بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

ڕۆژی 29ی كانونی دووەم


-    ڕۆژی 29ی كانونی دووەمی ساڵی 803ی زایینی، (جەعفەر یەحیا بەرمەكی) وەزیری (هارونە ڕەشید)ی خەلیفەی عەباسی بە پیلانێك كوژرا كە بە هۆیەوە ناكۆكیی كەوتە ناو كۆشكی خەلیفەوە.
-    ڕۆژی 29ی كانونی دووەمی ساڵی 1860، ئەدیب ‌و ڕۆماننوسی ڕوسیایی (ئەنتۆنیۆ چیخۆف) لە دایك بووە كە خاوەنی چەندین شاكاری جیهانییە.
-    ڕۆژی 29ی كانونی دووەمی ساڵی 1926، زانای پاكستانی (محەمەد عەبدولسەلام) لە دایك بووە كە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ساڵی 1979یە لە بواری فیزیادا.
-    ڕۆژی 29ی كانونی دووەمی ساڵی 1934، سوپای ڕوسیا خاكی ڕۆمانیایان بەجێهێشت كە بە هۆی ئەوەی ڕۆمانییەكان پشتیوانییان لە دەوڵەتی عوسمانی دەكرد بۆ ماوەی پێنج ساڵا ڕوسەكان داگیریان كردبوو.
-    ڕۆژی 29ی كانونی دووەمی ساڵی 1939، بۆ یەكەمجار لە مێژووی عێراقدا ئێزگەیەكی كوردی لە شاری بەغدادی پایتەخت كرایەوە ‌و دەستی بە پەخشكردنی بەرنامەكانی كرد.
-    ڕۆژی 29ی كانونی دووەمی ساڵی 1942، هێزەكانی سوپای ئەڵمانیا لە میانی جەنگی دووەمی جیهانیدا شاری (بنغازی)ی لیبیایان داگیر كرد.
-    بە هۆی ئاگرێكی گەورە كە لە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر كەوتەوە ‌و بووە هۆی سوتانی بەشێكی زۆری ئەو شارە، ڕۆژی 29ی كانونی دووەمی ساڵی 1952 (مەلیك فاروق)ی پاشای میسر كابینەی حكومەتەكەی (مستەفا نەحاس پاشا)ی هەڵوەشاندەوە.
-    ڕۆژی 29ی كانونی دووەمی ساڵی 1963، شێخ (عەبدوڵڵا سالم سوباح)ی میری كوەیت یەكەم پەرلەمانی وڵاتەكەیی كردەوە كە لە یەكەم هەڵبژاردنی گشتیدا لەلایەن جەماوەرەوە دەنگی پێدرابوو، ناویشی لێنرا (ئەنجومەنی ئوممەی كوەیت)ی.
-    ڕۆژی 29ی كانونی دووەمی ساڵی 1966، یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی بەرازیل (ڕۆماریۆ) لە دایك بووە كە لە ساڵی 1994دا كاریگەرییەكی زۆری هەبووە بۆ بردنەوەی جامی جیهانی لەلایەن هەڵبژاردەكەیەوە.
-    ڕۆژی 29ی كانونی دووەمی ساڵی 1987، كودەتایەكی سەربازیی لە دژی حكومەتەكەی (كۆرازۆن ئەكینۆ)ی سەرۆكی فلیپین لەلایەن ژمارەیەك ئەفسەری ئەو وڵاتەوە ئەنجامدرا ‌و بینای تەلەفزیۆن ‌و ڕادیۆی فلیپینیان كۆنترۆڵا كرد بەڵام هەوڵەكە شكستی هێنا ‌و كودەتاچییەكان دەستگیر كران.
-    ڕۆژی 29ی كانونی دووەمی ساڵی 1992، حكومەتی نییودلهی بە شێوەیەكی ڕەسمی ڕایگەیاند كە پەیوەندیی دبلۆماتی لە نێوان هیندستان ‌و ئیسرائیلدا دەست پێدەكات.
-    ڕۆژی 29ی كانونی دووەمی ساڵی 1993، سوپای بەعس هێرشی كردە سەر ناوچەی جەباری لە نزیك شاری كەركوك بەڵام هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە توندی بەرپەچی دایەوە ‌و هێرشەكەی تێكشكاند.
-    ڕۆژی 29ی كانونی دووەمی ساڵی 1997، شێخ (مەولانا سیراجەدین) یەكێك لە گەورە پیاوانی تەریقەتی نەقشبەندی ‌و برای شێخ (عوسمانی بیارە) لە شاری سنەی خۆرهەڵاتی كوردستان كۆچی دوایی كردووە.
