بەدواداچوونى مامەڵەكەت

ژمارەى نوسراوى پارێزگا

پن كۆد

ڕۆژی 6ی شوبات


-    ڕۆژی 6ی شوباتی ساڵی 1258ی زایینی، هێزەكانی مەغۆل بە سەركردایەتیی (هۆلاكۆ) پاش تێكشكانی سوپای موسڵمانان چوونە ناو شاری بەغدادەوە ‌و داگیریان كرد، (موستەعسەم بیللا)ی خەلیفەی عەباسییەكانیشیان كوشت كە بەو هۆیەوە كۆتایی بە خەلافەتی عەباسی هات.
-    ڕۆژی 6ی شوباتی ساڵی 1685، (چارلزی دووەم)ی پاشای بەریتانیا كۆچی دوایی كردووە كە هەوڵی زۆری داوە بۆ بەهێزكردنی پێگەی بەریتانییەكان لە ئەوروپادا.
-    ڕۆژی 6ی شوباتی ساڵی 1778، هەریەكە لە ئەمریكا ‌و فەرەنسا هاوپەیمانێتییەكی سەربازییان مۆركرد ئەویش بە هۆی ئەو پشتیوانییەی كە فەرەنسا لە سیانزدە ویلایەتەكەی ئەمریكای دەكرد لە كاتی جەنگی سەربەخۆییدا لە دژی بەریتانیا.
-    ڕۆژی 6ی شوباتی ساڵی 1817، هێزەكانی سوپای ئەرجەنتین گەیشتنە ناوچەی ئەندیز بە مەبەستی ڕزگاركردنی چیلی لە دەستی هێزەكانی ئیسپانیا كە چیلییان داگیركردبوو.
-    ڕۆژی 6ی شوباتی ساڵی 1820، كۆمەڵەی كۆلۆنیالی ئەمریكی یەكەم كاروانی ڕەشپێستەكانی ڕەوانەی ئەفریقا كرد بە ئامانجی بنیاتنانی كۆلۆنیالییەك لە ئەفریقا كە دواتر بە وڵاتی لیبریا ناسرا، ئەوەش هەنگاوێك بوو بۆ گێڕانەوەی ئەو ڕەشپێستانەی كە لە سەردەمی كۆیلایەتیدا لە ئەفریقاوە برابوونە ئەمریكا ‌و بازرگانییان پێوەكرابوو.
-    ڕۆژی 6ی شوباتی ساڵی 1911، (ڕۆناڵد ڕیگن) چلهەمین سەرۆكی ئەمریكا لە دایك بووە بە بۆنەی جەژنی لە دایكبوونیشییەوە ڕۆژی 6ی شوباتی ساڵی 1996 ناوی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی واشنتۆن گۆڕدرا بۆ (فڕۆكەخانەی ڕۆناڵد ڕیگن).
-    ڕۆژی 6ی شوباتی ساڵی 1912، (ئیڤا براون)ی خۆشەویستی هێتلەر لە دایك بووە كە پاش دۆڕاندنی جەنگی دووەمی جیهانی لەلایەن ئەڵمانیاوە لەگەڵا هێتلەر پێكەوە خۆیان كوشت.
-    ڕۆژی 6ی شوباتی ساڵی 1919، (شەریف پاشای خەندان) گەیشتە فەرەنسا ‌و لەگەڵا (كلیمانسۆ) سەرۆكی كۆنگرەی ئاشتیی پاریسدا كۆبووەوە بە مەبەستی گفتوگۆكردن لە بارەی دۆزی ڕەوای گەلی كورد ‌و داخوازییەكانی خەڵكی باشوری كوردستان.
-    ڕۆژی 6ی شوباتی ساڵی 1922، پەیماننامەیەك لە نێوان (ئەمریكا، بەریتانیا، ژاپۆن، فەرەنسا ‌و ئیتاڵیا)دا مۆكرا كە ئامانج لێی سنورداركردنی خۆپڕچەككردنی دەریایی بوو.
-    دوای مردنی (جۆرجی شەشەم)ی پاشای بەریتانیا، ڕۆژی 6ی شوباتی ساڵی 1952، (ئەلیزابێسی دووەم) وەكو پاشای نوێی بەریتانیا دەستنیشان كرا.
-    ڕۆژی 6ی شوباتی ساڵی 1974، ژمارەیەك چەكداری فەڵەستینی هەڵیانكوتایە سەر باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە كوەیت ‌و لە ئەنجامدا باڵیۆز ‌و سەرجەم دبلۆماتكار ‌و كارمەندانی باڵیۆزخانەكەیان دەستبەسەر كرد.
-    ڕۆژی 6ی شوباتی ساڵی 1975، مێژوونوس ‌و كوردناسی هۆڵەندی (مارتن ڤان برۆنسن) گەیشتە باشوری كوردستان بە مەبەستی لێكۆڵینەوە ‌و كۆكردنەوەی زانیاریی لە بارەی گەلی كوردەوە.
