بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

ڕۆژی 24ی كانونی دووەم


-    ڕۆژی 24ی كانونی دووەمی ساڵی 76ی زایینی، (هادریانوس)ی ئیمپراتۆری ڕۆمانی كۆچی دوایی كردووە كە یەكێك بووە لە سەركردە ‌و فەرمانڕەوا بەتواناكانی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی.
-    ڕۆژی 24ی كانونی دووەمی ساڵی 661ی زایینی، (عەبدولڕەحمانی كوڕی مەلجەم) پەلاماری خەلیفەی موسڵمانان (عەلی كوڕی ئەبوتاڵب)ی دا ‌و لە كاتی نوێژی بەیانیدا بە خەنجێرێكی ژەهراوی برینداری كرد دواتریش بەو هۆیەوە گیانی لە دەست دا.
-    ڕۆژی 24ی كانونی دووەمی ساڵی 1800، ڕێككەوتننامەی عەریش لە نێوان ژەنراڵا (كلێبەر)ی فەرماندەی سوپای فەرەنسا ‌و نوێنەری عوسمانییەكاندا مۆر كرا كە مەبەست لێی پاشەكشەكردنی هێزەكانی فەرەنسا بوو لە خاكی میسر.
-    ڕۆژی 24ی كانونی دووەمی ساڵی 1848، لە ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمریكا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە كە بڕێكی زۆر ئاڵتون لەو ناوچەیەدا هەیە، بەو هۆیەشەوە هەزاران كەس لە ئەمریكا ‌و ئەوروپا ‌و جیهانەوە ڕوویان كردە كالیفۆرنیا بە مەبەستی بەدەستهێنانی بڕێكی زۆر لە ئاڵتون.
-    ڕۆژی 24ی كانونی دووەمی ساڵی 1908، بۆ یەكەمجار خێوەتگەی دیدەوانی لە بەریتانیا سازكرا بە مەبەستی بەهێزكردنی تواناكانی قوتابی ‌و خوێندكاران.
-    لە پاش سەركەوتنی شۆڕشی بەڵشەوی لە ڕوسیا، ڕۆژی 24ی كانونی دووەمی ساڵی 1924، ناوی شاری سانپیترسبۆرگ گۆڕدرا بۆ لینینگراد وەكو ڕێزلێنانێك بۆ هەوڵەكانی لینینی سەركردەی شۆڕشی ئۆكتۆبەری ڕوسیا.
-    دوای ئەوەی لە جەنگی دووەمی جیهانیدا بۆ یەكەمجار بۆمبی ئەتۆمی بەكارهێنرا ‌و مەترسیی لەسەر جیهان دروستكرد، ڕۆژی 24ی كانونی دووەمی ساڵی 1946، ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بڕیارێكی دەركرد كە بەرنامە ‌و چەكی ئەتۆم بۆ كاری ئاشتی بەكاربهێنرێت، بەكارهێنانیشی لە جەنگدا قەدەغە كرد.
-    ڕۆژی 24ی كانونی دووەمی ساڵی 1965، (وینستۆن چەرچڵا) كە لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیدا سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بووە كۆچی دوایی كردووە، چەرچڵا ئەدیبێكی گەورەی ئینگلیزیش بووە ‌و بە هۆی كارە ناوازەكانییەوە ساڵی 1953 خەڵاتی نۆبڵی لە بواری ئادابدا پێبەخشراوە.
-    ڕۆژی 24ی كانونی دووەمی ساڵی 1981، هونەرمەند ‌و مەقامبێژی گەورەی كورد مامۆستا (عەلی مەردان) لە شاری كەركوك كۆچی دوایی كردووە تەرمەكەشی لە گۆڕستانی شێخ محێدین بە خاك سپێردراوە و لە ماوەی ژیانیدا خزمەتێكی زۆری بە هونەر ‌و مەقامی كوردی كردوە.
-    ڕۆژی 24ی كانونی دووەمی ساڵی 1983، مانگی دەستكردی (كۆزمۆس) كە لە لایەن یەكێتیی سۆڤێتەوە ڕەوانەی ئاسمان كرابوو لە ئاوەكانی زەریای ئارامدا كەوتە خوارەوە.
-    ڕۆژی 24ی كانونی دووەمی ساڵی 1985، بە پیلانێكی ڕژێمی بەعس ‌و بەهاكاریی بەكرێگیراوان، شۆڕشگێڕ ‌و پێشمەرگەی ناسراوی گەلی كورد (مامە ڕیشە) ‌و دوان لە هەڤاڵەكانی لە بۆسەیەكدا دوای شەڕێكی سەخت شەهید كران.
-    ڕۆژی 24ی كانونی دووەمی ساڵی 1992، (كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز) وەكو ڕێكخراوێكی ژینگەپارێز لە هەرێمی كوردستان دامەزراوە.
