- ڕۆژی 27ی كانونی دووەمی ساڵی 661ی زایینی، (عەلی كوڕی ئەبی تاڵب) چوارەم خەلیفەی موسڵمانان كۆچی دوایی كرد، كە چەند ڕۆژێك لەوەو بەر لەلایەن (عەبدولڕەحمانی كوڕی مەلجەم)ەوە لە نوێژی بەیانیدا بە خەنجەری ژەهراوی بریندار كرا.
- ڕۆژی 27ی كانونی دووەمی ساڵی 1756، موزیسیانی بەناوبانگی نەمسا و جیهان (مۆزارت) لە دایك بووە كە خاوەنی چەندین شاكاری جیهانییە.
- ڕۆژی 27ی كانونی دووەمی ساڵی 1832، ڕاپەڕین و شۆڕشی گەلی جەزائیر بەڕابەرایەتیی (عەبدولقادر جەزائیری) لە دژی داگیركاری فەرەنسی دەستی پێكرد.
- ڕۆژی 27ی كانونی دووەمی ساڵی 1926، ئەندازیار و داهێنەری ئینگلیزی (جۆن بێرد) ئامێری تەلەفزیۆنی داهێنا.
- پاش ململانێیەكی زۆر لە نێوان خێَڵەكانی ناوچەی حیجاز، سەرئەنجام ڕۆژی 27ی كانونی دووەمی ساڵی 1927، هەردوو شانشینی نەجد و حیجاز لە نیوەدورگەی عەرەبیدا دامەزران.
- ڕۆژی 27ی كانونی دووەمی ساڵی 1934، هونەرمەند و ئەكتەری بەتوانای سوری (دورەید لەحام) لە دایك بووە كە بەشداریی لە دەیان فیلمی سینەمایی و درامادا كردوە.
- لە پاش نزیكەی سێ ساڵا گەمارۆدانی شاری لینینگرادی ڕوسیا لەلایەن سوپای ئەڵمانیاوە، لەگەڵا نزیكبوونەوەی كۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی و ڕۆژی 27ی كانونی دووەمی ساڵی 1944، گەمارۆی سەر شارەكە كۆتاییهات و ئەڵمانییەكان پاشەكشەیان كرد.
- بە مەبەستی كۆتاییهێنان بە جەنگی ڤێتنام ڕۆژی 27ی كانونی دووەمی ساڵی 1973، هەریەكە لە (ئەمریكا، ڤێتنامی باشور، ڤێتنامی باكور و كۆمەڵی ئەلفیت كۆنگ) ڕێككەوتننامەیەكی ئاشتییان لە شاری پاریسی فەرەنسا مۆر كرد.
- ڕۆژی 27ی كانونی دووەمی ساڵی 1982، شەڕێكی گەورە لە نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراقدا لە نزیك ناحیەی تەقتەق ڕوویدا كە بە شەڕی سێكانیان ناسراوە، لەو شەڕەدا كە سوپای بەعس هێرشی كردە سەر پێشمەرگە بە هۆیەوە دەیان سەربازی عێراق كوژران و زیانێكی زۆریشی بەركەوت لە بەرامبەریشدا چەند پێشمەرگەیەك شەهید بوون.
- ئێوارەی ڕۆژی 27ی كانونی دووەمی ساڵی 1988، هێزی پێشمەرگەی كوردستان داستانێكی گەورەیان ئەنجامدا ئەویش هێرشكردنە سەر سوپای بەعس بوو لە ناوچەی سەری ڕەشی نزیك هەولێر كە لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا تەواوی سەری ڕەش لە سوپای عێراق پاككرایەوە و كۆشكە تایبەتەكەی (سەدام حسێن)یش دەستی بەسەردا گیرا، زیانی بەعسیش سەدان كوژراو و بریندار بوو بێجگە لە زیانێكی زۆری مادی.
- بە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێكی خوێناوی لە ناو شاری مەقادیشیۆی پایتەختی سۆماڵا سەرئەنجام لە پاش چوار هەفتە شەڕ و پێكدادان ڕۆژی 27ی كانونی دووەمی ساڵی 1991، (محەمەد سیاد بڕی) سەرۆكی ئەو وڵاتە ناچاربوو دەستبەرداری كورسیی دەسەڵات ببێت.