-    ڕۆژی 6ی شوباتی ساڵی 1983، نۆزدە حزب ‌و ڕێكخراوی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لە شاری تەرابلوسی پایتەختی لیبیا كۆبوونەوە ‌و تێیدا پەیماننامەیەكی نیشتمانییان ڕاگەیاند بۆ كاركردنی پێكەوەیی لە دژی سیاسەتەكانی ڕژێمی بەعس.
-    ڕۆژی 6ی شوباتی ساڵی 1997، كۆبوونەوەیەكی گەورە لە نێوان (كۆنگرەی گەلی كوردستان ‌و كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان ‌و كۆنگرەی نیشتمانیی كوردستان)دا لە ئەوروپا سازكرا بە مەبەستی یەكخستنی هەرسێ‌ ڕێكخراوەكە سەرئەنجام ئەو سێ‌ لایەنە ڕێكخراوێكی نوێیان پێكهێنا بە ناوی (كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان).
-    ڕۆژی 6ی شوباتی ساڵی 2004، چەكدارە جوداییخوازەكانی چیچان هێرشێكی خۆكوژییان لە ناو میترۆی شاری مۆسكۆدا ئەنجامدا كە بە هۆیەوە دەیان كەس كوژران ‌و زیاتر لە 150 كەسی دیكەش بریندار بوون.
-    ڕۆژی 6ی شوباتی ساڵی 2006، بەڵگەنامەیەكی لێكتێگەیشتن لە نێوان حزبوڵای لوبنانی ‌و ڕەوتی نیشتمانیی ئازاددا مۆر كرا بە مەبەستی كۆتاییهێنان بە بارگرژییەكانی نێوانیان بەڵگەنامەكەش لەلایەن (حەسەن نەسروڵڵا ‌و میشال عەون)ەوە واژۆی لەسەر كرا.
-    ڕۆژی 6ی شوباتی ساڵی 2009، دادگای پاكستان سزای مانەوەی زۆرەملێی بە سەر ئەندازیار (عەبدولقەدیر خان)دا سەپاند كە بە ئەندازیاری بۆمبی ئەتۆمیی پاكستانی لە قەڵەم دەدرێت.
-    ڕۆژی 6ی شوباتی ساڵی 2011، ئەدیب ‌و نوسەر ‌و شاعیری ناوداری فەرەنسی خاتوو (ئەندرییە شەدید) لە تەمەنی 89 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە كە لە بنەماڵەیەكی مەسیحییە ‌و بە ڕەگەز میسرییە ‌و چەندین بەرهەمی گرنگی لە دوای خۆی بەجێهێشتوە.
-    ڕۆژی 6ی شوباتی ساڵی 2011، هونەرمەند ‌و گۆرانیبێژ ‌و میوزیكژەنی بەریتانی (گاری مۆر) لە تەمەنی 59 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە كە یەكێك بووە لەو هونەرمەندانەی هەردوو میوزیكی هارد ڕۆك ‌و بلوزی تێكەڵا كردووە.
-    ڕۆژی 6ی شوباتی ساڵی 2012، شاژنە (ئەلیزابێسی دووەم)ی فەرمانڕەوای بەریتانیا یادی یۆبێلی ئەڵماسیی خۆی كردەوە بە هۆی تێپەڕبوونی شەست ساڵا بە سەر چوونە سەر كورسیی دەسەڵات ‌و گرتنە دەستی حوكمی وڵاتانی كۆمۆنوێڵس.
-    ئەمڕۆ بە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەكردنی مێینە لە قەڵەم دەدرێت كە تێیدا چەندین كۆڕ ‌و سیمینار بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵك لەو دیاردە ناشارستانییە ساز دەكرێت لە هەمان كاتیشدا داتا ‌و ئامار لە بارەی ئەو ناوچانەوە دەخرێتە ڕوو كە تا ئێستا ئەو بابەتەیان تێدا ماوە، ئەم ڕۆژەش لەلایەن ڕێكخراوی یونیسێفەوە سەرپەرشتیی دەكرێت، هەر ئەمڕۆش لە نیوزلەندا بە ڕۆژی نیشتمانیی لە قەڵەم دەدرێت، لە فینلەندا ‌و وڵاتانی ئەسكەندەنافیاش بە ڕۆژی باڵای نیشتمانیی ئەژمار دەكرێت.


هه‌واڵی زیاتر