-    ڕۆژی 24ی كانونی دووەمی ساڵی 1993، ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستان بڕیاریدا ڕۆژی 5ی ئاداری هەموو ساڵێك بكرێتە ڕۆژی یادی ڕاپەڕین لە باشوری كوردستاندا و پشووی فەرمی بێت.
-    ڕۆژی 24ی كانونی دووەمی ساڵی 1993، سوپای عێراق پەلاماری ناوچەی شوانی نزیك قەزای چەمچەماڵی دا بەڵام هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرەنگاری بووەوە ‌و هێرشەكەی تێكشكاند.
-    ڕۆژی 24ی كانونی دووەمی ساڵی 1995، دەیان ئەدیب ‌و هونەرمەندی كورد وەكو ناڕەزایەتییەك بەرامبەر بە شەڕی براكوژی لە باشوری كوردستان بڕیاریاندا لە ناوەندی شاری هەولێر خۆیان بسوتێنن، بەو هۆیەشەوە دەیان هەزار هاووڵاتی ڕژانە سەر شەقام ‌و ڕێگەیان پێنەدان خۆیان بسوتێنن، لە خۆپیشاندانێكی جەماوەریشدا هاووڵاتیان داوای ڕاگرتنی شەڕیان كرد.  
-    ڕۆژی 24ی كانونی دووەمی ساڵی 2004، ئەدیب ‌و ڕۆماننوسی بەناوبانگی سعودییە ‌و عەرەب (عەبدولڕەحمان مونیف) كۆچی دوایی كردووە.
-    ڕۆژی 24ی كانونی دووەمی ساڵی 2005، هەفتەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان دەستی پێكرد بە ئامانجی بەشداریكردنی هاووڵاتیانی باشوری كوردستان لە بڕیاری چارەی خۆنوسین ‌و كۆكردنەوەی واژۆ بۆ ئەو مەبەستە.
-    ڕۆژی 24ی كانونی دووەمی ساڵی 2006، ئەنجومەنی ئوممەی كوەیتی بە هۆی نەخۆشییەوە شێخ (سەعد عەبدوڵڵا سوباح)ی لە میری كوەیت خست ‌و لە شوێنی ئەو شێخ (سوباح ئەحمەد سوباح)ی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران وەكو میری نوێ‌ دەستنیشان كرا.
-    ڕۆژی 24ی كانونی دووەمی ساڵی 2011، تەقینەوەیەكی بەهێز لە ناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی (دۆمۆدیدۆڤۆ)ی شاری مۆسكۆ لە ڕوسیا ڕوویدا كە بە هۆیەوە زیاتر لە 35 كەس كوژران ‌و دەیانی تریش بریندار بوون زیانێكی زۆریش بە فڕۆكەخانەكە گەیشت.
-    ڕۆژی 24ی كانونی دووەمی ساڵی 2012، موشیر (محەمەد حسێن تەنتاوی) سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای هێزە چەكدارەكانی میسر ڕایگەیاند كۆتایی بەو بارە نائاساییەی میسر هاتووە كە لە ساڵی 1981ەوە لەلایەن حكومەتەكەی (حوسنی موبارەك)ەوە ڕاگەیەندرابوو.
-    ڕۆژی 24ی كانونی دووەمی ساڵی 2012، یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی فەرەنسا ‌و ڕاهێنەر (بیێر سینیباڵدی) لە تەمەنی 86 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە كە لە ماوەی ژیانیدا لە چەندین یانەی ناوخۆی فەرەنسا ‌و دەرەوەدا یاریی كردووە.
-    ڕۆژی 24ی كانونی دووەمی ساڵی 2012، (عیسا قاسم)ی سەركردە ‌و مەرجەعی شیعەكانی بەحرەین داوای لە جەماوەری شیعەمەزهەبی ئەو وڵاتە كرد دەست بە هەڵمەتی (مشتی شۆڕشگێڕان) بكەن كە پێكدەهات لە كۆمەڵێك چالاكیی خۆپیشاندان ‌و ناڕەزایەتی لە دژی هێزە ئەمنییەكانی بەحرەین ‌و بەرگرتن لە سوپا ‌و پۆلیس كە بچنە ناوچە شیعەنشینەكانەوە.
-    ئەمڕۆ لە شاری كالیفۆرنیای ئەمریكا بە ڕۆژی (تای ئاڵتون) لە قەڵەم دەدرێت وەكو یادكردنەوەیەك بۆ ئەو ڕۆژەی كە لە ساڵی 1848دا بە هۆی دۆزینەوەی بڕێكی زۆر ئاڵتونەوە هەزاران بازرگان ‌و هاووڵاتی ڕوویان كردە كالیفۆرنیا ‌و بەو هۆیەشەوە شارەكە گەشەیەكی زۆری كرد، لە ژاپۆنیش ئەمڕۆ بە ڕۆژی خۆراكی قوتابخانە دەژمێردرێت. 


هه‌واڵی زیاتر