-    ڕۆژی 29ی كانونی دووەمی ساڵی 2002، دوای هێرش ‌و هەڕەشەكانی بەرپرسانی توركیا بۆ سەر باشوری كوردستان (جۆج بوش)ی سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند ویلایەتە یەكگرتووەكان كار بۆ بەدیهێنانی ئازادیی ‌و دادپەروەریی دەكات لە جیهاندا ‌و ڕێگە بە هیچ دەسەڵات ‌و وڵاتێك نادات مافی نەتەوە ‌و كەمایەتییەكانی بەردەستیان پێشێل بكەن.
-    ڕۆژی 29ی كانونی دووەمی ساڵی 2005، دادگای هۆڵەندا (فرانس ڤان ئانرات)ی ئازاد كرد كە بە تۆمەتی فرۆشتنی چەكی كۆكوژ بە ڕژێمی بەعس دەستگیر كرابوو.
-    ڕۆژی 29ی كانونی دووەمی ساڵی 2005، وەزارەتی دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند دان بە هەڵبژاردنەكەی شاری كەركوكدا نانێن چونكە ئاوارە كوردەكان مافی دەنگدانیان پێدراوە، لە بەرامبەریشدا سەركردەی كورد (جەلال تاڵەبانی) بەرپرسانی ئەنكەرەی لەوە هۆشیار كردەوە ئەگەر دەست وەربداتە كاروباری كەركوك ئەوا كوردیش داوای دیاربەكر دەكات.
-    ڕۆژی 29ی كانونی دووەمی ساڵی 2008، كلكداری (تی یو 24) بە نزیك هەسارەی زەویدا تێپەڕی بەڵام هیچ كاریگەریی ‌و زیانێكی بۆ سەر زەوی دروست نەكرد.
-    ڕۆژی 29ی كانونی دووەمی ساڵی 2009، لە میانی كۆنگرەی ئابوریی داڤۆسدا دەمەقاڵێ‌ لە نێوان (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان)ی سەرۆك وەزیرانی توركیا ‌و (شیمۆن پیرێز)ی سەرۆكی ئیسرائیلدا ڕوویدا بە هۆی هێرشكردنە سەر كەرتی غەززە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەو هۆیەشەوە كێشەیەكی گەورە كەوتە پەیوەندییە دبلۆماتییەكانی نێوان ئیسرائیل ‌و توركیاوە.
-    ڕۆژی 29ی كانونی دووەمی ساڵی 2011، هەڵبژاردەی تۆپی پێی ژاپۆن پانزدەهەمین جامی نەتەوەكانی ئاسیای بردەوە كە لە قەتەر ساز كرابوو.  
-    ڕۆژی 29ی كانونی دووەمی ساڵی 2011، بە مەبەستی جێبەجێكردنی داواكاریی خۆپیشاندەرانی میسر (محەمەد حوسنی موبارەك)ی سەرۆكی میسر فەرمانیدا، (عومەر سلێمان)ی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری بكاتە جێگری سەرۆك كۆمار فەریق (ئەحمەد شەفیق)یشی ڕاسپارد بۆ پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت.
-    ڕۆژی 29ی كانونی دووەمی ساڵی 2011، سیاسەتمەدار ‌و نوسەر ‌و ئەدیبی ئوردنی (سالم جەریس نەحاس) لە تەمەنی 71 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە كە لە بواری سیاسەتدا كراوەتە ئەمینداری یەكەمی پارتی گەلی دیموكراتی ئوردنی لە بواری ئەدەبیشدا یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی ڕابیتەی نوسەرانی ئوردن.
-    ئەمڕۆ لە هەرێمی جبرلتار كە بە (جەبەل تارق) ناسراوە بە ڕۆژی دەستوور لە قەڵەم دەدرێت، لە میرنشینی كوەیتیش ئەمڕۆ یادی چوونە سەر كورسیی دەسەڵاتە لەلایەن میری ئەو وڵاتەوە.


هه‌واڵی زیاتر