشهاتەكانی نێوان كورد ‌و حكومەتی عێراق كە ئەوەش دوایین چاوپێكەوتنی نێوان بارزانی ‌و قاسم بوو.
-    ڕۆژی 22ی كانونی دووەمی ساڵی 1970، بۆ یەكەمجار فڕۆكەی نەفەرهەڵگری مەدەنی لە جۆری (جامبۆ) كەوتە كار.
-    ڕۆژی 22ی كانونی دووەمی ساڵی 1974، (لیندۆن جۆنسۆن) سی ‌و شەشهەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كۆچی دوایی كردووە.
-    ڕۆژی 22ی كانونی دووەمی ساڵی 1981، كوردەكانی نیشتەجێی بولگاریا ویستیان لە شاری سۆفیا یادی دامەزراندنی كۆماری مهاباد بكەنەوە بەڵام پۆلیسی ئەو وڵاتە ڕێگەی لێگرتن.
-    بۆ یەكەمجار لە مێژوودا ڕۆژی 22ی كانونی دووەمی ساڵی 1984، یەكەم كۆمپیوتەری ماكینتۆش كە بە ماوس كاری دەكرد لە ئەمریكا خرایەڕوو.
-    ڕۆژی 22ی كانونی دووەمی ساڵی 1989، بومەلەرزەیەكی بەهێز بە گوڕی 5.3 پلە بە پێوەری ڕێختەر تاجیكستانی هەژاند كە بە هۆیەوە سەدان كەس مردن ‌و هەزارانی دیكەش بریندار بوون.
-    ڕۆژی 22ی كانونی دووەمی ساڵی 1993، تەقینەوەی بۆمبێك لە بەردەم كافیتریایەكدا لە شاری هەولێر نزیكەی 140 كوژارو و برینداری لێكەوتەوە.
-    دوای ئەوەی وەكو یەكەم ژن لە مێژووی ئەمریكادا كرایە وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان، ڕۆژی 22ی كانونی دووەمی ساڵی 1997 (مادلین ئۆلبرایت) بە شێوەیەكی ڕەسمی لە پۆستەكەیدا دەستبەكار بوو.
-    سەرەڕای سەركەوتنی لە هەڵبژاردنە گشتییەكانی توركیادا، ڕۆژی 22ی كانونی دووەمی ساڵی 1998، دادگای دەستووریی توركیا پارتی ڕەفاهی ئیسلامیی هەڵوەشاندەوە ‌و هەموو جۆرە چالاكییەكی سیاسیشی لە (نەجمەدین ئەربەكان)ی سەرۆكی ئەو پارتە قەدەغە كرد.
-    ڕۆژی 22ی كانونی دووەمی ساڵی 2004، شاندێكی باڵای فدراسیۆنی ڕۆژنامەنوسانی جیهان گەیشتنە شاری هەولێر بە مەبەستی لە نزیكەوە بە ئاگابوون لە ڕەوشی ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمی كوردستاندا.
-    ڕۆژی 22ی كانونی دووەمی ساڵی 2005، بزوتنەوەی ڕیفراندۆمی كوردستان لە شاری ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرجەم كۆمیتەكانی بزوتنەوەكە یەكەم كۆنفرانسی خۆی ساز كرد.
-    ڕۆژی 22ی كانونی دووەمی ساڵی 2006، (ئیڤۆ مۆراڵس) وەكو یەكەم سەركردەی سۆسیالستی هەڵبژاردنەكانی بۆلیڤیای بردەوە ‌و كرایە سەرۆكی ئەو وڵاتە.
-    ڕۆژی 22ی كانونی دووەمی ساڵی 2008، هونەرمەند ‌و ئەكتەری ناوداری ئوسترالی (هیس لیدجەر) لە تەمەنی 29 ساڵیدا ‌و بە هۆكارێكی نادیار لە شاری نییویۆركی ئەمریكا لە شوقەكەی خۆیدا بە مردوویی دۆزراوەتەوە كە لە ماوەی ژیانیدا بەشداریی لە چەندین فیلمی گەورەی سینەماییدا كردووە و چەندین خەڵاتی جیهانیی بە دەست هێناوە.
-    ڕۆژی 22ی كانونی دووەمی ساڵی 2009، (باراك ئۆباما)ی سەرۆكی ئەمریكا بڕیاریدا لە ماوەی ساڵێكدا گرتووخانەی (گوانتانامۆ) دابخرێت كە تایبەت بوو بەو دەستگیركراوانەی بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر كرابوون.
-    ڕۆژی 22ی كانونی دووەمی ساڵی 2009، دادگای چین بڕیاریدا بە لەسێدارەدانی دوو بازرگانی شیری منداڵان بە هۆی ئەوەی بڕێكی زۆر لە مادەی (میلامین)یان تێكەڵی شیر كردبوو بۆ بەرزكردنەوەی ڕێژەی پڕۆتین لە شیرەكەدا ‌و بەو هۆیەشەوە شەش منداڵا گیانیان لە دەست دابوو، زیاتر لە 300 هەزار منداڵی تریش بە هۆی خواردنی ئەو شیرەوە تووشی ژەهراویبوون ببوون.
-    ڕۆژی 22ی كانونی دووەمی ساڵی 2012، بە هۆی چەند تەقینەوە ‌و هێرشێكی جیاجیاوە لە شاری (كانۆ)ی نەیجیریا، 22 هاووڵاتی كوژران ‌و زیاتر لە 210ی دیكە بریندار بوون زیانێكی زۆری مادیشیان لێكەوتەوە.  
-    ئەمڕۆ بە ڕۆژی یادكردنەوەی هاوڕێیەتی ئەڵمانی – فەرەنسی لە قەڵەم دەدرێت، لە ژاپۆنیش بۆنەیەكی تایبەت هەیە بە ناوی ڕۆژی (كاری).


هه‌واڵی زیاتر