- ڕۆژی 27ی كانونی دووەمی ساڵی 1992، یەكەم كۆنگرەی گشتیی (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان) لە شاری سلێمانی دەستی پێكرد كە ماوەی چەند رۆژێكی خایاند.
- ڕۆژی 27ی كانونی دووەمی ساڵی 1996، كودەتایەكی سەربازیی بە سەرۆكایەتیی (ئیبراهیم بارع موعین سەڕڕە) لە دژی (مەهمان عوسمان)ی سەرۆكی نەیجەر ئەنجامدرا، سەرئەنجام كۆتایی بەو حكومەتە هات كە لە یەكەم هەڵبژاردنی دیموكراتیدا لە نەیجەر ئەو وڵاتەی دەبرد بەڕێوە.
- لەگەڵا نزیكبوونەوەی وادەی هێرشكردنە سەر ڕژێمی بەعس لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی، ڕۆژی 27ی كانونی دووەمی ساڵی 2003، (محەمەد بەرادعی) سەرۆكی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ڕاپۆرتێكیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند هێشتا هیچ بەڵگەیەك نەدۆزراوەتەوە كە بیسەلمێنێت حكومەتی بەغداد چالاكیی ئەتۆمیی هەیە.
- ڕۆژی 27ی كانونی دووەمی ساڵی 2005، پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنە گشتییەكەی عێراق لە دەرەوەی وڵات دەستی پێكرد كە زۆربەی دەنگدەرەكان كورد بوون.
- ڕۆژی 27ی كانونی دووەمی ساڵی 2006، بە هۆی ڕوودانی بومەلەرزەیەكی بەهێزەوە بە گوڕی 7.7 پلە بە پێوەری ڕێختەر لەناو دەریای (پاندا) لە نزیك ئاوەكانی زەریای ئارامدا تسۆنامییەكی بەهێز كەناراوەكانی ئیندۆنیزیا و ئوسترالیا و تەیموری خۆرهەڵات و جاوەی گرتەوە، بەڵام زیانەكانی نەگەیشتنە ئەو ئاستەی مەترسیی گەورە دروست بكات و بێجگە لە برینداربوونی ژمارەیەك هاووڵاتی و زیانی مادیی هیچ كوژراوێكی لێنەكەوتەوە.
- ڕۆژی 27ی كانونی دووەمی ساڵی 2008، (سۆ هارتۆ)ی سەرۆكی پێشووی ئیندۆنیزیا كۆچی دوایی كردووە كە لە ماوەی حوكمڕانییەكەیدا دژی بوونی هێزی ئۆپۆزسیۆن و دەنگی ناڕازی بوو.
- ڕۆژی 27ی كانونی دووەمی ساڵی 2010، هەریەكە لە مێژوونوسی ناوداری ئەمریكا (هوارد زین) و ڕۆماننوس و ئەدیبی ئەمریكی (جیرۆم دەیڤید سالینگەر) كۆچی دواییان كردووە.
- ڕۆژی 27ی كانونی دووەمی ساڵی 2012، (ئەبوناسر مەناف) سەرۆكی عەشیرەتەكەی (سەدام حسێن)ی سەرۆكی پێشووتری عێراق ڕایگەیاند، بە هۆی دروستبوونی كێشە لە نێوان سەردانیكارانی گۆڕەكەی سەدام و هێزە ئەمنییەكانی عێراقدا بڕیاریانداوە گۆڕەكە دابخەن و ڕێگە بە كەس نەدەن سەردانی بكات.
- ئەمڕۆ بە ڕۆژی جیهانیی كۆمەڵكوژیی جولەكەكان واتە هۆلۆكۆست ناسراوە كە لە سەر دەستی نازییەكانی ئەڵمانیا لە نیوەی یەكەمی سەدەی ڕابردوودا بە تایبەت لە میانی جەنگی دووەمی جیهانیدا كۆمەڵكوژ كران و بەشێكی زۆریان لەناو بران و سوتێنران كە بە سەدان هەزار ئەژمار دەكرێت، هەر ئەمڕۆش لە پۆڵۆنیا یادی قوربانیانی دەستی نازییەت دەكرێتەوە، لە سربیاش بە جەژنی (سافا) ناسراوە كە پیاوێكی ئایینی بووە و ساڵانە لەم ڕۆژەدا یادی دەكرێتەوە.